رووداو دیجیتاڵ
چوار ئەستێرەی گەورە، سەردانی جەمال موسیالای هێرشبەری بایرن میونشنی ئەڵمانییان کردووە لە نەخۆشخانە، وەک پشتگیری و دڵنەواییەک بۆ ئەو یاریزانە لاوە، کە لە نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا چاودێری دەکرێت، لە چاوەڕوانی دوایین پشکنینە پزیشکییەکان، لەبارەی دۆخی تەندروستی ئەو یاریزانەوە.
دۆخی بەهرەمەندە لاوەکەی بایرن میونشن، بووەتە دۆسێیەکی جیهانی، پاشئەوەی چەند جارێک لە یاریگادا بوورایەوە و ناچاربوون بەشێوەیەکی کاتی واز لە یارییکردن بهێنێت، بەهۆی تێکچوونی مێشکییەوە.
موسیالا بەهۆی تێکچوونی سیستمی کارەباییاتی مێشکی، ناوە ناوە لە هۆشخۆی دەچێت.
دوای دووجار دووبارەبوونەوەی ئەو لەهۆشخۆچوونانە، هەروەها دەستنیشاننەکردنی وردی دۆخی یاریزانەکە، ئەو بڕیاریدا بەشێوەیەکی کاتی واز لە یارییکردن بهێنێت، ئەو بڕیارە سۆز و کاردانەوەی گەورەی لەلایەن یاریزانانەوە بەدواداهات، بەتایبەت کە موسیالا هێشتا تەمەنی زۆر کەمە.
رۆژنامەی 'بیڵد'ی ئەڵمانی ئاشکرایکردووە، گۆڕینی بەشێک لە دەرمانەکان، بووەتە هۆکاری دووبارەبوونەوەی لەهۆشخۆچوونەکانی ئەو یاریزانە، ئەوەش کاریگەریی لەسەر ئاستی ئەو لە یاریگادا دروستکردوە، ئاستی پاشەکشەی کردووە و کارگێڕیی بایرن میونشنیش لای خۆیەوە گوشاری زۆری لێدەکات، بۆ کەمکردنەوەی مووچەکەی.
رادیۆی 'کادینا سێر' دەڵێ، موسیالا هەست بەگوشاری زۆر گەورە دەکات، ئەوەش بەهۆی ئەو مشتومڕەی بەرپرسانی یانەکەی لەبارەی داهاتووی ئەو و گرێبەستەکەیەوە وروژاندوویانە، ئەگەرچی ئەو ئێستا دۆخی تەندروستی باش نییە و بیرکردنەوەی هەمووی لای چاکبوونەوە و چارەسەرە، بەبێئەوەی بیر لە داهاتووی یارییکردنی بکاتەوە.
ئەو رادیۆیە ئاشکرایکردووە، لە چەند رۆژی رابردوودا، هەریەکە لە ئێرلینگ هالاند، هۆگۆ ئیکیتیکێ، مایکڵ ئۆلیسێ و جود بێلینگهام، لە نەخۆشخانە سەردانی موسیالایان کردووە و دڵنەواییان داوەتەوە و پشگیرییان کردووە، لە کاروانی چارەسەر وەرگرتن و چاکبوونەوە لە نەخۆشییەکەی.
سەردانی ئەو ئەستێرانە بەتایبەت بۆ لای موسیالا و بەسەربردنی کات لەگەڵیدا، کاریگەریی گەورەی لەسەر دەروونی یاریزانەکە دروستکردووە.
باسوخواسی پەیوەست بەداهاتووی جەمال موسیالا لەگەڵ یانەی بایرن میونشن، کاردانەوەی گەورەی بەدواداهات، پاشئەوەی ژمارەیەک بەرپرسی بایرن میونشن، لە میدیاکانەوە باسی نەخۆشییەکەی ئەویانکرد و دووپاتیانکردەوە، ئومێدیان بەچاکبوونەوەی نییە.
ئەو بەرپرسانەی یانە باڤارییەکە، ئەوەشیان خستووەتەڕوو، کە ئەگەر موسیالا لە یارییکردن بەردەوام بێت، ناتوانن هەمان مووچەی بدەنێ و دەبێ دەست لە بەشێک لە مووچەکەی هەڵبگرێت.
فیدراسیۆنی یاریزانە پیشەگەرەکانی ئەورووپا (فیفپڕۆ)، لە بڵاوکراوەیەکدا رەخنەی تووندی لە بەرپرسانی بایرن میونشن گرت و دووپاتیکردەوە، نابێ دۆخی تەندروستی ئەو یاریزانە و باسوخواس لەسەر داهاتووی، لە میدیاکانەوە بوروژێنرێت.
لە کاتێکدا بەرپرسانی بایرن میونشن سوورن لەسەر باسکردن و دووپاتکردنەوەی ئەوەی کە ئیدی مووچەی تەواوی ئەو یاریزانە نادەن، هاوڕێکانی ئەو یاریزانە پشتگیرییەکی بەرچاوی دەکەن و سۆزی زۆریان بۆ دەربڕیوە.




