سیناریست و ڕۆماننووسی فەڕەنسی، مارگرێت دۆنادیۆ (مارگرێت دوراس) كە لە نیسانی 1914 لە شاری سایگۆنی ڤێتنام (ئەوكات كۆڵۆنیی فەڕەنسا بوو) لەدایك بووە، بە یەكێك لە گرنگترین نووسەرە فەڕەنسییەكانی سەدەی بیستەم دادەنرێت. لە تەمەنی 17 ساڵیدا لەگەڵ ئەندامانی خێزانەكەی دەگەڕێتەوە فەڕەنسا، لەوێ بۆ تەواوكردنی ماتماتیك دەچێتەوە بەر خوێندن، دوای ماوەیەك واز دێنێ و ڕوو دەكاتە خوێندنی زانستە سیاسییەكان و هەر لەو ماوەیەشدا پەیوەندی بە حیزبی كۆمۆنیستی فەڕەنسییەوە دەكات. لە گەرمەی جەنگی دووەمی جیهانیدا وەك خۆبەخش دەچێتە ڕیزی بزووتنەوەی بەرەنگاریی فەڕەنسییەكان لە دژی ئەڵمانیای نازی كە ئەوكات فرانسوا میتێران (كە تا كۆچی دواییان هاوڕێی گیانی بەگیانی بوون) سەركردایەتی بزووتنەوەكەی دەكرد.
تەمەنی چوار ساڵان بووە كە باوكی كۆچی دوایی كردووە، لە تەمەنی هەرزەكارییەوە كەوتووەتە داوی خۆشەویستیی گەنجێكی دەوڵەمەند، بەڵام پەیوەندییەكەیان ناكام بووە. دوو جار هاوسەرگیریی كردووە، جاری یەكەم لە ساڵی 1939، كە بەرهەمەكەی منداڵێك دەبێ و دواتر دەمرێ، دووەم جاریش لە ساڵی 1947 كە كوڕێكی دەبێت و ناوی دەنێ (جان). مەرگی ناوادەی باوكی، ئەو عیشقە ناكامە و مامەڵەی خراپی دایكی لەگەڵی، هەروەها ئەزموونی سەختی ژیانی لە ڤێتنام، دیوە تاریك و دۆزەخییەكانی سیستەمی كۆڵۆنیالیستیی فەڕەنسی لە ڤێتنام، مردنی لەناكاوی برا بچووكەكەی و دواتر مەرگی دایكی و ئەو كارەساتەی بەسەر برا گەورەكەیدا دێت، ڕەنگدانەوەی زۆریان لە نووسینەكانی (دوراس)دا هەیە.
بە خوێندنەوەی وردی بەرهەمەكانی، لەو ڕاستییە تێدەگەین كە تراژیدیای ژیانی دوراس، دایك و براكەی بوون، بەتایبەتی دایكی. ئەو دایكەی نەك هەر خۆشی نەویستووە، بەڵكو لە مامەڵەكردن لەگەڵیدا تا ئەوپەڕی توند و زبر بووە. ڕەنگە ئەو بۆشایی سۆز و خۆشەویستییەی دایكی كە هەر لە منداڵییەوە لەگەڵیدا گەورە بووە، لەگەڵ خۆشەویستییە ناكامەكەی لە ڤیتنام، هۆكار بووبن بۆ ئەوەی لە تەمەنی شەست و شەش ساڵیدا بكەوێتە داوی خۆشەویستیی (یان ئاندریە)ی تەمەن 25 ساڵ كە تا ڕۆژی مردنی (دوراس) لە مانگی گوڵانی 1996، نەك هەر لەگەڵی بەردەوام بوو، بەڵكو بە هۆی قووڵی و كاریگەریی عیشقەكەیانەوە، تا چەند ساڵێكیش دوای مەرگی (دوراس)، (ئاندریە) گۆشەگیریی هەڵبژارد.
*****
دوراس كە لە پای ڕۆمانی (عاشق) خەڵاتی ناسراوی (گۆنكور)ی وەرگرتووە، هەر لە نووسینەكانی سەرەتای تەمەنیەوە توانی سەرنجی نێوەندی ئەدەبی و ڕەخنەیی و هەروەها سەرنجی خوێنەران بۆ لای خۆی رابكێشێ. ئەگەرچی ساڵی 1943 ڕۆمانی (سپڵەكان)ی نووسی، بەڵام ڕۆمانی (بەنداوێك بە ڕووی پاسیفیكدا - 1950)، بەردی بناغەی نووسین و بڵاوبوونەوەی ناوبانگی بوو. دواتر بە هۆی شانۆنامەكانیەوە و بەتایبەتی هەردوو شانۆنامەی (گۆڕەپان - 1962)، (ڕۆژێكی تەواو لەناو دارەكاندا - 1968) و بەدوای ئەوانیشدا، سیناریۆی فیلمی (هێرۆشیما خۆشەویستەكەم كە ساڵی 1975 خەڵاتی فێستیڤاڵی سینەمایی كانی وەرگرت)، دەرگا و دەروازەی بەجیهانیبوونی لەبەردەمدا ئاوەڵا بوو. دواجار لە ڕێگای ڕۆمانی (عاشق)ـەوە بووە ناوێكی دیاری ناو ئەدەبی جیهانی و وەك یەكێك لە پڕخوێنەرترین ڕۆماننووسە فەڕەنسییەكان ناسرا و بەرهەمەكانی وەرگێڕدرانە سەر چەندین زمانی زیندووی جیهان.

بەرهەمەكانی دوراس لە ڕۆمان و شانۆنامە و سیناریۆی فیلم و كتێبی دیكە (كە دەیان كتێبن)، ئاماژەیەكی ڕوونن بۆ توانای ئەو ژنەی كە فەڕەنسییەكان جارێك بە (جادووبازی نووسینی ڕۆمان) و جارێكی دیكە بە دیاردەی زیندوو و جیاوازی ئەدەبی و جارێكیش بە شاژنە مارگۆ (وەك ئاماژەیەك بۆ گرتنی لووتكەی عەرشی ئەدەبی فەڕەنسی بۆ ماوەیەكی درێژ)، وەسفیان كردووە.
دوراس كە گۆشەگیری و تەنیایی لە كاتی نووسیندا نهێنیی سەركەوتنی بووە (بۆ ئاشنابوون بە نهێنییەكانی سەركەوتنی ئەزموونی نووسینی دوراس، خوێنەر دەتوانێ بۆ كتێبی - أن تكتب.. الروایە والكتابە - بگەڕێتەوە)، لە بەرهەمەكانیدا بە تۆنێكی هێمن و خەمگین، بە هەستكردنێكی شاراوە بە ونبوون و لەدەستدانی سۆز، بەڵام هێور و دانبەخۆداگرتوو، بە ناخی مرۆڤدا ڕۆدەچێت و بە دوای نادیاردا دەگەڕێ. بە مانایەكی دیكە، ئەو ژنە نووسەرە بە هەستێكی قووڵ و ئاگاییەكی زۆرەوە، وەسفی ئێش و ئازاری مرۆڤ و خەون و خۆزگەكانی دەكات و برین و ئازارەكانی مرۆڤ دەنووسێتەوە. وەك ژنێكی دژەباو، یاخی و ڕیسككار، ڕاستگۆیانە وردەكارییەكانی ژیانی خۆی، پەیوەندییەكانی، لە دەقەكانیدا تەوزیف كردووەتەوە. بە كەسێكی ڕیالیست، بوێر و سەركێش، بەرهەمەكانیشی بە هەمەڕەنگی، نوێگەری، ڕاستگۆیی (وەك هەوڵێك بۆ دۆزینەوە و ئاشكراكردنی نهینییەكانی واقیع) دەناسرێنەوە.
*****
لە نێوان ئاگری دوو عیشقدا

دوراس لە تەمەنی هەرزەكارییەوە لە ڤێتنام عاشقی كوڕێكی چینی دەبێت كە 12 ساڵ لە خۆی گەورەتر بووە. لە تەمەنی 66 ساڵیشدا لە پاریس، دەكەوێتە داوی عیشقی گەنجێكی تەمەن 25 ساڵی. ئەزموونی یەكەمی سەرەڕای شەیدایی و هۆگربوونێكی قووڵ، بەڵام بە هۆی هەلومەرجەكانی ژیانی دوراس و هەڵوێستی دایكی، ناكام دەبێت. كەچی ئەوەی دووەمیان دەبێتە جۆرێك لە عیشقی ئەفسانەیی و قەرەبووی هەموو ئەو ڕابردووە بریندارەی بۆ دەكاتەوە. عیشقێك (ئەندریە)ی گەنج تا دوا چركەكانی هەناسەدانی، بە تەنیشت دوراسەوە دەهێڵێتەوە. نەك هەر ئەوە، بەڵكو دوای مردنی مەعشووقەكەیشی، لە كتێبێكی دانسقەدا، ئەزموونی هۆگربوون و عیشقەكەیان دەنووسێتەوە و دەبێتە یەكێك لە پڕ خوێنەرترین كتێبەكانی فەڕەنسا و ساڵی 2000 لە پاریس خەڵاتی ئەدەبیی جەژنی عاشقان دەباتەوە.
(یان ئەندریە) نووسەرێكی گومناو، بەڵام خوێنەرێكی ڕژد و شەیدایەكی سەیری نووسینەكانی (دوراس) بووە، دواتریش دەكەوێتە داوی ئەوینییەوە. پەیوەندییەكی خۆشەویستیی دژەباو، پەیوەندییەك لە ڕێگایەوە ڕكابەری سەردەم و هەموو چەمك و بەها كۆمەڵایەتییەكانیان كرد. دەیان و سەدان پرسیار و گومانی لەناو كۆمەڵگاكەیاندا دروست كرد. ئەو عیشقەی دواجار كرایە فیلمێكی سینەمایی و دەنگدانەوەیەكی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا.
*****
یادەوەری، عیشق و ڕاستگۆیی
ڕۆمانی (عاشق - 1984) یەكێكە لەو بەرهەمانەی كە جگە لەوەی وەرگێڕدراوەتە سەر زیاتر لە 20 زمانی دونیا، چەندین جار بە دوای یەكدا چاپكراوەتەوە و بە ملیۆنان دانەی لێ فرۆشراوە، دواتریش كراوەتە فیلمێكی سینەمایی سەرنجڕاكێش. فیلمێك كە بەدیاریەوە دادەنیشیت و بێ ویستی خۆت، فرمێسك بە چاوانتدا دێنە خوارێ.
ڕۆمانەكە، گەڕانێكە بەناو ڕاڕەوە تەنگ و داڵانە تاریكەكانی یادەوەریی ژنێكدا كە لە پاریس دەژیێت و بینینی چەند وێنەیەك دەیبەنەوە ئەو ڕۆژگارەی لە ڤێتنام ژیاوە و منداڵیی خۆی لەوێ بەسەر بردووە. چیرۆكی مردنی برا بچووكەكەی، بە دوایدا مەرگی دایكی و ژیانی پڕ كێشە و چەرمەسەریی برا گەورەكەی بەهۆی ئاڵوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر و دەستتێكەڵكردن لەگەڵ باندی چەتە و مافیا. لەناویشیاندا وێنە هەر گەورە و درەوشاوەكەی مەعشووقەكەی، گەنجە چینییە دەوڵەمەندەكەی ناو یادەوەری، بەشێكە لەو ڕابردووە سەرڕێژ لە برین و دڵشكانە.
عاشق، گێڕانەوەی ئەزموونی ژیانی 17 ساڵ مانەوەی نووسەرە لە ڤێتنام. ڕۆمانێكە دەوڵەمەند بە ڕووداو و كەسایەتی و كاراكتەر كە دەشێ هەر یەكێك لەو ڕووداوانە بكرێنە بابەتی ڕۆمانێكی سەربەخۆ. منداڵیی بێناز، مەرگی ناوەختی باوك، مامەڵەی خراپی دایك، جیاكاری ڕەگەزیی ناو خێزان، بەلاڕێداچوونی برا گەورە و وێرانبوونی ژیانی، عیشق و ئازارەكانی، سەركێشی و ڕیسككردنی كچێكی هەرزەكار لە كاردانەوەی مامەڵەی نابەرپرسانەی دایكی، تاریكییەكانی سیستەمی كۆڵۆنیالیزمی فەڕەنسی لە ڤێتنام و ستەمكاری و زۆر بابەتی دیكە، تەوەرە گرنگەكانی ناو ڕۆمانەكەن. ڕۆمانەكە لە یەك كاتدا دەشێ وەك بایۆگرافیای نووسەر، یان وەك ڕۆمانێكی مێژوویی، یاخود وەك ڕۆمانێكی سایكۆلۆژی سەیر بكرێ. عاشق تێكەڵەیەكی سەیرە، مەگەر هەر نووسەرێكی وەك دوراس دەرەقەتی بێت. تەكنیكێكی هاوچەرخی نزیك لە قوتابخانەی ڕۆمانی نوێی فەڕەنسی، ئەوەی بە (ڕۆمانی دژ، یان ناڕۆمان) ناسراوە.

"ئەو ژنەی لە یەكێك لە وێنەكاندا دیارە، دایكی من بوو. بە پێچەوانەی وێنە نوێیەكانی، زۆر باشتر لەناو وێنە كۆنەكاندا دەیناسمەوە……". بەم دەستەواژەیە و دەستەواژەگەلی دیكەی دواتر كە وێنای ڕوخسار و ئەدگارەكانی ژنەكە دەكات و ڕەفتار و هەڵسوكەوت و كاردانەوەكانی دەگێڕێتەوە، ڕێك باسی دایكی خۆی دەكات. عاشق، چیرۆكی كچێكی فەڕەنسییە كە لەگەڵ خێزانەكەیدا لە ڤێتنام دەژیێت، بە ماوەیەكی كەم دوای مردنی باوكی، دەنێردرێتە قوتابخانە. دایكی كچەكە لە بواری پۆست و گەیاندندا كار دەكات، دایكێك كوڕە گەورەكەی (كە ئاڵوودەی ئەفیون بووە و بۆ ئەوەی پارەی كڕینی ئەو ماددە هۆشبەرەی دەستبكەوێت، دزی لە دایكی دەكات و زۆرجاریش كەلوپەلی ماڵەوە دەفرۆشێت) زۆر بە لاوە خۆشەویستە و بایەخێكی زۆری پێدەدات، لە بەرامبەردا پەروەردەكردنی كچەكەی فەرامۆش دەكات و هەرچی سۆزی دایكایەتییە پێی ڕەوا نابینێ، دایكێكی بەردەوام مڕومۆچ و تووڕە.
كچە لە كاردانەوەی ئەو ڕەفتارانەی دایكی، هەوڵ دەدات وەك كچێكی پێگەیشتوو دەربكەوێ، بە شوێن ئازادیی خۆیدا دەگەڕێ. ئیتر لەناو ئەو واقیعە دژوارەی ماڵەوە و هەوڵە سەركێشییەكانی، ئاشنای گەنجێكی دەوڵەمەندی شارەكەیان دەبێت و دەكەوێتە داوی ئەوینیەوە. كوڕە ئامادەی خوازبێنی و پێكهێنانی ژیانی هاوسەرگیرییە لەگەڵ كچەدا، بەڵام دایكی كچەكە بەبێ هیچ پاساوێك، ڕەزامەندی نادات و دژی دەوەستێتەوە. ئەم هەڵوێستەی دایكی، سەركێشتری دەكات، لە پەیوەندی لەگەڵ كوڕەكە و دیداری نهێنیی نێوانیان بەردەوام دەبێت، تەنانەت پەیوەندییەكەیان سەر بۆ بەریەككەوتنی جەستەیی و سێكس دەكێشێ، تا ئەوەی زۆرجار لە قوتابخانە دوادەكەوێت و بەڕێوەبەرایەتیی قوتابخانەكەش دایكی ئاگادار دەكەنەوە. دایكە دڵڕەقەكەی لەبری ئەوەی چارەیەك بۆ دۆخی كچەكەی بدۆزێتەوە، بە بەڕێوەبەری قوتابخانەكە دەڵێ، كچەكەم ئازادە و بە بەرپرسیارێتییەوە هەرچی بیەوێ، دەیكات. دوراس لە میانی نیشاندانی ئەم هەڵوێستەی دایكیدا، ڕاستەوخۆ دەیەوێ كەسایەتیی نابەرپرسی دایكێكمان نیشان بدات كە باكی بە بەلاڕێداچوونی كچەكەی نییە، دایكێك لە خەمی ئەوەدا نییە كچە هەرزەكارەكەی پەیوەندییەكی سۆزداریی دروست و ئاسایی هەبێت.
بوێری لە گێڕانەوەی بێ پێچ و پەنای بیرەوەری، باوەڕبەخۆبوون لە باسكردنی خود و پەیوەندییە سروشتی و ناجۆرەكانی، نەكەوتنەژێر باری هەست و سۆز لە خستنەڕووی نهێنییەكانی ژیانی خێزانێك و پەیوەندی ناجۆری نێوان ئەندامەكانی، ئەمانە و سەرەڕای زمانێكی باڵا، خەیاڵێكی فراوان، توانا و سەلیقەی بەرز و ناوازە و جیاواز لە هونەری گێڕانەوە، جۆرێك لە ڕاستگۆییان بە نووسەر بەخشیوە كە خوێنەر متمانە بە خوێندنەوەی نەك هەر ڕۆمانی (عاشق)، بەڵكو كۆی بەرهەمەكانی دیكەشی بكات. بۆیە بە لایەنی كەمەوە سەرەڕای ئەو ڕۆمانانەی نووسەر كە خوێنەر دەتوانێ بە فەڕەنسی، یان ئەوەی كراونەتە ئینگلیزی و عەرەبی، بیانخوێنێتەوە. سەرنجیشی بۆ ئەوە ڕادەكێشم كە كتێبی (نووسین)، یان (كە بنووسیت.. ڕۆماننووس و نووسین) بخوێنێتەوە، بۆ ئەوەی باشتر و وردتر ئاشنای ئەزموونی دەوڵەمەند و نهێنیی داهێنانی ئەدەبیی ئەو ژنە نووسەرە بێت.



