كۆچیرۆكی جەلیل کاکەوەیس چاپ و بڵاوکرایەوە

25-01-2019
بژار حەکیم
نیشانەکردن جەلیل کاکەوەیس
A+ A-

نووسەر و چیرۆکنووسی ناسراوی کورد جەلیل کاکەوەیس کۆچیرۆکەکانی بەناوی "راوەسێبەر" بڵاوکردەوە. خۆی لەبارەی کتێبەکەوە دەڵێت: ئەمە خۆشەویستترین کتێبە بەلای منەوە.

ئەم كتێبە پێكهاتووە لە 302 لاپەڕە و سەرجەم چیرۆکەکانی جەلیل کاکەوەیس لەخۆدەگرێ کە شەست و یەک چیرۆکن و وەزارەتی رۆشنبیری بە هاوكاریی دەزگای موكریان چاپی كردووە.

جەلیل كاكەوەیس لەبارەی کتێبەکەیەوە دەڵێ: ئەمە خۆشەویستترین كتێبە بەلای منەوە، چونكە سەرجەم چیرۆكەكانم لەم كتێبەدا كۆبوونەتەوە، ئەم چیرۆكانە وەكو منداڵی من وان، لە هەوڵدام بۆ كۆمەڵە چیرۆكی داهاتوو كار بكەم.

جەلیل كاكەوەیس دەشڵێ، چیرۆكەكانی نێو ئەم كتێبە بەپێی ساڵی نووسینیان ڕیزبەند كراون، زۆربەی چیرۆكەكان لێرە و لەوێ بەشێوەی جیاجیا بڵاوبوونەتەوە، یەكخستن و كۆكردنەوەیان لەم كتێبەدا گرنگییەكی زۆری هەبوو بۆ ئەو كەسانەی كە خوێنەری چیرۆكن.

جەلیل كاكەوەیس ساڵی 1948 لە كەركووك لەدایک بووە، لە زانكۆی بەغدا زمان و ئەدەبی كوردیی خوێندووە و سەرەتای چیرۆكنووسینی دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی حەفتاكانی سەدەی پێشوو.

لە بواری وەرگێڕانیشدا خاوەنی ئەم كتێبانەیە: رۆمانی بەدگۆڕان (فرانتز كافكا) ، كورد لە سەدەی حەوتەمەوە تا سەدەی دەیەمی زایینی (ئارشاك پۆڵادیان)، باخچەی بەردین (نیكۆس كازانتزاكیس)، رۆمانی رۆژەكە لە سەدەیەك درێژتر دەبێتەوە (جەنگیز ئەیتماتۆڤ)، هەڵبژاردەیەك لە چیرۆكی عەرەبی و جیهانی بەناوی (خڵتەی دنیا)، رۆمانی شلۆمۆ كوردە و من و رۆژگار (سەمیر نەقاش)، رۆمانی ئاهەنگی تەگەكە (ماریۆ بارگاس یۆسا) ، رۆمانی چل رێساكەی عەشق (ئەلیف شەفەق) ، رۆمانی دەریاچە (یاسۆناری كاواباتا)، رۆمانی خەم و جوانی (یاسۆناری كاواباتا)، سۆفیگەرێتی (نیكۆس كازانتزاكیس).

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە