وتارێکی جۆرج ئۆروێڵ دوای حەفتا ساڵ بڵاودەکرێتەوە

22-02-2019
بژار حەکیم
نیشانەکردن جۆرج ئۆروێڵ
A+ A-

دوای تێپەڕبوونی حەفتا ساڵ، ئەنجوومەنی کولتووری بەریتانیا بەهۆی رەتکردنەوەی بابەتێک داوای لێبووردن لە جۆرج ئۆروێڵ دەکات. ئەنجوومەنەکە دەڵێن بابەتەکەی ئۆروێل و داوای لێبووردنەکە پێکەوە چاپ دەکەین.

ئەنجوومەنی کولتووری بەریتانیا بەهۆی رەتکردنەوەی بابەتێک داوای لێبووردن لە جۆرج ئۆروێڵ ، نووسەری ناسراوی بەریتانی دەکات، ئەوەش دوای حەفتا ساڵ لە رووداوەکە.

ئەنجوومەنی کولتووری بەریتانیا رایگەیاند، حەفتا ساڵ پێش ئێستا جۆرج ئۆروێڵ نووسەری بەناوبانگ و خاوەنی رۆمانی مەزرای ئاژەڵان وتارێکی لەژێر ناونیشانی ( لە بەرگریی چێشتلێنەری بەریتانیدا) لە ساڵی 1946 نوسیووە و لەلایەن ئەنجوومەنەکەمانەوە بڵاوکردنەوەی رەتکراوەتەوە.

لە راگەیێندراوەکەدا ئەنجوومەنی کولتووری بەریتانیا دەشڵێ، کاتی خۆی ئەم وتارەی جۆرج ئۆروێڵ رەتکراوەتەوە بەهۆی ئەوەی کاریگەریی وتارەکە لەسەر خوێنەرانی وڵاتانی دیکە بە خراپ دەشکایەوە.

بەپێی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی کولتووری بەریتانیا، جۆرج ئۆروێڵ لە وتارەکەیدا باسی خراپیی خواردنی ئینگلیزی کردووە.

ئەلیستەر دۆناڵدسۆن، لێکۆڵەری باڵای سیاسەتەکانی ئەنجوومەنی کولتووری بەریتانیا دەڵێ: " لەو سەردەمەدا نەویستراوە لەبارەی برسێتی ساڵی 1945 نووسین لەبارەی خۆراک و کارەساتی دابەشکردنی خۆراک لە سەردەمی جەنگ بڵاوبکرێنەوە، بەڵام ئەنجوومەنی کولتووری بەریتانیا دڵخۆشە کە ئەو مافە خوراوەی گەورەترین نووسەری سیاسی سەدەی بیستەمی بەریتانیا قەرەبوو بکاتەوە بە چاپکردنی تەواوی وتارەکە لەگەڵ نامەی رەتکردنەوەکەی.

ئێریک ئارتوور بلێر ناسراو بە( جۆرج ئۆروێڵ) لە 25ی حوزەیرانی 1903 لەدایک بووە و لە 1950 کۆچی دوایی کردووە. رۆژنامەڤان و رۆماننووسێکی دیاری جیهانی بووە و نووسەری هەردوو رۆمانی بەناوبانگ 1984 و مەزرای ئاژەڵانە کە بەدوو رۆمانی گرنگی دنیا دادەنرێن. بەپێی راپرسییەکی( بی بی سی) رۆمانی 1984 لەناو لیستی سەت کتێبی گەورەی سەدەی بیستەمدایە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە