دوو شت شایستەی ئەوەن هەرگیز لەباوەشیان نەیەینە دەرێ، یەکەمیان ژن و دووەمیان کتێب. ڤاڵتەر بەنیامین من و کتێب هێشتا خوێندکاری قۆناغی سەرەتایی بووم، کاتێک کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامەم کەوتنە بەردەست و ناوبەناو چەند لاپەڕەیەکم لێ دەخوێندنەوە. هێندەی پێ نەچوو، هەر کە گەیشتمە قۆناغی ناوەندی، ئیتر کتێب بووە هاوڕێی سەرەکیم ، تا وام لێهات هیچکات بەبێ کتێب لەماڵەوە نەدەچوومە دەرەوە و زۆرینەی کاتەکانی پشووم لە کتێبخانەی گشتی و ئەوقافی سلێمانی تەنیا لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەدا دەبردە سەر کە وەک من بایەخیان بۆ کتێب دادەنا، کاتێکیش بۆ خوێندنی زانکۆ چوومە بەغدا، لەوێ لەئەنجامی هەوڵی زۆرم بۆ پەیداکردنی کتێبی دانسقە، کۆمەڵێک کتێبم دەستکەوت کە ئەوسا لە هەموو سلێمانیدا چنگ نەدەکەوتن، لەوانە کتێبەکانی هایدێگەر، کیرکیگورد، هۆلدەرلین و ڕیلکە و فوکۆ و دۆلۆز و شتراوس. ئیتر کتێب لای من وەکو نوشتەیەکی لێهاتبوو کە بۆئەوەی هەست بە پاراستن و بەختەوەری بکەم، دەبوو هەمیشە پێمبووایە و لەگەڵم بووایە. هەر لەو قۆناغەشدا بوو کە بەربڵاوترین ڕستەیان لەناو ڕۆحمدا وەکو نەمامێک ڕواند و تا دێت لەگەڵ ڕەوتی بەساڵاچوونمدا ئەویش لەناوەوەمدا گەشە دەکات، ڕستەی: کتێب باشترین هاوڕێیە. لەڕاستیدا ئەوکات من تەنیا لە ڕووە مۆراڵییەکەوە لە چەمکی هاوڕێ دەگەیشتم، چونکە ڕستەکە ئاوەڵناوی باشترینی تێدایە کە دیارە دەستەواژەی باشترین لێرەدا ئاوەڵناوێکی بەراوردییە بۆ هاوڕێیەک کە خراپ نەبێت و زیانت پێ نەگەیەنێت و لەهەموو هاوڕێکانی تریش باشترە. ئەم ڕستەیە ئەوکات نەیتوانی دووراییەکانی تری کتێب و هاوڕێم بۆ بدۆزێتەوە، تا ڕۆژگارێکی زۆر درەنگتر کە ڕستە بەناوبانگەکەی شاعیری ئەڵمانی جان پاوڵم بیست: کتێب نامەیەکی ئەستوورە بۆ هاوڕێیان. ئیتر گەیشتمە ئەو بڕوایەی لەم ڕستەیەدا چیەتی و کرۆکی کتێب بە یەکجارەکی دەستنیشان کراوە. چییەتی کتێب بریتییە لە گەیاندنی پەیام بەو خوێنەرانەی لە هەرکوێیەک بن ئەو پەیامە دەگرنەوە و دواجار دەبنە دۆستی ئایدیاکانی ئەو پەیامە. کتێب هەر هاوڕێ نییە، بەڵکو ئامرازێکی پەیداکەری هاوڕێشە. ئێمە کە کتێب دەبینین راستەوخۆ بیر لە خوێندنەوەی دەکەینەوە، بەڵام هەندێکمان بیر لە نووسینەکەشی دەکەنەوە، چونکە ڕاستە بەرلەوەی نووسەر ببینرێت خوێنەر دەبینرێت، بەڵام نووسەریش بریتییە لە ئەفرێنەری ئەو دەقەی بۆ خوێنەرەکانی داڕشتووە. هیچ کاتێک هیچ تیۆرییەکی ڕەخنەیی و هەڵوەشێنەری ناتوانێت مەرگی تەواوەتی نووسەر ڕابگەیەنێت، چەندێکیش وای ڕابگەیەنێت. بۆیە سیانەی نووسەرــ دەق ــ خوێنەر هەرسێکیان پێکەوە لەناو کتێبدا خۆیان دەدۆزنەوە و ژیانیش دەژێنن. نموونەی ئەو کتێبانە زۆرن ئێستا ڕیزیان بکەم کە تۆی خوێنەریش تەبا دەبیت لەگەڵمدا لەوەی ئەو کتێبەی بەردەستت واهەست دەکەیت بۆ تۆ دەگەڕێت و تۆش لەمێژە بەدوای ئەودا وێڵ بوویت. کتێب گرتن بەدەستەوە و خوێندنەوەی، واتە ئامادە بین گوێ بۆ دەنگی ئایدیاکانی ناوی ڕادێرین و پێشوازیشی لێ بکەین، ئامادە بین پەیام و ئامۆزشەکانی نووسەرەکەی ڕێنماییمان بکات و جڵەومان بدەینە دەست بیرۆکە بێگانە و نائاشناکانی. خوێندنەوەی کتێب واتە ئامادەبین بچینە نێو جیهانی بیرۆکەکانی ئەوانیتر و تاڕادەی خۆگۆڕین و بیرگۆڕین لەگەڵ خوێندنەوەدا بەرخورد بکەین. ئامادەبین ئەندێشەکانی ئەویتر، بێگانەکان، وەربگرین و پیادەشیان بکەین. ئامادەبین فەرمایشتەکانی نێوی بسەپێنین بەسەر خۆماندا و ڕەفتاری نوێ و ناباوی پێ بنوێنین. کتێب زۆر جار بووەتە مایەی بیرگۆڕین و ئاینگۆڕینی خوێنەرەکانی، بووەتە مایەی بیرگۆڕینی ئایدیۆلۆژیستە دۆگماتیکەکانیش، رووداوێک کە ڕەنگە شۆڕشێکی کۆگەلیش نەتوانێت ئەنجامی بدات. لێرەوەیە کتێب وەک ئامرازێک بۆ خۆپەروەردەکردن و وەک میدیۆمێک بۆ خۆگۆڕین و وەک میدیۆمێکی کۆمیونیکاسیۆنی بە دنیاوە، لەمێژووی فەرهەنگەکانی نووسیندا ڕەوتی کردووە و هاتووە تا لە سەردەمی ئێستاماندا ڕووبەڕووی بەگژداچوونەوەی میدیا نوێ دیگیتاڵییەکانی وێنە و ئینتەرنێت بووەتەوە و لەم سەرەمەرگەدا درێژە بە هەناسەکانی خۆی دەدات. لەسەردەمی میدیای نوێدا کە فۆرمی کتێب وردە وردە بەهۆی دیکتاتۆریەتی وێنەوە دیار نامێنێ، سلۆتەردایک ئەوە ناودەنێت بە: قەیرانی عەقڵانیەتی کتێب. لەو ڕستەیەی جان پاوڵ- دا ڕەگەزێکی هیومانیزم ئامادەیە، بەوەی مرۆگەری بریتییە لە پرۆسێسێکی خوێندنەوە و ئەلفەبێتاندن، رەگەزێک کە فیلۆسۆف سلۆتەردایک ماندوونەناسانە لە گوتارە ئاگراوییە ناودار و بەدناوەکەیدا: چەند ڕێسایەک بۆ باخی مرۆڤ. ڕۆدەچێتە نێو ڕەهەندە هیومانیزم و پێداگۆکی و ڕامکردنخوازی و پەروەردەییەکانییەوە و لێوەی کتێب وەکو میدیۆمێکی کۆمیونیکاسیۆن و وەک میدیۆمێکی ئەلفەبێتاندنی هیومانیزم ڕاڤە دەکات. کاتێک پیرەمێردی شاعیر و حوزنی موکریانی لە کوردستاندا چاپخانە دادەمەزرێنن، بەوە بەردی بناغەی پەروەردەکردنی مرۆییان دانا و لێوەی کتێب خوێندنەوەیان کردە دیاردەیەکی شارستانی و ئامرازێک بۆ بەخێوکردنی مرۆڤی کورد. من خۆم ئەو ڕستەیە زۆر دەمگرێتەوە و زۆرێک لەو کتێبانەی خوێندوومنەتەوە کردوویانم بە هاوڕێی پەیامەکانیان و بە دۆستی بیرۆکەکانیان. من ئێستا هاوڕێی دوورم زۆرە و هاوڕێی نزیکم کەمە. لەڕاستیشدا کتێبەکان وەکو هاوڕێ وان، ئەوانەی ئاسایین هەروەکو ناسیاو دەمێننەوە و ئەوانەی تایبەتن دەیانکەینە هاوڕێ و دۆست. هەر لەسەردەمی گریکیشەوە فەلسەفە بریتی بووە لە گەڕان بۆ پەیداکردنی هاوڕێ. جیهان خۆی بریتییە لە کتێبێک و ئێمە دەیخوێنینەوە، لەڕاستیدا جیهان خۆی بریتییە لە حەشارگەی ئایدیاکان، لەناو جیهاندا بوون و هاتنە نێو جیهانەوە بریتییە لە گەڕان بۆ ئایدیا حەشاردراوەکانی و سۆراخکردنی بیرۆکە پەنهانەکانی. بۆیە خوێندنەوە بریتی نییە لە گوێگرتن لە چرپەکانی ناوەوەی خۆت، بەڵکو بریتییە لە بەرخوردکردن لەگەڵ ڕاستییە دوورەکاندا، لەگەڵ ئەو دەنگانەی لە جێگا زۆر دوورەکانەوە دێن. ئەگەر مەسیح داوامان لێ بکات نزیکەکان ودراوسێکانمان خۆشبوێت و نیتچەش دوامان لێ بکات دوورەکانمان خۆشبوێت، ئەوا کتێب زیاتر ناسنامەیەکی نیتچەییانەی هەیە. لێرەوە دەمەوێت سەبارەت بەو ناسنامەیە هەندێک وردە کۆپلە بنووسم کە وەزیفەی کتێب بەرجەستە دەکاتەوە، واتە چۆن کتێب وا دەکات لە فۆرمێکی بەردەستدا خوێنەرەکانی هەڵفریوێنێ بۆ دنیا دوورەکان و بەپێچەوانەشەوە دنیا نائامادەکان بۆ خوێنەرەکانی ئامادە بکات، شتێک کە وەکو تێلەپاتی ڕۆڵ دەگێڕێت. تێلەپاتیزمی کتێب لەو پرۆژە ئەنترۆپۆلۆگییەی سلۆتەردایک هەوڵی داڕشتنی داوە، یەکێک لە پێناسەکانی مرۆڤ بەم شێوازە هاتووە: مرۆڤ ئاژەڵێکی تێلەپاتییە. تێلەپاتی بە واتای: لە دوورەوە و لەڕێی هەستەوە کاربکرێتە سەر شتێک. واتە شتێک، ڕووداوێک لە دوورەوە هەست و سۆز بوروژێنێ و ئێمە لەڕێی دەرکپێکردنی سەرووهەستەوەریمانەوە بچینە ناویەوە. ئەم خەسڵەتە زۆرجار لە فیلمی ساینس فیکشن و ڕۆمانی خەیاڵی زانستیدا دەبینرێت کە چۆن عەقڵێک لە دوورەوە دەرک بە عەقڵێکی تر دەکات و بگرە جڵەویشی دەکات. ئەوەی من لەم خوێندنەوەیەدا پێویستمە، ئەوەیە کە کتێب وەک ئامرازێک دەبێتە شانۆی ئەو ڕووداوە، شانۆی کارتێکردنە سەر عەقڵی خوێنەر. کتێب میدیۆمێکە وا لە خوێنەرانی دەکات نووسەرەکەی لە دوورەوە جڵەوی گومانەکانی و ترسەکانی و دڵەڕاوکێکانی و تەنانەت یەقین و دۆگماکانی بکات. لێرەوە تێلەپاتیزم لەناو کتێبدا بەرپا دەبێت. بەڕادەیەک وا لە خوێنەر دەکات، زۆرجار ژیانی خۆیشی بەپێی بیرۆکەکانی کتێبەکان ئاراستە بکات و ڕێنماییە مۆراڵییەکانیشی هەر لە کتێبەوە وەربگرێت. ئێمە زۆرجار وتەی پاڵەوانی ڕۆمانێک، یان ڕووداوێکی ناوازەی چیرۆکێک یان هەستێکی ئیستاتیکی دەقێک وەها کارمان تێدەگات کە لە هەموو ئەزموونی خودی ژیانی ڕاستەقینەی خۆمان کاریگەرترە لەسەرمان، کێ بێت ئەم ڕستە تۆقێنەرەی ناو ڕۆمانی هێڵنجدانی سارتەر: "ئەوانیتر دۆزەخن". هەموو خۆشویستنێکی ئەوانیتری لێ پیس نەکردبێت، یان کێ بێت ڕستە ناودارەکەی نیتچە: "یەزدان مردووە". هەموو یەقینێکی لا پووچەڵ نەکردبێتەوە. یان کێ بێت دەقە پیرۆزەکانی تەورات و ئینجیل و قورئان، هەموو دڵەڕاوکێ و گومان و بەدگومانەکانی لا حەرام نەکردبێت، یان کێ بێت دۆگماکانی مارکس و ئەنگڵس، بەوەی هەموو مێژوو بریتییە لە مێژووی ململانێی چینایەتی، هەموو ئاشتبوونەوەیەکی کۆمەڵایەتی لا نەکردبێتە شتێکی نەشیاو و نەکردە. لەنێو هەموو پاڵەوانی ڕۆمانەکانی دنیادا، من تەنیا دەمویست بەرجەستەی ڕۆمانەکانی کامۆ بکەم. ئاوەها ڕوویەک لە ڕووەکانی گەردوونگەرایی ئەوەیە کە کتێب دەیخاتەڕوو، کتێب سنووری کتێبخانە نیشتمانییەکان تێدەپەڕێنێ و لەئەودیوی سنووری نیشتمانەوە هەڵدەستێت بە کۆمیونیکاسیۆنێک لەنێوان ناوەوە و دەرەوەدا، لەنێوان نزیک و دووردا، لەنێوان خود و ئەوانیتردا، لەنێوان لۆکاڵ و یونیڤێرساڵ- دا، لەنێوان ناسیۆناڵ و ئینتەرناسیۆناڵ- دا. لێرەوەیە هەندێکجار نووسین دەبێتە میدیۆمێکی تێلەپاتیکی سیاسی، وەک سلۆتەردایک دەڵێت. چونکە وا دەکات لە دەڤەرێکی لۆکاڵیی بچووکەوە خۆی لەگەڵ گەورەترین ڕووبەری کولتوورییانەی دنیادا بگونجێنێ. زۆرینەی ئەو ڕۆمان و کتێبانەی دەبنە کتێب و ئەدەبیاتی جیهانی، ڕێک لەو سیاسەتە تیلەپاتیکییەوە دەرچوون. هەر بۆیە هەندێک لەو دەوڵەتانەی بەرگەی ئەو زەوقە گەردوونییە ناگرن، ئەو کتێبانە و ئەو تەوژمانەی نووسین وەکو غەزوی کولتووری پێناس دەکەن. نووسین مەشقێکە، حەشارگەکانی ناوەوەمان دەبات بەرەو شوێنە پەنهانە دوورەکانی دەرەوەمان، کەچی خوێندنەوە گرتنەوەی ئەو پەیامە بێگانانەیە کە ژێدەرەکانیان مەسەلەیەک نین بەلامانەوە. لێرەوەیە تێلەپاتیزمی نووسین، وەکو کاریگەرییەکی ڕۆحی دەسەڵات لە دوورەوە، دەچێتە نێو قەوارەی جڤاتە دوورەکانەوە. بەم پێیە فەرهەنگە نێوخۆیی و لاوەکییەکان دەبنە فەرهەنگی گەردوونی و سەرەکی. بۆیە هەموو ئەو ئەدەبانەی سەروکاریان لەگەڵ ژینگەی نێوخۆییدا بووبێت، دینامیکیەتی ئەم خەسڵەتە هەڵیگرتوون بۆ سنوورەکانی دەرەوە و بەرەو جیهانی بردوون. ئەم کردەوەیە جۆرێک لە هاوکاتکردنی دنیا دەئافرێنێ، ئینجا کتێب وا دەکات ژینی ڕۆح لەم فەرهەنگەدا هاوکات و هاوشوێن بکات لەناو فەرهەنگە دوورەکاندا. ئەم پرۆسێسە جۆرێکە لەو جادووەی نادیار و نائامادە دەکاتە دیار و ئامادە، ڕابردوو دەکاتە هەنووکە، ئەوێ دەکاتە ئێرە، بێگانە دەکاتە دۆست. تەمومژاویترین دیاردە لە دنیای کوردیدا مێژووی لەدایکبوونی نووسینە، واتە لەبەر نەبوونی ئەرشیڤێک کە دۆکیومێنتەکانی نووسینی کوردی ساغ کردبێتەوە، ڕەنگە بۆ لێکۆڵیار و باسکار ئاسان نەبێت هیچ هەڵسەنگاندنێک بکات. مێژوونووسان پێیانوایە ئاڤێستا دێرینترین کتێبی کوردییە، بەڵام ئەمە دەرئەنجامێکی فەرهەنگی لێ نەکەوتووەتەوە، جگە لەو کاریگەرییە ڕۆحانییەی بەسەر زەردەشتییەکانەوە هەیبووە چ شوێنەوارێکی ژیاریی ئەوتۆ کاریگەری بەسەر ژیانی کولتووری و سیاسی و دەسەڵاتگەریی کوردیدا بەجێنەهێشتووە. ڕەنگە نووسینەکانی بابەتایەر لە دێرینترین ئەدەبیاتی نووسینی کوردی بن. پاشان شەرەفنامە و مەم و زینی خانی لە هەرە کتێبە دیارەکانی زمانی کوردی بن. بەڵام چونکە چ قەوارەیەکی سیاسی نەتەوەیی نەبووە لەو زەمانەدا، هەموو ئەو نووسینانە لە پەراوێزی جیهاندا مانەوە. لەو سەردەمانەدا کە ئیمپراتۆرەکان لە ئارادا بوون، کتێب میدیۆمێکی سەرەکی گەیاندنی دەسەڵات بووە، بۆ نموونە فارسەکان شانامەیان هەبوو، گریک ئۆدیسەی هەبوو، عەرەب کۆمەڵێک داستانی هەبووە، ئاوەها دەسەڵات و دەق پێکەوە هاوکات پەل دەهاوێژن و کۆمیونیکاسیۆن دروست دەکەن. لێرەوەیە لەڕێی فانتازیای کۆمیونیکاسیۆنەوە ئەوە دەبینرێت کە چۆن کۆمەڵگەیەکی ئەدەبی توانیویەتی نووسین و کتێب بنێرێتە دەرەوەی قەڵەمڕەوی خۆی. بەڵام کتێبی کوردی کۆمیونیکاسیۆنی بۆ جیهانی دەرەوە نەخواستووە، ئەو زۆر دواتر لە فارسەکان، لەڕێی شەرەفنامە و مەم و زینەوە، کۆکردنەوەی هۆزە کوردییەکان و بەگەلکردنی ئەم هۆزانە گەورەترین ئیشی کۆمیونیکاسیۆنی بووە کە کتێبی کوردی کردبێتی. نەتەوە خۆی چییە، جگە لە فانتازیای ئەو خەڵکە خوێنەوارانە بۆ کۆکردنەوەی هۆزەکان لەناو بازنەی یەک زماندا؟ کاتێک فیلۆسۆفی ئەڵمانی یۆهان گۆتلیب فیشتە ساڵی 1807 لە زانکۆی بەرلین چەند وانەیەکی دا بەناوی چەند گوتارێک بۆ نەتەوەی ئەڵمانی کە تا ئەوکاتەش لەژێر داگیرکاریی فەرەنسادا بوو، لەو دەمەدا شتێک لەڕووی فیزیکییەوە نەبوو بەناوی نەتەوەی ئەڵمان، بۆیە فانتازیای گوتار و زمان دەکەوێتە پێشەوەی واقیعی مێژووییەوە. ئاوەها نووسین و زمان ڕۆڵێکی ئەفرێنەر دەبینن لە بەدیهێنانی فانتازیاکاندا، نووسین هەر ئامرازێکی پەیوەندیساز نییە، بەڵکو وەک سلۆتەردایک لە هایدێگەردا دەیدۆزێتەوە، زمان بۆ ئەوە نەدراوە بە مرۆڤەکان تاوەکو لەیەکتری تێبگەن و قسەی پێ بکەن، بەڵکو بۆ ئەوەشە کە یەکتری پێ ڕام بکەن.
جیهان11-07-2026هونەرمەندێکی کورد لە بنکەیەکی پۆلیسی ژاپۆن بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستداژیلوان زیاد
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست11-07-2026موجتەبا خامنەیی بەڵێنی تۆڵەکردنەوە دەدات؛ ترەمپ بە 1000 مووشەک هەڕەشەی وێرانکردنی ئێران دەکاتتەنیا ئەحمەد