رووداو دیجیتاڵ
لە میانی یارییەکانی گەڕی 28ـی پرێمەرلیگ، یانەی لیڤەرپوول لە یاریگەی ئانفیڵد میوانداری مانچێستەر سیتیی کرد و یارییەکە بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک کۆتایی هات.
هەردوو یانە هەر لەگەڵ دەستپێکی یارییەکەدا هێرشەکانیان دەستپێکرد، تاوەکو لە خولەکی 23، جۆن ستۆنس بە ئاسیستی کێڤن دی برۆین، گۆڵی یەکەمی یارییەکەی تۆمارکرد و مانچێستەر سیتی پێشخست، گێمی یەکەم بەو تاکە گۆڵە کۆتایی هات.
لە گێمی دووەمدا، لیڤەرپوول چەندین هەلی مەترسیداری گۆڵتۆمارکردنی درووستکرد، بەڵام لە یەکسانکردنەوە ئەنجامەکە سەرکەوتوو نەبوون، تاوەکو لە خولەکی 50، ئێدێرسۆنی گۆڵپارێزی مانچێستەر سیتی لە نێو هێڵی سزای یانەکەیدا، لە داروین نونێزی هێرشبەری لیڤەرپوولیدا و ناوبژیوان لێدانی سزای لە بەرژەوەندی رێدز هەژمارکرد، ماک ئالیستەر بە سەرکەوتوویی لێدانەکەی جێبەجێ کرد و ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە.
هەردوو یانە، بەتایبەتی لیڤەرپوول لە درووستکردنی دەرفەتی گۆڵتۆمارکردن بەردەوامبوون، بەڵام هیچ لایەکیان نەیانتوانی گۆڵی تیپی بەرامبەر بهەژێنن و یارییەکە بە یەکسانبوون کۆتایی هات.
سوودمەندی یەکەمی ئەم یەکسانبوونە یانەی ئارسیناڵە، کە دوێنی یارییەکەی خۆی بەرامبەر برێنتفۆرد بردەوە و ئێستا بە جیاوازی گۆڵ لەگەڵ لیڤەرپوول پێشەنگی ریزبەندی پرێمەرلیگی گرتووە، مانچێستەر سیتیش لە پلەی سێیەم دێت، خاڵێک لەوانەوە دوورە و خاوەنی 63 خاڵە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ