لە سلێمانی پەیکەرێک بۆ پرۆفیسۆر (جەمال نەبەز) دروستدەکرێت و لیژنەی ئامادەکاری پرۆژەکانی دکتۆر جەمال نەبەزیش دەڵێن پەیکەرەکە لە ئارامگەکەی دادەنرێت.
لیژنەی ئامادەکاری پرۆژەکانی دکتۆر جەمال نەبەز بڵاوی کردەوە، بەمزووانە پەیکەری زانای نێوداری کورد دکتۆر جەمال نەبەز لەسەر ئارامگەکەی دادەنرێت کە پەیکەرەکە لەلایەن ھونەرمەندی پەیکەرساز (چێنەر نزار)ەوە دروستکراوە و خاتوو نیعمەت تۆفیق مەحموود، خوشکی جەمال نەبەز خەرجییەکەی لەئەستۆ گرتووە.
پرۆفیسۆر د.جەمال نەبەز ساڵی 1933 لە سلێمانی لەدایك بووە. لەسەرەتای خوێندنیدا جگە لە خوێندنی ئیسلامی، فەلسەفە و دەروونزانی و فیزیا و ماتماتیكی خوێندووە. لە ئەڵمانیا زانستە سیاسییەكان و رۆژنامەڤانی و یاسای خوێندووە.

لە شارەكانی كەركووك، هەولێر، بەغدا و بەسرە وانەی گوتووەتەوە. ماوەیەكیش لە زانكۆی ئازاد لە بەرلین مامۆستا بووە.
ساڵی 1962 چووەتە ئەوروپا بۆ تەواوكردنی خوێندن و پاشان لە زانكۆكانی میونخ ، ئۆزبورگ خوێندنی ئیسلامی و ئێرانناسی و شێوازی گوتنەوەی وانەی خوێندووە. بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری مێژوودا وەرگرتووە بە لێكۆڵینەوەیەكی زانستی لەسەر میر محەممەدی رواندز.
یەكێك بوو لە سەرەكیترین دامەزرێنەرانی كاژیك و نووسەرانی (كاژیكنامە). لە ساڵانی سەرەتادا یارمەتییەكی زۆری پارتی سۆسیالیستی كورد (پاسۆك)ی داوە، رۆڵێكی گرنگی هەبوو لە چالاكییەكانی كۆنگرەی نیشتیمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتی جەواد مەلا. رۆڵێكی گرنگی هەبوو لە بڵاوكردنەوەی بیر و هۆشیاریی نەتەوەییدا لە كوردستان .رۆژی 8/12/2018 لە شاری بەرلین كۆچی دوایی كرد.

