من هەمیشە ویستوومە ئازاد بم، نازانم لەبەرچی. ئەوەش نازانم، ئازادبوون مانای چی دەگەیەنێت. حەز دەکەن هەموو نینۆکی پەنجەکانم هەڵکێشن، هەر ناتوانم ئەوەتان پێ بڵێم. کەچی بەبێ ئەوەی هیچ قسەیەک بڵێم، دەزانم ئازادبوون چییە. من هەمیشە بەتاسە بووم بۆی و هەڵوەدای بووم وهێشتاش هەر بەتاسەم بۆی. من تاسەم تەنیا بۆ ئەو هەیە و بەس. سەرەتا من بەندی ئەوانیتر بووم. دواجار خۆم لەوان جوداکردەوە و ئینجا بوومە بەندکراوی خۆم. لەمەش خراپتر ئەوەبوو کە دواتر لەخودی خۆشم جودا بوومەوە. بیکێت
گەر ئەم وێنە ئیندیڤیدوالیزمەی سامۆیێل بیکێت سەبارەت بەئازادبوون لەسەر ئاستی خود و تاکەوە بگوازینەوە بۆ سەر وێنەیەکی کۆلێکتیڤی، ئەوا ڕەنگە دروستترین گەل ئەم وێنەیەی لەسەر بگونجێت کورد بێت. لەبەرچی؟ کورد مینای پاڵەوانەکەی بیکێت، خەباتی بۆ ئازادی کرد، ڕاپەڕی و لەویتری داگیرکار جودابووەوە، بەڵام دواجار لەناوخۆشیدا لەخۆی جودابووەوە و دووکەرت بوو، یەک هەرێمی کردە دوو زۆن.
لە درێژەی ئەم پرسیارەدا دەبێت بەخێرایی کرۆنۆلۆژیای مێژوویەکی کورتی ئەو ساتەوەختە بنووسینەوە کە لێوەی دەستپێکی ئازادبوونی کورد لە دڕندەترین ڕژێمی ستەمکاری سەدەی بیست خۆی تۆمار دەکات. واتە ڕاپەڕینی بەهاری 1991 کە ئەمڕۆ 28 ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوەدا تێدەپەڕێت و لەنێو هۆشیاریی تاک و کۆی ئێمەدا مانای زۆر پارادۆکسئامێز سەبارەت بە ئازادی و ئازادبوون چێ بووە.
ڕاپەڕین، بەدەر لە هەموو ئەو هۆکارە دەرەکییانەی ڕێ بۆخۆشکەری تەقینەوەکەی بوون، لە دیوە ناوەکییەکەیەوە، هاندەرەکەی بریتی بوو لە تەقینەوەی هەموو ئەو تیمۆس و تووڕەییە سیاسیەی مرۆڤی کورد بە درێژایی سەدەی بیست بەهۆی ڕژێمە سیاسییەکانی عێراقەوە تیایدا کەڵەکە بووبوو. ڕابوون و هەڵسانی خەڵک لە فاکتۆرێکی بێ بنەماوە نەبوو تا بەو خەڵکە ڕاپەڕیوە بگوترێت گێرەشێوێن، بەڵکو لە هەموو ئەو شکۆشکاندنەی مرۆڤی کوردەوە بوو کە ئەو ڕژێمانە بە تەکنیکی جۆراوجۆری چەوساندنەوە بەرانبەری پیادەیان دەکرد، بەڕادەیەک لە دوای هەڵمەتە بەدناوەکەی ئەنفال و بەکارهێنانی گازی ژەهراوی و ڕاگواستن و چۆڵکردنی هەزاران دێهات و دوورخستنەوەیان بۆ بیابانە دوورەکانی باشوور، سیاسەتی سڕینەوەی کورد وەکو ڕەگەزێکی ئیتنی گەیشتە ترۆپک. لە ستراتیژی ئەو سیاسەتەدا ئەوەش هەبوو کە بە یەکجارەکی هەموو مەسەلەی کوردبوون بسڕدرێتەوە، بەڵام ئەوان بێئاگا بوون لەوەی قڕکردنی گەلێک هەروا بە سانایی لە مێژوودا تێناپەڕێت، بەڵکو دەبێتە تارماییەک و بەردەوام بەرۆکی ویژدانیان دەگرێت، وەک پاول تیلیش دەیگوت: ئەگەر هەرچی جوولەکە هەیە لەسەر زەویدا نەمایە، هێشتا مەسەلەی جوولەکە لەناو مەسیحایەتی دەما. هەڵبەت تیلیش لێرەدا مەبەستی ئەوەیە لە یادەوەری مەسیحایەتیدا هەرگیز جوولەکایەتی وەکو نەیارێک ئاوا نابێت. دۆخی کورد و داگیرکارانی لە ئێستادا بەهەمان شێوەیە کاتێک دوای هەموو چەپاندن و فشارێکیان بۆ سەر کورد بەشێوەیەکی هیستریایی پەلامار دەدەن و پێیانوایە بە قەدەغەکردنی زمان و کولتووری کوردی ئیتر سەقامگیری و ئارامی بۆخۆیان چێ دەکەن، لەکاتێکدا پێچەوانەکەی دروستە، چونکە بەسەیرکردنێکی خێرای ئەو دەوڵەتانەی کوردیان بەسەردا دابەشکراوە، ئەوەمان بۆ ساغ دەبێتەوە کە نائارامترین دەوڵەتەکانی دنیا ئەوانن. بۆیە ئەوان گەر کوردیش بێدەنگ بکەن، هێشتا مەسەلەی کورد وەکو دەنگێک زایەڵە دەداتەوە لەناو گوێچکەی مێژوویاندا.
بەڵام بەو هەڵە گەمژانەیەی سەدام کردی، کە دیارە مێژوو هەر هەڵە دروستی دەکات نەوەک پلان، ئەو پلان و سیاسەتی جینۆسایدە سەری نەگرت. بەمەش ساتی هەڵڕشتنی تووڕەیی سیاسی و نەتەوەیی زەنگی لێدا و لەماوەیەکی زۆر کورتدا شارەکانی کوردستان لەهەموو نیشانەکانی ئەو ڕژێمە پاککرانەوە، شادمانییەکی بێوێنەی سیاسی و وجودی ڕۆحی تاک و کۆی کوردی بووژاندەوە. جوانترین ساتەوەختی هەستکردن بەئازادی لەوێدا لەدایک بوو کە مرۆڤەکان لە ستەمێک ڕزگاریان بوو. لێرەوەیە ڕزگاربوون لە ستەمێک بایەخی جەوهەرییانەی زۆرترە لەو ئازادییەی دواتر تاکەکان داخوازی دەکەن. هەموو ڕاپەڕین و شۆڕشێک سەرەتا ڕزگاربوون لە ستەمێک دەهێنێتە ئاراوە، پاشان ئەگەر ڕەخسا ئەوا ئازادیش فەراهەم دەکات، ئەگەرچی زۆرینەی ڕزگاربوونەکان ئازادییان دەستەبەر نەکردووە، بەمەش دەگوترێت ڕزگاربوون لە ستەمێک و جێگرتنەوەی بە ستەمێکی تر. مێژووی شۆڕشەکانی مرۆڤایەتی بریتی بووە لە خەباتی ڕزگاربوون لە ستەمکار، لە داگیرکار و لە زەوتکار، پاشان بریتی بووە لە هەوڵی دابینکردنی ماف و ئازادی و دادوەریی کۆمەڵایەتی. لێرەوەیە ئەگەر ئێمە وەکو گەلێک داگیرکراو و پارچە پارچەکراو بین، ئەوا خەباتی ئێمە خەبات بووە بۆ ڕزگاربوون لەویتری داگیرکار، داگیرکار پەلامارت دەدات کە تۆ لەڕووی ئیتنی و دینییەوە جیاوازیت، هەر ئەم دوو هۆکارەش دەبێت ببنە پاڵهێزی بەرەنگاربوونەوەکانی تۆ. هانا ئارێنت جارێکیان گوتی: ئەگەر وەکو جوولەکەیەک پەلامار درایت، دەبێت وەک جوولەکە بەرەنگاری بکەیت نەک وەک پارێزەری مافی مرۆڤ. هەموو ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر ئێمە تەنیا لەبەر کوردبوون بووە، لەبەرئەوە هەموو خەباتی کوردیش دەبێت لە کوردبوونەوە بێت و ڕەچاوی ئایدیا ناڕیالستی و ناوەختەکانی تر نەکات. بۆیە ئەگەر توندوتیژییەکیشمان هەبووبێت، کە هەرگیز نەمانبووە بەرانبەر دەرەوە، ئەوە توندوتیژییەکی مۆراڵی بووە.
لەسەدەی هەژدەدا شۆڕشی ئەمەریکی بریتی بوو لە خەبات بۆ ڕزگاربوون لە داگیرکاری ئینگلیزی، دواتر مۆدێرنترین و مەدەنیترین دەستووریان بۆ دابینکردنی مافی هاووڵاتیبوون لەناو نەتەوەی ئەمەریکیدا داڕشت، هەروەها شۆڕشی فەرەنسی بریتی بوو لە ڕزگاربوون لە مۆنارچیزم و لە پاشایەتی، پاشان کار بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی تاک کرا، برایەتی و یەکسانی و ئازادی وەکو دروشم هاتە ناو پرۆسەی هاووڵاتیبوونەوە و هەر لەو دەمەوە دەوڵەتی نەتەوە لەدایک بوو، ڕاپەڕینی کوردیش بریتی بوو لە ڕزگاربوون لە ڕژێمی بەعس، لەو ڕژێمەی کە مافی بوونی بیۆلۆگی ئەوانی زەوت کردبوو، بەڵام ڕاپەڕینەکە بەدوای خۆیدا پرۆسەیەکی هاووڵاتیبوونی واڵا و چالاکی نەخستەوە، ئەمەش هۆکاری ئەوەیە کە ئێستا نە هەرێمێکی یەکانگیری سیاسی شک دەبەین و نە هاووڵاتییەکی ئازاد و دوور لە گەندەڵی و بگرە گوتارێکی سیاسی نەتەوەییشمان نییە. شۆڕشەکان سەرەتا ڕزگاری دێننە ئاراوە، لە ڕزگاریشەوە دەبێت ئازادی بێتە ئاراوە. ئەو شۆڕشەی لەم سەرەتایەوە دەرنەچێت مەحکومە بەوەی ستەمکاری دووبارە بکاتەوە. لە شۆڕشی فەرەنسیدا ئەو خەڵکەی لە 1789 دا لە پاریس گردبوونەوە، لەبری ئەوەی هاوار بکەن خەڵک، هاواریان دەکرد نەتەوە. وەک هانا ئارێنت، سەبارەت بە شۆڕشی فەرەنسی دەڵێت: بریتی بوو لە ڕزگاربوونی خەڵک بۆ ئەوەی ئازادبن لە مۆنارشیزم و کۆمار دابمەزرێنن.
بەڵام لە ڕاپەڕینی کوردیدا لە دوای ڕزگاربوون لە سیستەمی دیکتاتۆری، چ پلانێکی سیاسی ئەکتیڤ شک نابەین چارەنووسی سیاسیی ئەو دەڤەرە یەکلابکاتەوە، دۆخێک کە تا ئێستا درێژەی هەیە، نە دەتوانین بڕیار بدەین جیابینەوە لە بەغدا و کەچی بە دوودڵییەکیشەوە دەڵێین سەر بە بەغداین. ئەم دۆخە جۆرێک خودنامۆبوونی ئۆنتۆلۆژی لێکەوتووەتەوە کە سیمپتۆمەکانی ئەوەیە هەرێمی کوردستان لە نێوان دوو ئیدارە و زۆندا بەشێوەیەکی شیزۆفرینی خۆی دەبینێتەوە. ڕاستە ڕیفراندۆم ئەکتێکی سیاسی بوێرانە بوو بۆئەوەی ئەو شیزۆفرینیایە نەهێڵێت و دووبارە دووکەرتبوونە سیاسییەکە ئینتیگراسیۆن پێ بکاتەوە، بەڵام زاڵبوونی ڕۆحی دژایەتیکردنی یەکتری و نیفاقی سیاسی دەوڵەتان بووە مایەی زوو ئاوابوونی ئیرادەی سووربوون لەسەر ئەنجامەکانی، بۆیە هێشتا ڕیفراندۆمیش ئەو شیزۆفرینییایەی نەڕەواندووەتەوە.
ئەوەی ئێستا بتوانێت بەڕێچکەیەکی عەقلانی و ڕیالیزمانە سیاسەت بکات، دەبێت بگەڕێت بۆ دەستپێکێکی تر لەناو ڕەوتی مێژوودا بۆ دووبارە لەدایکبوونەوەی نەتەوە. نەتەوە خۆی چییە جگە لە لەدایکبوون، دەستەواژەی نەتەوە NATION لە زمانە ئەوروپییەکاندا بنەڕەتەکەی لاتینییە و لە وشەی ناتومNATUM ەوە هاتووە کە بە مانای لەدایکبوون دێت، هانا ئارێنت چەمکی ناتالیتێت Natalität بەکاردەهێنێت کە بە مانای لەدایکبوون دێت بۆ پرۆسەی دەستپێکردنەوە لە سەرەتایەکی نوێوە. چونکە هەموو لەدایکبوویەک نوێهاتوویەکە. هەربۆیە یەکێک لە پێناسە جوانەکان لای ئارێنتە کە دەڵێت: ئازادی ئەوەی ئازاد بیت، واتە لەدایکبوونی دەستپێکێکی نوێ.
دوای ئەم کرۆنۆلۆژییە کورتە، با ئێمە لێرەدا بپرسین ئایا لە دوای ڕاپەڕینەوە چی لەدایک نەبوو. کام سەرەتایە فەرامۆش کراوە؟
لەمەدا من نامەوێت شوێن ئەو لێکدانەوە ڕۆژنامەنووسییەی بواری ڕۆشنبیری کوردی بکەوم کە بەردەوام تیری ڕەخنەیان لەسەرئەوەیە چ شتگەلێکی خراپ لەلایەن دەسەڵاتی کوردییەوە کراوە، بەڵکو من بەپێچەوانەوە دەپرسم ئەم فۆرمە کوردییە، ئەم قەوارە سیاسییەی دەسەڵات چ شتێکی خولقێنەری فەرامۆش کرد. چونکە ئەگەر ئێمە تۆزقاڵێک ڕیالیزمانە بیربکەینەوە، نەک ئایدیۆلۆژییانە، ئەوا دەبێت هەلومەرجی ژینگەی کولتووریی کوردی بناسین، پسایکۆلۆژیای کۆلەکتیڤی کوردی بناسین، ئاستی کواڵیتی تاکی کوردی بپێوین، کە ئەمەشمان کرد ئەوسا تێدەگەین ئێمە لەبەردەم چ سوبستانسێکداین و چ کەرەسەیەکمان لەبەردەستدایە بۆ دروستکردن. من پێموانییە هیچ خەباتێکی چینایەتی لە کوردستاندا هەبووبێت و هەبێت، تەنانەت ڕاپەڕین و جووڵانەوە کۆمەڵایەتییەکانی دوای ڕاپەڕینیش ناواخنێکی چینایەتییان نەبووە، وەکچۆن شۆڕشی ئەمەریکی و فەرەنسی و بەهاری گەلانی عەرەبیش هیچیان چینایەتی نەبوون، بەڵکو جگە لە شۆڕشی ئەمەریکی کە دژی داگیرکاری بوو، ئەوانیتر پتر ڕیفۆرماسیۆنی فەرمانڕەوایی بوون. کاتی خۆی ڕۆسۆ و ڕۆپسپێر و کانتیش پێیانوابوو ئەو شۆڕشە بریتی بووە لە بەدەستهێنانەوەی شکۆ و سەروەری مرۆڤ، چونکە وای کرد هەموو مرۆڤێک لەڕووی مافەوە یەکسان بێت و لەڕووی داراییەوە ئازاد بێت. لەکاتێکدا مارکس پێیوابوو ئەو شۆڕشە بریتی بووە لە پێکدادانی چینایەتی. ئێمە ئەگەر لە ڕوانگەی ئەمڕۆوە بۆچوونەکانی ئەم بیرمەندانە هەڵبسەنگێنین، دەبینین مارکس نیشانەشکێنێکی دەستڕاست نەبووە.
هەمان پێودانگ بۆ ڕاپەڕینە کوردییەکان بەدروست دەبینم کە خەبات بوون بۆ بەدەستهێنانەوەی شکۆی نەتەوەیی پتر لەوەی خەباتێکی چینایەتی بەرتەسک بووبن. بەڵام بۆچی لە منداڵدانی ئەو شۆڕشانەوە نەتەوەی ئەمەریکی و فەرەنسی لەدایکبوون و لە ڕاپەڕینی کوردییەوە نەتەوە لەدایک نەبوو؟ تەنانەت بۆ لەدوای ئەمانەوە لە ئەڵمانیاشدا پرۆژەی سیاسی بۆ دروستبوونی نەتەوە لەدایک دەبێت، ئەگەرچی ئەڵمان وەک ئەنترۆپۆلۆگ پێلسنەر دەڵێت: نەتەوەیەکی درەنگوەختن؟
خەوش و کەماسییەکە لەدنیای کوردیدا چەندێک پەیوەستە بە هۆشیاریی سیاسییەوە، پێموایە بڕێکیشی دەکەوێتە ناو کرۆمۆسۆم و جینەکانمانەوە کە تابڵێی لاسار و چەقاوەسوو هەڵکەوتوون. واتە بەشێکی لەوێدایە هۆشیار نین بەوەی لەسەر گۆی ئەم زەوییە دەبێت قەوارەیەکی سیاسی و نەخشەیەک لە ئەتڵەسی سیاسی جیهاندا بۆخۆمان بکێشین، قەوارەی سیاسیش بە یەکخستنی ئیرادەیەکی سیاسی گشتییە بۆ توانەوەی هۆزەکان، تیرەکان، خێڵەکان لەناو بۆتەی تەنێکی گەورەتردا کە پێیدەگوترێ نەتەوە، هۆشیارییەکی ئاوەهاش بە پرۆسەیەکی پەروەردەیی و سیاسیدا تێدەپەڕێت، بێهۆ نییە لە هەموو مێژووی سیاسیماندا ژمارەی ئەو ئەدەبیاتە سیاسییەمان ناگاتە ژمارەی پەنجەکانی یەکدەست کە ئایدیای سیاسی گەورەی هەبێت. بەشەکەی تریشی پێکهاتەی جینەتیکیمان، هەڵکەوتنی سروشتیمان، ڕەمەکی ئاژەڵیمان بەتێپەڕینی بەناو هەموو ئەو کارەسات و تراژیدیایانەی بەدرێژایی مێژوو بەسەرماندا هاتوون، نەیانتوانیوە ڕەمەکی سروشت و ناتور (Natur) لە ئێمەدا بگۆڕن بۆ پێکهاتەی فەرهەنگ و کولتوور، لێرەوەیە ئێمە لەڕووی ڕەگەزەوە هێندەی لە دژی یەکتر گیڤ دەخۆینەوە، هێندە بەرەنگاری دەرەوە نابینەوە. واتە نەکەوتووینەتە ژێر کاریگەری تیۆری گەشەسەندنی کولتووری کە لێوەی ئەو بازدانە گەورەیە چێبێت، لە پەرشوبڵاوییەوە بۆ یەکانگیری، لە خێڵەوە بۆ کۆمەڵگا و لە ژێردەستەوە بۆ سەربەخۆ. هەردوو ئەم بەشە دەبێت لە چەند کێڵگەیەکەوە لێکدانەوەی تیا هەڵکۆڵین، لەپێش هەموویانەوە کێڵگەی ئەنترۆپۆلۆژی، واتە مرۆڤناسی کوردی وەها کار پێ بکەین کە لەهەموو بارودۆخێکدا هەردوو ئەو فاکتۆرە لەبەرچاو بگرێت.
ڕاپەڕین کە بریتی بوو لە دەستپێکی ڕزگاربوون، دەبوو بشبێتە سەرەتای لەدایکبوونی ئەو بازدانە، سەرەتای گەشەسەندنی کولتووری ئێمە، سەرەتای لەدایکبوونی تاکی ئازاد و هاووڵاتی ئازاد. شتێک کە هێشتا ڕووی نەداوە، بە پلەی یەکەم فۆرمی دەسەڵات لێی بەرپرس نییە، خێڵەکانیش لێی بەرپرس نین، بەڵکو هەموو ئەو دەستەبژێرانە لێی بەرپرسیارن کە ئەو دوو فاکتۆرەیان لەڕووی ئایدیۆلۆژییەوە فەرامۆش کردووە.
ئێمە فێرنەکراوین، پەروەردە نەکراوین و گۆش نەکراوین ئازادی و سەربەخۆیی سیاسیمان بوێت. کە ئەمەشمان تێدا نەبوو هەموو ڕزگاربوونێکمان دەبێتە بەرەڵابوونی کۆمەڵێک خەڵکی شێت و شێواو لە بەندیخانەیەکەوە بۆ سەر جادە و شەقامەکان و کۆڵانەکان.
ڕزگاربوونێک بەرنامەی بۆ ئازادبوونی هاووڵاتی نەبێت و دەزگای تۆکمەی دیسیپلینکەری مەدەنی نەخاتەوە، جگە لە بەرەڵابوون هیچیتر ناخاتەوە، بەمەش دەگوترێت گەلی ناشارستانی و دیموکراسی بەرەڵا. یەکێک لەو ئەکتە گرنگ و ئەفرێنەرانەی تر کە فەرامۆشکراوە، دەرکردنی دەستوورێکی تایبەتە بە هەرێم، دەستوورێک لەڕێی یاساییەوە ئەوەمان بۆ دەستەبەر بکات: ئێمە لەلایەن هیچ دەسەڵات و دەستوورێکی دەرەکییەوە نابێت ڕێنمایی بکرێین، جگە لە دەستوور و لە دەزگا نێوخۆییەکانی خۆمان. ئەمە گرنگترین هەنگاوی یاسایی و سیاسییە بۆ دابینکردنی ئازادی سیاسی. ئەگەر کارڵ شمیدت گوتبێتی: سەروەر ئەو کەسەیە باری نائاسایی یەکلا دەکاتەوە، ئەوا سەبارەت بە ئێمە، سەروەر ئەو گەلەیە کە خۆیان نەریتی دەسەڵاتی خۆیان دادەڕێژن. لەکوێشدا گەلێک سەروەریی خۆی دۆڕاند، لەوێدا هیچ تاکایەتیەکیش نایەتە ئاراوە، تاکی ئازاد کاتێک دروست دەبێت کە گەل خاوەنی دەستوور و دەزگای سەربەخۆی بێت. لێرەوە دەگەڕێمەوە سەر ئەو تێزەی لە سەرەوە درکاندم: ڕزگاربوون پێشمەرجی ئازادبوونە. گەر هەموو ئارشیتایپی ئازادی گەلانی دنیا بهێنینەوە، هەر بەم ڕێچکەیەدا تێپەڕیون کە لەم سێ خاڵەدا کورتیان دەکەمەوە:
١ــ یان سەرەتا ڕزگاربوون لە فشاری دەسەڵاتێکی دەرەکی.
٢ــ یاخود سەرەتا ڕزگاربوون لە فشاری دەسەڵاتێکی نێوەکی.
٣ـ پاشان ئازادی تاکایەتی و کۆمەڵایەتی و ئازادیی ڕادەربڕین و سیستەمی دیموکراتی بووەتە نەریت.
لەدوای ڕاپەڕینەوە لەڕووی فیزیکییەوە ئێمە جوگرافیایەکی ڕزگارکراومان، تاڕادەیەکی فراوان، بەدەستهێناوە، بەڵام لەڕووی پسایکۆلۆگی و دەستوورییەوە هێشتا ڕزگار نەبووین و هێشتا لەناو ڕاپەڕیندا دەخولێینەوە، بۆیە باسکردنی هەموو جۆرە ئازادییەکانی تر بە ناڕیالیزم و ناڕاسیۆنالیزم دەبینم. ئێمە دەزانین کە هەموو تەوژمی ئازادی ئیندیڤیدوالیزمی خۆرئاوا پاش ڕزگاربوونی گەلان لە فشارەکانی سەرەی هاتووە.
کاتێک ئێمە قۆناغێکمان تێنەپەڕاندبێت، واتە هێشتا تیایدا گینگڵ دەدەین، تیایدا دەسووڕێینەوە، دەرککردن بەم ڕاستییەش هۆشیارییەکی بەدبەختمان لا چێ دەکات. بۆیە ورووژاندنی ئەم پرسیارە لە خۆیدا جۆرێک ڕاپەڕینی تری پێویستە، جۆرێک لەدایکبوونەوەی سەرەتایەکی نوێ کە بتوانێت لە ڕزگاربوونەوە بمانپەڕێنێتەوە بەرەو ئازادبوون.


