رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا چاودێریکردن و بەدواداچوونی خۆی بۆ ئاستی گۆستاڤۆ ڤارێلای هێرشبەری پۆرتوگالی چڕکردووەتەوە، لەپێناو گرێبەستکردن لەگەڵیدا.
ڤارێلای هێرشبەری مۆنزای ئیتاڵی، بەیەکێک لە بەهرەمەندە درەوشاوەکانی ئێستای جیهان دادەنرێت، پاشئەوەی ئاستێکی ناوازەی لەگەڵ یانەکەی لە وەرزی ئەمساڵدا پێشاندا و بووە جێگای سەرنجی چەندین یانەی گەورەی ئەورووپا.
بارسێلۆنا دیارترین یانەیە کە بەدواداچوون بۆ گەشەکردن و دۆخی ئەو هێرشبەرە دەکات کە تەمەنی 21 ساڵە و لە خولی ئیتاڵیا هێزێکی زۆری پێشانداوە.
تۆڕی 'سکای سپۆرت ئیتاڵیا' ئاشکرایکردووە، بەهرەدۆزەرەوەکانی بارسێلۆنا بەتایبەت چوونەتە یاریی نێوان مۆنزا و فیۆرێنتینا، لە نزیکەوە ئەویان بینیووە پاشئەوەی ئەو لە یارییەکەدا دوو گۆڵی تۆمارکرد.
گۆڵی دووەمی ئەو هێرشبەرە لەو یارییەدا، زۆر سەرنجڕاکێش بوو، پاشئەوەی بەپاژنەی پێی و بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش تۆماریکرد، ئەو گۆڵە دووپاتیکردەوە هێرشبەرەکە توانایەکی سەرسوڕهێنەری لە گۆڕینی هەلەکان، بۆ گۆڵ هەیە.
هێرشبەرە پۆرتوگالییەکە، تاوەکو ئێستا خاوەنی 11 گۆڵە لە 11 یاری لە خولی ئیتاڵیا و لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا، 13 گۆڵی لە 12 یاریدا تۆمارکردووە.
لە لیستی گۆڵکەرانی ئەمساڵی خولی ئیتاڵیادا، تەنیا دونیێل مالینی هێرشبەری رۆما، لە ڤارێلا گۆڵی زیاتری تۆمارکردووە.
تۆڕە هەواڵییە ئیتاڵییەکە دەڵێ، بارسا تاکە یانە نییە چاودێری ئەو هێرشبەرە دەکات، بەڵکو ئینتەر ماوەیەکی بەرچاوە سەرقاڵی هەمان کارە، ناپۆلیش پەیوەندیی سەرەتایی لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانی ئەنجامداوە.
هەریەکە لە یوڤێنتوس و ئارسیناڵیش هەمان هەنگاویان ناوە و تاوەکو دێ، بایەخی یانە گەورەکان بەو یاریزانە، زیاتر دەبێت.
سکای سپۆرت ئیتاڵیا، دەڵێ، هەفتەی داهاتوو بەڕێوەبەری کارەکانی ئەو یاریزانە دەچێتە ئیتاڵیا، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی یانەی مۆنزا، لەپێناو گفتوگۆکردن لەسەر داهاتووی ئەو یاریزانە، کە لەماوەی چەند مانگێکی کەمدا، بەهای بازاڕیی زۆر بەرزبووەتەوە.
رۆژنامەی 'ئابۆلا'ی پۆرتوگالی لای خۆیەوە ئاشکرایکردووە، پیدریۆ ئۆبیانگی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی مۆنزا، دانیبەوەداناوە کە هێرشبەرە پۆرتوگالییەکە، چەندین دەستەوارەی پێگەیشتووە.
مۆنزا هاوینی رابردوو، بەتەنیا 2 ملیۆن یۆرۆ، ئەو یاریزانەی لە بێنفیکاوە هێنایە ریزەکانی، ئێستا یانەکە داوای بڕە پارەیەک لە نیوان 25 تاوەکو 30 ملیۆن یۆرۆ دەکات بۆ فرۆشتنەوەی.
سەرجەم سەرچاوەکان کۆکن لەسەرئەوەی کە بارسا لە بازاڕی گواستنەوەدا، بەدوای هێرشبەرێکی لاودا دەگەڕێت، کە هەستی گۆڵکردنی باش بێت و توانای گەشەکردنی هەبێت و ئەو تایبەتمەندییانەش، لە ڤارێلادا هەن.




