ئەو شیعرانەی خۆشمدەوێن

23-08-2019
ئەنوەر عەباسی
نیشانەکردن شیعر
A+ A-

شیعر بە کەڵکی چی دێ؟ ئەم پرسیارە زۆر جاران لە خۆمی دەکەم و ئەگەرچی بۆ خۆم یەک دوو وەڵامی پتەوم هەیە کە خۆم ڕازی دەکا، بەڵام هەرجار کە ئەم پرسیارە لە خۆم دەکەم و لێی قووڵ دەبمەوە، وەڵامێکی تازەترم دەستدەکەوێ کە ڕەنگە بە پتەویی ئەوانەی سەرەتا نەبن، بەڵام جۆرێک ئەفسوونی ڕاستاندنی* تێدایە کە پێمدەڵێ خەریکی بەڕێگایەکی دروستدا هەنگاو دەنێی. حەز دەکەم لەمە بەدوا بە جێگای شیعر وشەی ''هۆنراوە'' بەكاربهێنم (خۆزگا هۆنراو بووایە). هۆنراوە زۆرتر لە بنەمای واتای سەرەکی شیعر نزیکە. وشەی POEM یش لە زمانی لاتیندا هەر بە واتای ''شتێکی سازکراو و ڕێکخراو'' دێت. وەکوو هۆنراوە. هۆنراوەیش بە شتێک دەگوترێ کە هۆنرابێتەوە. واتە رێکخرابێ و ساز کرابێ و یەکخرابێ. وەک چۆن قژ دەهۆنینەوە. ڕەنگە بەشێکی زۆری ئەم خۆشەویستییەم بۆ وشەی هۆنراوە لەوەوە بێت کە بە هیچ شێوەیەک حەز ناکەم بابەتی ''فۆڕم'' لە شیعردا بە کەم بگرم. وشەی شیعر هیچ پێداگرییەک لەسەر فۆڕمی تێدا نییە، بەڵام هۆنراوە با. هەر کاتێک وشەی هۆنراوە بەکاردێنم هەست دەکەم باسی دیوارێکی بەرزتر دەکەم کە هەموو کەس بە ئاسانی ناتوانێ پێیدا هەڵگەڕێ و خۆی پێدا هەڵواسێ. وشەکان... هەموو شت لە زماندا ڕوودەدا و زمان لە وشە هێز دەگرێ. هۆنراوەی ''ناوی بچووکم بیانییە''ی کاک ''عەتا جەماڵی'' یەکێک لەو هۆنراوانەیە کە بە شێوەی داڕشتنی و دەرهاویشتەی کارلێکی ڕستەکانی لەگەڵ یەکتری و زمانی ساکار و بێ گرێ و گۆڵی خۆی، جارێکیتر بیرم دێنێتەوە کە شیعر بە کەڵکی چی دێ.

ئەم شیعرە دەربڕینی ژان و ئازارێکی ئەزموونکراوە، بەڵام نەک ئەزموونکراوێکی ڕابردوو و تەواو بوو، بەڵکوو دۆخێکی هەبوو تا نادیار بەردەوام وێنا دەکا. ئەم کارە بە وشە دەکرێ. واتە بۆ ئەوەی دۆخێکی ئاوا وێنا بکرێ هۆنەر ناوی دۆخەکە لەسەر خۆی دەنێ. ناوی بچووکی دەبێ بیانی. چ شتێک دەتوانێ لەناو بۆ تاک ئەزەلی و ئەبەدیتر بێ؟ ناو دۆخێکە کە باس لە هەبوونی مرۆڤ دەکا، دەلالەتی لەسەر دەکا و مرۆڤ هەتا دەمرێ و تەنانەت لە پاش مردنیشی مەدلولی ناوەکەیەتی. ناوێک کە ڕۆژێک بۆی هەڵبژێردراوە، دۆخێک کە ڕۆژێک بۆی خولقاوە و هەتا نادیار بەردەوامە. بیانیبوون دۆخە و هەموو دۆخێک لە کاتێکدا دەخولقێ. هۆنەر بە وتنی ئەوەی کە ناوی بچووکم بیانییە ئاماژەیەکی وردیش بەوە دەکا کە لەوەتەی بیرم دێ و ڕەنگە پێش ئەوەیشی کە بتوانم وەبیری خۆمی بهێنمەوە بیانی بووم، هەر وەک چۆن کەس وەبیری نایە کەی ناوی نراوە و لەوەتەی وەبیری دێ ئەمە ناوی بووە. 

لە پاش ئەم ناونیشاندان و دیاریکردنی دۆخە هۆنەر ئاراستەکە ڕوونتر دەکاتەوە. ئەم شێوازی هۆنینەوە کە هۆنەر لە ڕستەی یەکەمدا دۆخ دەخولقێنێ یان ئاشکرای دەکا و بە واتایەکیتر زەمینەیەک ئامادە دەکا کە هۆنراوەکەی لەسەر بچنێ، ئەگەر بە باشی بکرێ دەتوانێ ببێ بە هۆکارێکی زۆر گرینگی سەرکەوتووبوونی هۆنراوەکە. واتە کاتێک کە هەر سەرەتا زەمینە لە پێش چاوی بەردەنگ دادەنرێ و دەتوانێ بیبینێ، ئیتر لە درێژەی هۆنراوەکەدا هەست بە پەرتەوازەیی واتا و لاق لە حەوا بوونی وشەکان و دەلالەتەکانیان و خودی خۆی لە نێو هۆنراوەکەدا ناکات. وەک باس کرا، هۆنەر لەم هۆنراوەدا زۆر بە باشی ئەم زەمینەسازییەی لە کار دەرهێناوە. لە دوو سێ ڕستەی دوای ئەوەدا هۆنەر کە لە زەمینەسازییەکەی خۆی دڵنیایە، تەنزێکی تاڵ دێنێتە نێو زمانییەوە کە بە بەرانبەرسازیی لە نێوان پێستی ڕەش و سەری ڕەشدا دەستپێدەکا و بە بڕوخێنم و بکوژم و بدزم و ... وێنایەک ساز دەکا کە لەودا واتایەکی تازە بە بیانیبوون دەدرێ. ئەو واتایەی کە لەلایەکەوە لە لایەن ئەویدییەوە دەبەخشرێ و نێگەتیڤە و لە لایەکی دیکەوە خۆی بە خاوەنی ماف دەزانێ کە وابێت و پۆزتیڤە. هۆنەر لێرەدا کایەیەک بە مێشکی بەردەنگ دەکات و بە قەستی ڕوونی ناکاتەوە کە کام باری واتایی مەبەستە هەتا خودی بەردەنگ ئەو بڕیارە بدات و یەکێکیان یان هەردووکیان بۆ خۆی هەڵبگرێ. لە ڕاستیدا هەر ئەم دڕدۆنگی سازکردنە بۆ بەردەنگ یارمەتی هۆنراوەکە دەدات کە دۆخی ناجێگیر و وێڵ و موعەلەقی بیانییەکی سەرڕەش لە ئەوروپای کاڵدا دووبارە ساز بکاتەوە. واتە هۆنەر بەردەنگ دەخاتە دۆخی دڕدۆنگییەوە کە بەردەنگ بتوانێ لەگەڵ دڕدۆنگیی ''بیانی''دا وەکخۆزانی* بکات.

ناوی بچووکم بیانییە
بیانی
کە تەنانەت ئەگەر پێستیشم ڕەش نەبێ
سەرم ئەوەندە ڕەش هەیە کە بڕوخێنم
بکوژم
تێکدەم
بدزم
درۆ بکەم
سووک بم
ئەوەندە بچووک بم کە پێویست بکات فێر بم...
هیچ ماشینێک لە چرای سەوز بەبێ داوای لێبوردنێک ناتوانێ پانم کاتەوە.
ناوی بچووکم بیانییە
خۆراکی گەورەی هەڵبژاردنی مافیاکان بۆ سەر کورسی دەسەڵاتی سوسیالدێمۆکرات
کە وەک کەروێشکی چۆک شکاو
بە ناچاری دەبێ دەماری ژیانم لە ددانی ڕێوییە مێهرەبانەکە بسوێم.
ناوی بچووکم بیانییە
کەڵکەڵەی گەورەی من نەنووستنە لە ترسی وەخەبەرنەهاتن
بۆ ئەوەی ڕۆبۆتێکی زەردەڵەی چاوشین لێم ورد بێتەوە و پێم بڵێ:
دەشیا تۆزێک کاڵتر بوایەی.
ناوی بچووکم بیانییە
ترپەی جار بەجاری دڵی ئەوانەی کە بۆ تاقیکردنەوەی گەڕی ئاسایی خوێن لە دڵەوە بۆ دەماخیان
بەپێشنیاری پزیشک
گوێ بۆ ژانی غەریبایەتیم هەڵدەخەن.
ناوی گەورەم بەڵام
ناوی گەورەم بەڵام کوردستانە
کە نە دەمرێ و نە دەکەوێ و نە قەت بچووک دەبێتەوە.
بە ناوی گەورەمەوە بانگم کە کاولی 
بەو هەموو غەریبییەوە هێشتا لەسەر پێم.

لە درێژەدا و هەتا پێش دیاریکردنی ناوی گەورەی خۆی، هۆنەر رستە لە دوای ڕستە و وشە لە دوای وشە هەوڵ دەدا بە وردییەکی زیاترەوە بارودۆخێکی کە تێیدایە دەستنیشان بکات، هەتا هێندە ورد دەبێتەوە، تەنانەت ئەو نهێنییە لە قاو دەدا کە بۆچی هێندەکان ''گوێ بۆ ژانی غەریبایەتیم هەڵدەخەن''. لەم دێڕەی کۆتاییدا بچووککرانەوە و سووککرانێک کە ''بیانی'' تووشی هاتووە، بە ئاشکراترین شێوە بەیانکراوە و هاواری بێدەرەتانیمان دەگاتە گوێ. ئێستا کاتی ڕابوونەوەیەکە کە ئەو قەتیسماوییە وا خەریکە ئیتر بۆگەن دەکا هەڵتەکێنێ و بەردەنگ تووشی شۆکێکی بچووک بکات و لە ناکاو هۆنەر ناوی گەورەی خۆی ئاشکرا دەکات کە هیوایەکە و لە دڵدا و ئامانجێکە لە بێئامانجیدا و هۆکارێکە بۆ درێژەدان بە ژیان: ناوی گەورەم بەڵام کوردستانە کە نە دەمرێ و نە دەکەوێ و نە قەت بچووک دەبێتەوە. کۆنتراستێک کە لە پاش ئەم دەربڕینە ساز دەبێ، هۆنراوەکە لە یەکڕیتمی دەردێنێ و باڵی پێدەگرێتەوە. باڵگرتنەوەیەکی حیماسی کە بە هیچ شێوەیەک لە سنووری دروشمیش نزیک نابێتەوە. بە پێچەوانەوە هێندە ئاسایی دەنوێنێ کە لە پاش خوێندنەوەی ئەم ڕستەیە، بەردەنگ بە خۆی دەڵێ: هەر دەمزانی ئێستا ئاوای لێدێ. لە کاتێکدا کە نەیدەزانی بەڵام هێندە کارەکە بە دروستی کراوە، قەت بەردەنگ ناتوانێ بیر لەوە بکاتەوە کە دەکرا جۆرێکی دیکە با... 

ئێستا هۆنەر لە کۆتایی نزیک بووەتەوە و دەبێ هەسپە باڵدارەکەی خەیاڵی بە جوانی بنیشێنێتەوە. بە چی؟ بە ئەوین. ئەوین کە هێور دەکاتەوە. ئەوین کە ئارامی دەبەخشێ. بە هێنانە نێوی کاولییەوە. کاولی ناوێکە کە هۆنەر لە کۆمەڵێک شیعریدا بەکاری هێناوە. ناوێکی پڕنهێنی بە بارێکی واتایی خەمناکەوە. ناوێکی کەیل. هۆنەر خۆی دەبێ بە هۆنراوەکەی، خۆی دەبێ بە هەسپە باڵدارەکەی و ڕوو بە کاولی دەڵێ بانگم بکە با بێمەوە لات، بەڵام بە ناوە بچووکەکەم نا، بە ناوە سووکەکەم نا، بە ناوی گەورەم بەو ناوەی کە هیوام پێدەبەخشێ بانگم بکە با بێم بۆ لات. بەو ناوە بانگم بکە کە هۆکاری نەکەوتنمە لەم غەریبییە.

هەموو ئەمانە بە شیعر نەبێ بە چی دەکرێ؟

......

ڕاستاندن: پشتڕاستکردنەوە، تەئید
وەکخۆزانی: دۆخێک کە لەودا مرۆڤ دەتوانێ خۆی لە جێگای کەسێکیتر دابنێ و هەست بە ئازار و خەم و خۆشی و ناخۆشیی ئەویتر بکات. همزاتپنداری. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرگی کتێبەکە

عەبدولستار مەجید چیرۆکی ئەو باوکە دەگێڕێتەوە کە لە شەڕی بزووتنەوە و یەکێتی دا چووە سەر تەرمی کوڕەکەی

عەبدولستار مەجید، کتێبێک لەبارەی ژیانی کۆمەڵایەتی، پێشمەرگایەتی و سیاسیی خۆی چاپ و بڵاو دەکاتەوە. لە بەشێکی کتێبەکەدا بەناوی "دیمەنێکی جەرگبڕ" چیرۆکی باوکێکی یەکێتی دەگێڕێتەوە کە لە شەڕی نێوان بزووتنەوەی ئیسلامی و یەکێتی دا چووەتە سەر تەرمی کوڕەکەی، کە پێشمەرگەی بزووتنەوە بووە.