غەنی میرزۆ: پرۆژەیەكم بەدەستەوەیە بۆ كوردی ئێزدی

07-08-2019
گوڵبەهار ئاڵتاش
نیشانەکردن میوزیک رۆژئاوای کوردستان
A+ A-

رووداو - هەولێر 

خەڵكی قامیشلۆیە و 27 ساڵە لە شاری بارسێلۆنای ئیسپانیا نیشتەجێیە و سەرقاڵی كاری هونەرییە. ئەو بۆ فێربوونی میوزیكی فلامینگۆ رووی لە ئیسپانیا كرد، بەڵام ئیدی لەوێ‌ نیشتەجێ بوو. 

غەنی میرزۆ، میوزیكژەنی كوردی رۆژئاڤای كوردستان لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) باسی ئەوە دەكات كە ژمارەیەكی زۆر باش هونەرمەندی كورد هەن، بەڵام كورد خۆی خاوەندارێتی لە هونەر و كولتووری خۆی ناكات و گوێ لە میوزیكی پرۆفیشناڵ و كواڵیتی بەرز ناگرن.

میرزۆ ساڵی 1994 دەستی بە راهێنان لەسەر میوزیكی فلامینگۆ كرد و تا ئێستاش هەر بەردەوامە. بەلای ئەوەوە میوزیك دەریایەكە سنووری نییە. ئەو لە پاڵ خوێندنەكەیدا هەمیشە خەیاڵی لای ئەوە بووە كە چۆن میوزیكی كوردی، بە تایبەتی فۆلكلۆر تێكەڵ بە فلامینگۆ و جاز بكات و شتێكی ناوازەی لێ دروست بكات.

غەنی میرزۆ تا ئێستا پێنج سیدی میوزیكی تۆمار كردوون و بڵاوی كردوونەتەوە. چەندین كۆنسێرتی میوزیكی لە شارەكانی ئیسپانیا ساز كردووە. ئەو دەڵێت: "لە كۆنسێرتەكانمدا بایەخ بە كورد و كوردستان دەدەم. بۆیە وەك هونەرمەندێكی كورد ناسراوم و زۆر شانازیش بەوەوە دەكەم".

ئەو بەلایەوە گرنگە بیانییەكان گوێ لە بەرهەمی ئەو میوزیكژەنە كوردانە بگرن كە كوردستان لە بەرهەمەكانیاندا رەنگی داوەتەوە. ئەو دەڵێت: "فۆلكلۆری كوردی ئاوێتەی میوزیكی رۆژهەڵات و رۆژئاوا دەكەم، میوزیكی كوردی دەكەمە رایەڵێك لە نێوان كولتوور و فۆلكلۆرە بیانییەكان". 

ئەوەش بە گرنگ دەزانێ كە بایەخ بە گۆڕانكارییەكان بدرێ و هونەر و میوزیكی كوردی پێشبخرێ و بەتایبەتی بایەخی زۆر بە فۆلكلۆر بدرێ. 

غەنی میرزۆ كە جگە لە ئیسپانیا چەندین كۆنسێرتی لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەفریقا و ئەمریكا كردووە، دەڵێت: "لە كارە هونەرییەكانمدا زۆر سوود لە دەوڵەمەندیی ئاواز و میوزیكی كوردی وەردەگرم. هەندێكجار لەسەر شێوازی سۆڵۆ كاردەكەم. ویستم ژمارەیەك گۆرانی بە ستایلی سۆڵۆ بەرهەم بهێنم، چونكە كورد سیستەمی میوزیكی كۆڕاڵی نەبوو، بۆیە لەگەڵ كڵێسایەك رێككەوتین بۆ ئەوەی لە پرۆژەكەمدا كۆڕاڵ بەكاربهێنم". 

ئەم هونەرمەندە بەردەوام كار دەكات بۆ ئەوەی میوزیكی كورد بگەیێنێتە ئاستی میوزیكی ئەوروپی و دەڵێت "نابێ ئاستی میوزیكی كوردی دابەزێت. دەبێ ئاوازدانەر و گۆرانیبێژەكانیشمان خۆیان بگەیێننە ئاستی ئەوروپییەكان و شەونخونی بكەن بۆ گەیشتن بەم ئامانجە. دەبێ لەگەڵ هونەرمەندە بیانییەكان پەیوەندییان هەبێت بۆ ئەوەی كاری هاوبەش بكەن". 

لەبارەی ئەوەی میوزیكی كوردی دەبێتە رایەڵێك لە نێوان میوزیكی رۆژهەڵات و رۆژئاوا! غەنی میرزۆ دەڵێت: "بەڵێ لە نێوەندە هونەرییەكاندا چەندینجار هەمان شتیان بەمن گوتووە. لەڕاستیدا نەك تەنیا بكرێتە رایەڵ، بەڵكو پێویستە نوێگەریی زیاتری تێدا بكرێت، تاوەكو سەرنجی بیانییەكان بۆ خۆی رابكێشێ. ئێمە وەك ئەوروپییەكان نین تەنانەت میوزیكیش لای ئەوان بەدامەزراوەیی كراوە، بەڵام ئێمە میللەتێكین تازە لە هەوڵی دامەزراندنی كیان و دەوڵەتی خۆمانداین". 

غەنی میرزۆ بیر لەوە دەكاتەوە، هەموو ئێوارەیەكی هاوینان كۆنسێرتێكی كراوە لەسەر قەڵای هەولێر ساز بكرێت كە ئەمە هۆكارێكی باشە بۆ راكێشانی سەرنجی گەشتیاران. 

غەنی كۆمەڵەی "میرزۆ"ی هونەری لە ئیسپانیا دامەزراندووە و كاری جدی دەكات بۆ ناردنی بەرهەمی نوێی میوزیك و هونەری تایبەت بە رۆژئاڤای كوردستان و دەڵێت "هونەری كوردی لەهەموو سەردەمێكدا رەنگدانەوەی هونەری ژێردەستەیی و گوشارە بەردەوامەكان بووە. بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی رۆژئاڤا، چالاكوانان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و هونەردۆستان پێنج مانگ لەمەوبەر دەستیان بە هەڵمەتێك كرد، منیش لە رێگەی ناردنی ئاواز و میوزیكی تایبەتەوە پشتیوانییان لێدەكەم". 

غەنی پرۆژەیەكی تایبەتی بۆ ئاوارەكانی كوردی ئێزدی هەیە و دەڵێت: "بۆ ئەوەی كاریگەری ئەرێنی بخەینە سەر دەروونی منداڵان و ژنانی ئێزدی و گوشارە دەروونییەكانی سەریان كەمبكەینەوە، پرۆژەیەك بەناوی ژیانەوە ئامادە دەكەین و ئێستا سەرقاڵی ئەم پرۆژەیەم".       


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە