ژنێك، لە بیرەوەرییە تەماوییەكاندا

13-10-2016
کامەران سوبحان
نیشانەکردن مەستوورەی ئەردەڵانی
A+ A-
(بەشی یەكەم)
(1)

لەسەردەمی شا سوڵتان حوسێنی سەفەوی و لەساڵی (1708) دا، بنەماڵەی كوردی قادریی دەرگەزێنی، كە شا سوڵتان حوسێن بەزۆر لە ناوچەكانی هەمەدان دەربەدەری كردن، هەندێكیان لە سنە نیشتەجێ بوون و بەشێكیشیان خۆیان گەیاندە سلێمانی و وەك دەڵێن، گەڕەكی (دەرگەزێن) كە یەكێكە لە گەڕەكە كۆنەكانی سلێمانی، دوای هاتنی ئەوان ئاوەدان كراوەتەوە. لەو رۆژگارەدا و لەم كۆچە زۆرەملێیەدا، سەدان بەڵگەنامەی ئەدەبی و كتێبی مێژوویی گرنگی كورد فەوتان. 

جارێكی دیكەش لەناوچەی هەورامان و شارەزوور، لەكاتی هێرشی تەتەر و مەغۆلدا، دەیان كەشكۆڵ و دەستنووسی كوردی فەوتاون و چەندین نامەخانەی گەورەی كتێب و بەیتی كوردی سووتێنراون و زۆر زانا و نووسەر و شاعیری كوردیش بە زۆر، خۆیان و ماڵ و منداڵیان كۆچیان پێكراوە بۆ مووسڵ و سووریا و میسر. بەمەش بەشێكی زۆری ئەدەبیاتی كوردی لەناوچوو.

ئەمە كۆتایی دەركردن و كۆچی زۆرەملێی كورد نەبوو، پێش ئەم رووداوە و پاش ئەمیش، دەیان رووداوی هاوشێوەی ئەمە هەبووە. تا ئێستاش پاشخان و پاشماوەی سووتان و وێرانكردنی ئەو مێژووە لە مۆزەخانە و كتێبخانە دەستنووسەكانی وڵاتانی دونیادا پارێزراوە و نەبوونی كەسی پسپۆڕ، وای كردووە بەشێكی زۆری ئەو مێژووە هەر لە نادیاریدا بمێنێتەوە. هەرچەندە لە هەموو سەردەمێكدا كەسێك وەك ئەفسانەی قۆناغەكەی خۆی هەڵكەوتووە و دەستی بۆ ئەو لاپەڕە پەرش و ونبووانە بردووە. یەكێك لە دیارترین هەوڵ و كۆششەكانی نووسینەوەی ئەو مێژووەش، لەلایەن خانمێكی كوردەوە بووە كە لە سەدەی نۆزدەدا ئەم مێژووەی لە كتێبێكدا نووسیوەتەوە و لە پێشەكییەكەیدا دەبێژێ:

(منی وا بێ نرخ و هەژار، كە ناوم....... كچی ئەولەسەن بەگ و نەوەی حەمە ئاغای نازری كوردستانیم. چونكە باوكم زۆر حەزی لە خوێندن بووە و منیش كچی نۆبەرەی ئەو بووم، خۆشی ویستووم و پێی خوێندووم. منیش هەر لە تافی منداڵیمەوە خووم زۆر دابووە كتێب. هەموو جۆرە كتێبێكم دەخوێندەوە، لەناویاندا زۆرم خۆش بە مێژوو دەهات، تا ڕۆژێكیان چاوم بە كتێبێك كەوت دەربارەی كوردستان بوو. هەرچەندە زۆریشی تیاچووبوو، بەڵام هێشتا كەموكوڕییەكی هەر مابوو. كەوتە سەرم منیش گەوێك بخەمە سەر ئەو زنجیرەی سەرگوزشتەی مێژووی ئەردەڵانی، بە تایبەتیش كە خۆم ئێستا نانخۆری ئەوانم و شانازی بەبەختم دەكەم كە ئێستا خزمیانم، بۆ ئەم كارەش ڕوانیومەتە زۆر كتێبان و پرسیارم لە پیرە پیاوان كردووە و ئەم كتێبە مێژووییەم لێ سازداوە.)

 ئەمە پێشەكی كتێبێكی گرنگ و پر بایەخی مێژوویی كوردە بەناوی (مێژووی ئەردەڵان) كە مامۆستا هەژار موكریانی بە زمانێكی جوان و پاراو لە فارسییەوە كردوویەتی بە كوردی و لەلایەن شاعیر و نووسەر و مێژوونووسی كورد ماە شەرەف خانم، ناسراو بە مەستوورەی ئەردەڵانی، نووسراوە. ئەم خانمە مێژووی وردی میرانی ئەردەڵان و والی و دەستڕۆیشتووەكانی ئەو سەردەمە و سەردەمی پێشووتری بەشێوەی زنجیرە بە دوای یەكدا لەو كتێبەدا نووسیوەتەوە.

(2)
ماە شەرەف خانم- مەستوورەی ئەردەڵانی، وەك فیگەر و سیمبولێك لەو رۆژگارە تەماوییانەی رۆژگاری خۆیدا دەركەوت و بووە نموونەیەكی دیاری ئەو شاعیرانەی تری كورد كە ژمارەیەكی زۆر (شیعر و غەزەل و بەیت) یان ون بووە و لەناوچووە. دیاردەی ونبوونی شیعر و لەناوچوونی تەنیا لای ئەم شاعیرە كوردە نییە، بەڵكو زۆر لە شاعیرانی تری كورد شیعریان ون بووە.  شیعرەكانی (مەستوورە خانم) بە زمانی فارسی و كوردی و بە هەردوو شێوەزاری هەورامی و سۆرانی نووسراون و ژمارەیان زیاتر لە 20 هەزار بەیتی شیعری بووە، بەڵام تەنیا نزیكەی دوو هەزاریان ماون. ئەو شیعرانەشی كە ماون لەلایەن توێژەران و لێكۆڵینڤانانەوە كۆكراونەتەوە و چەند جارێك چاپكراونەتەوە، بۆیە گومان لە هەندێ لەو شیعرانە هەیە كە شیعری ئەو نەبن و وەك هەندێ لە شاعیرانی تری كلاسیكی كوردی، شیعری شاعیری دیكە بووبن و بە هی ئەو هەژمار كرابن.

یەكەم جاریش كە دیوانی مەستوورەی ئەردەڵانی چاپ كراوە، لەساڵی (1886) لەلایەن حاجی یەحیا موعەرەفەت كۆكراوەتەوە و ئەوەش تەنیا شیعرە فارسییەكانی بوون. جاری دووەم لەلایەن ئەحمەد كەرەمییەوە لەساڵی 1983 كۆكراوەتەوە و چاپ كراوە. سێیەم جار سدیق بۆرەكەیی شیعرە فارسی و كوردییەكانی پێكەوە كۆكردووەتەوە و لەساڵی 1998 لە تاران چاپی كردووە. پاش ئەمەش لەم ساڵانەدا لە دەزگای ئاراس جگە لە بەرهەمەكانی مەستوورەی ئەردەڵانی لە چەند كتێبێكدا، دیوانەكەی و هەندێ دەستنووس و بەڵگەنامەیان چاپ كرد كە لەلایەن محەممەد عەلی قەرەداغییەوە ساغ كراوەتەوە.
 
جگە لەم هەوڵانەش، چەند كەسێكی دیكە لە سنە و تاران لەم ساڵانەی دواییدا بەشێوەی جیاواز دیوانی شیعری مەستوورە و شیكردنەوە و راڤەكردنی شیعرەكانیان چاپ كردووە.

پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە 100 ساڵ لەسەر مردنی مەستوورە، ئینجا لەنێو رەفەی كتێبخانە دەستنووسەكانی ئیستانبوڵ، بەرلین، نیودەلهی، شام و تاران و هەندێ لە وڵاتانی دیكەدا، سەدان و هەزاران لاپەڕەی بەرهەمی شاعیران و نووسەرانی كوردی وەكو نالی و مەولەوی و مستەفا بەگی كوردی و سەدان لاپەڕە لە كەشكۆڵ و مێژووی میرەكان و كەسایەتییە ناودارەكانی كورد دەردەكەون.

د.كەمال فوئاد، دوای گەڕان و كۆششێكی زۆر، بەشێك لەو دەستنووسانەی لە كتێبخانەی نیشتمانیی بەرلین دۆزییەوە و ساغی كردنەوە كە بەرهەمی نووسەران و شاعیرانی كوردن و لە سەدەكانی 18 و 19دا نووسراون. لەنێویاندا نزیكەی 50 لاپەڕە شیعری مەستوورەی ئەردەڵانی هەیە. پاشان مامۆستا محەممەد عەلی قەرەداغی ئەو دەستنووسانەی كۆكردنەوە و ساڵی 2005 لە زنجیرە كتێبێكدا لەلایەن دەزگای ئاراسەوە بە چاپ گەیشت.

لەكاتی خوێندنەوەی شیعرەكانی ئەم دیوانەی مەستوورەدا، دڵتەنگی و پرسیارم تێكەڵ بە یەكدی دەبن، بە غەمگینییەوە لەخۆم دەپرسم، خانمێكی كورد لە سەدەی 19دا كە 44 ساڵ ژیاوە، 20 هەزار بەیت و غەزەل و شیعری نووسیوە. كاتێك لە زمانی گوزارشت و ئاستی بەرزی وێنە و رەوانبێژیی شیعرەكانی رادەمێنی، دڵتەنگ دەبیت لەوەی كە ئەم خانمە شاعیرە چەندە لە ئەدەبیاتی كوردیدا فەرامۆش كراوە.
 
گرفتارم بە نازی چاوەكانی مەستی فەتتانت
بریندارم بە تیری سینە سووزی نێژی موژگانت
بەتاڵی پەرچەمی ئەگریچەكانت غارەتت كردم
دڵێكم بوو ئەویچت خستە ناو چاهی زەنەخدانت
بە قوربان، عاشقان ئەمڕۆ هەموو هاتوونە پابۆست
منیش هاتم، بمفەرموو بمكوژن، بمكەن بە قوربانت
تەشەكوور واجیبە بۆ من ئەگەر بمرم بە زەخمی تۆ
بە شەرتێ كفنەكەم بدووری بەتای زوڵفی پەرێشانت


ئەم پارچە شیعرەی مەستوورە، بە زمانێك نووسراوە دەڵێی شاعیرێكی پیاو بۆ ژنێكی نووسیوە، نەك بە پێچەوانەوە. ئەمە یەكێكە لە تایبەتمەندییەكانی شیعری ئەو ژنە شاعیرە كە بۆ ئەو سەردەمە و بۆ زیاتر لە 200 ساڵ لەمەوبەر شتێكی تازە و جیاواز بووە. لە دیوانە شیعرییەكەیدا، مەستوورە بە هەردوو زمانی كوردی و فارسی كۆمەڵێك لاواندنەوە و شیعری بۆ مردنی خەسرەو خانی ئەردەڵانی نووسیوە. شیعرەكان لەگەڵ ئەوەی لاواندنەوەن و بۆ بۆنەیەكی تایبەتن كە مردنی هاوسەرەكەیەتی، بەڵام ئاستێكی باڵای تەكنیك و زمانی شیعریی هەیە كە هەندێك لە شیكەرەوانی شیعری كوردی، مەستوورە لە ئاستی نالی و مەولەوی و مستەفا بەگی كوردیدا پۆلێن دەكەن. هەروەك چۆن هاوسەردەمی ئەو شاعیرانەش بووە و (نالی و مەولەوی) شیعری تایبەتیان بۆ نووسیوە و وەسفی جوانی و رەوشت و رۆشنبیرییان كردووە.

لە شیعرێكی درێژدا كە بە شێوەزاری هەورامی بۆ مردنی خەسرەوخانی ئەردەڵانیی مێردی نووسیوە، لە 133 بەیت پێكهاتووە و لاواندنەوەو موناجاتێكی خۆی و سرووشت و بەهار و گوڵ و گوڵزارە و دەڵێت:

خەسرەو وەهارەن
كۆربام جەدیدە فەسڵ وەهارەن
مەوسیمی جلووس گوڵ و گوڵزارەن
وادەی تەماشای سەیر و شكارەن
یەوەخت تەفریح قەلب و دەماغەن
فەسڵ ئارەزووی گوڵگەشت و باغەن
قەهقەهەی كەبكەن نەسەر كڵاوان
فەزای چەمەنەن، شاخەی شەتاوان

ئەووەڵ خەیمەی ئەلوان گوڵەن
ئیبتیدای شۆڕش ناڵەی بوڵبوڵەن


بەم دوو بەیتەش كۆتایی بە شیعرەكە دێنێت كە شەرت دەكات تا لە ژیاندا مابێت و تا رۆژی مەحشەر، هەر واوەیلا و شیوەن بۆ هاوسەرەكەی بكات:

باقی تا ئەوڕۆ عومر بەرجام بۆ
شەرت بۆ پەی خەسرەو هەر واوەیلا بۆ
تا خالیق گیرۆ دیوان مەحشەر
شینی (مەستوورە) جە شیرین بەدتەر


مەستوورە، جگە لەم دیوانە شیعرە، سێ كتێبی گرنگی لەدوای خۆی جێهێشتووە كە بریتین لە (شەرعیات)، (ژیاننامەی ئەدیبان) كە بیۆگرافیای شاعیرانی كوردە و هەروەها (مێژووی ئەردەڵان).

بۆ یەكەمجارە لە مێژووی كورددا، ژنێك لەبارەی روكن و بنەماكانی ئاینی ئیسلام كتێبێك بنووسێت و هەریەكەیان بە وردی شی بكاتەوە. ئەم كتێبەی ئەم خانمە 180 ساڵ پێش كتێبەكەی مامۆستا مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس لەسەر هەمان بابەت نووسراوە! 

مەستوورە لە كتێبی (شەرعیات)دا زیاتر وەك زانایەكی ئاینی شیكاری پایەكانی ئیسلام دەكات. ئەم كتێبە لەگەڵ ئەوەی بچووكە، بەڵام بنەما سەرەكییەكانی ئیسلامی شی كردووەتەوە و خوێنەر كە دەیخوێنێتەوە هەست دەكات ئەمە كتێبی زانایەكی ئاینییە و دەیەوێت خوێنەر بە زمانێكی سادە و ئاسان لە بنەما سەرەكییەكانی ئاینی ئیسلام شارەزا بكات.

تێڕوانینی (مەستوورە) بۆ بنەما و پایەكانی ئیسلام لەم كتێبەدا دیدێكی سۆفییانەیە، چونكە ئەم كتێبە پێش دوو ساڵ لە كۆچی دوایی نووسراوە و ئەو سەردەمە بووە كە لە خەڵوەت و گۆشەگیریدا بووە، دوای نامورادبوون و مردنی كەسە نزیكەكانی، لەوانەش تاقانە براكەی و هاوسەرەكەی و بەجێهێشتنی یەكجاریی سنە و نیشتەجێبوونی لە سلێمانی. لەو ساتانەدا خۆی یەكلایی كردووەتەوە بۆ نووسین و سەرقاڵی نووسینەوەی مێژووی ئەردەڵان و ئەم كتێبە بووە. هەر وەك خۆیشی لەوبارەیەوە دەبێژێ: "لە رۆژگارێكدا كە گڵكۆی بەختم لە بێ وەفایی دەوران كەوتبووە لێژی و شووشەی هەیبەتم بە بەردی نالەباری موقەدەری رۆژگار شكابوو، رۆژم بە وێنەی زوڵفی تازە بووەكان شێواو بووە، رۆژگارم وەك خۆی بێ سەر و سامان كەوتبوو، دڵم بە تیری خەدەنگی فەلەك خوێناوی مابوو، كۆشكی بەختم بەدەستی گەردوونی نالەبار رووخابوو...).

ئەم پێشەكییە كورتەی كتێبی (شەرعیات) دەریدەخات كە باری دەروونی و رۆحیی مەستوورە چۆن بووە كاتێك دەستی بە نووسینی ئەم كتێبە كردووە. هەر بۆیە ئەم كەشە دەروونییە زیاتر وای كردووە ئەو دیدە سۆفییانەی بۆ بنەماكانی ئیسلام لەم كتێبەدا رەنگ بداتەوە.

....

لە بەشی دووەمی ئەم نووسینەدا و لە هەفتەی داهاتوودا، باسی دوا چركەساتەكانی ژیانی مەستوورە دەكەین و دوایین وشەی نێو كتێبێكی ئاشكرا دەكەین كە بەسەر نووسینی ئەو وشە و دێڕانەدا كۆچی دوایی كرد. پاشتر پەیوەندیی نێوان نالی و مەولەویی شاعیر لەگەڵ مەستوورە و وەڵامی ئەو پرسیارە باوە دەدەینەوە كە ئایا نالی بە شیعر هەجوی مەستوورەی كردووە؟

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە