رووداو دیجیتاڵ
لە یارییەکی لووتکە و سەرنجڕاکێشی چامپیۆنزلیگدا، یانەی مانچێستەر سیتی دەیەوێت دۆخی خۆی لە ریزبەنددا باشتر بکات، کاتێک بەرامبەر یانەی ناپۆلی ئیتاڵی یاریی دەکات.
لە رکابەرییەکانی گەڕی پێنجەمی قۆناخی یەکەمی چامپیۆنزلیگ، کاژێر 23:00 مانچێستەر سیتی لەنێو یاریگا و هاندەرانیدا رووبەڕووی یانەی ناپۆلی دەبێتەوە و دەیەوێت رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش بکات، بۆ ئەوەی لە رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی دووەم بەردەوامبێت.
رۆژی دووشەممە تیپەکە دوایین ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامدا، تیپەکە دوای ئەوەی لە یاریی رابردووی پرێمەرلیگدا نەیتوانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، دەیەوێت سوود لە یاریگا و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی ئەورووپا بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات.
جگە لە ئانتوان سێمێنیۆ کە پێکانی هەیە، هەموو یاریزانەکانی دیکەی مانچێستەر سیتی بۆ یارییەکە ئامادەن.
مانچێستەر سیتی لە دوایین سێ یارییدا لە یاریگای خۆی سەرکەوتنی بەدەستنەهێناوە، بەڵام لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا لە چوار یارییدا 12 گۆڵی کردووە.
مانچێستەر سیتی پێنج یاریی بەرامبەر ناپۆلی کردووە، لە دوایین سێ یارییدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
یانەی ناپۆلی بەبێ ئامادەبوونی هەشت یاریزانی دەچێتە ئیتیحاد و رووبەڕووی مانچێستەر سیتی دەبێتەوە، بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی سێ خاڵی دیکە لەسەر ئاستی ئەورووپا.
کیڤن دیبرۆین، دەگەڕێتەوە ئەو یاریگایەی 10 ساڵ تێیدا یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی مانچێستەر سیتی بوو و 14 نازناوی لەگەڵ ئەو یانەیە بردەوە، بەڵام ئەمجارە رکابەریی یانەی پێشووی دەکات.
ناپۆلی سێ جار لە یاریگای مانچێستەر سیتی یارییکردووە، هەرگیز سەرکەوتنی بەدەستنەهێناوە و بەگشتی یەکجار لە یانە ئینگلیزییەکەی بردووەتەوە، لەم وەرزەشدا لەسەر ئاستی ناوخۆ و ئەورووپا لە دۆخێکی باشدا نییە.
تیپەکە تەنیا یەک یاریی لە چامپیۆنزلیگدا بردووەتەوە، لە دوایین 7 یارییدا لە دەرەوەی یاریگای خۆی 5 جار دۆڕاوە و نەیتوانیووە گۆڵەکەی بە خاوێنی رابگرێت.
ناپۆلی لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا دوو یاریی لە دەرەوەی یاریگای خۆی کردووە، هەردوو یارییەکەی دۆڕاندووە و 7 گۆڵی لێکراوە.
بەهێزترین چەکی پارتێنۆپێ، ئاستبەرزیی سکۆت ماکتۆمینایە، لەکاتێکدا ئەو یەکەم یاریزانی هێڵی ناوەڕاستە لە سێ وەرزی رابردوودا توانیبێتی 25 گۆڵ یان زیاتر تۆماربکات.




