ئێران و ئەمریکا؛ دوو دووژمنی هاوپەیمان!

30-11-2023
عادل باخەوان
A+ A-
 
جارێکی دیکە، رووداوەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەمانبەنەوە سەر ئەو هاوپەیمانییە نافەرمییەی کە لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا، لەسەر ئیدارەکردنی دۆسیە جیاوازەکانی ناوچەکەدا هەیە. ئەم دوو زلهێزە جیهانی و هەرێمایەتییە، دوور لە تەواوی پڕنسیپە ئایدۆلۆژییەکانیان و دوور لە سیستمی بەها و نۆرمە ئەخلاقییە نێوخۆییەکانیان و تەنها و تەنها لە چوارچێوەی ئاسایش و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆیاندا، کۆدەنگن لەوەی کە پێکەوە کارکردنیان بۆ ئیدارەکردنی گرژی، لێکدژی، بەریەکەوتن و ئاڵنگاریەکانی رۆژهەڵات، باشترین بژاردەیە بۆ واشنتن و تاران.
 
یەکێک لە دەرکەوتنەکانی ئەم ئەو هاوپەیمانییە نافەرمییە بریتییە لە کۆندەگی لەسەر سنووردارکردنی جەنگی غەززە و رێگرتن لە فراوانبوونی و دواتر تازەکردنەوەی بەردەوامی ئاگربەستی کاتی و لەکۆتاییشدا هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی درێژخایەن و چارەسەرێکی سیاسی! راستە ئەو ئاگربەستە کاتییەی کە لە دەوحە دانوستانی لەسەر دەکرێت، لەسەرەتاوە تەنیا بۆ ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکانی لای حەماس و گۆڕینەوەیان بە گیراوە فەلەستینییەکان بووە، بەڵام لێرە بەدواوە، هەر لە واشنتنەوە تا تاران، هەوڵێکی چڕ لە ئارادایە بۆئەوەی بکرێت بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی تا چارەسەرێک بە کۆدەنگی ئامادە دەکرێت.
 
لە هەفتەی یەکەمی پەلامارەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەردا، جیهان لەبەردەم شۆکدابوو، سەرۆکی ئەمریکا، وەک زۆربەی سەرۆکەکانی رۆژئاوا، هەڵگری گوتارێکی رادیکاڵی سەرتاسەری بوو، بەڵام کاتێک کە ئەو شۆکە بەریدان و گەڕانەوە بۆ عەقڵانییەتی ساردی ئیدارەکردنی رووداوەکان، بەخێرایی تێگەیشتن لەوەی کە لەنێوبردنی فیزیکیی 30 هەزار ئەندامی حەماس بەشێکە لە مەحاڵ (موستەحیل)، داگیرکردنی سەرتاسەریی غەززە دەبێت بە هەڕەشەیەکی گەورە بەسەر ئاسایشی ئیسرائیلەوە، مانەوەی بنیامین نەتەنیاهوو لە دەسەڵاتدا یەکسانە بە درێژەدان بە قەیرانەکان و گریمانەی تەقینەوەی زیاتریان، پەلەنەکردن لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی قبووڵکراو بۆ ئەو جەنگەی کە لەئارادایە لەبەرژەوەندی هیچ لایەکدا نییە، هەروەک تێگەیشتن لەوەی کە مەحموود عەباس مردوویەکە و زیندووناکرێتەوە و نابێت گرەوی لەسەر بکرێت. 
 
با ئێمە هەمیشە 5ی نۆڤەمبەری 2024مان لەبەرچاوبێت. لەم رێککەوتەدا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ئەمریکا دەستپێدەکات و لەبەرامبەر جۆ بایدنی دیمۆکراتدا، گەورەترین مەترسی هەیە کە بریتییە لە ڤێرژنی دووەمی دۆناڵد ترەمپ، کە سەد و هەشتا پلە رادیکاڵترە لە ڤێرژنی یەکەمی.
 
بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنەکان و رزگارکردنی ئەمریکا و جیهان لە مەترسییەکانی گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپی بریندار، جۆ بایدن پێویستە بەو پەڕی عەقلانییەتەوە مامەڵە لەگەڵ هەموو دۆسیەکاندا بکات، لەپێش هەمووشیانەوە دۆسیەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کە ئامادەییەکی بەهێزی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەخوازێت، بەبێ ئەوەی ئاگری جەنگێکی نوێ هەڵگیرسێنێت و هەر رۆژێک تەرمی چەند سەربازێک بگاتەوە ئەمریکا.
 
بە زمانێکی سادەتر، دەبێت هاوسەنگی لەنێوان لێکدژەکاندا بپارێزێت، گەرنا بەشێکی گرنگ لە دەنگدەرانی لەدەستدەدات. بۆ نموونە پشتیوانی بێ مەرجی (قەید و شەرتی) ئیدارەکەی بۆ ئیسرائیل، دەیخاتە بەردەم مەترسیی لەدەستدانی دەنگی دوو کاتیگۆریی گرنگ کە بریتین لە بەشێکی زۆر لە گەنجانی ئەمریکا لەلایەک و جڤاتی موسڵمانی ئەمریکا لەلایەکی دیکەوە.
 
بەدیوێکی دیکەدا، یەکێکی دیکە لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی ئەو هاوپەیمانییە نافەرمییەی نێوان ئیدارەکەی جۆ بایدن و کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی جەنگی غەززە و رێگەگرتن لە فراوانبوونی، بریتییە لەو وێنەیەی کە دۆناڵد ترەمپ لە ڤێرژنی دووەمدا بۆ جۆ بایدن دروستی دەکات. بەشێکی گرنگی گوتارەکانی ترەمپ لەسەر ئەوەیە کە بایدن ئەو سەرۆکەیە کە جیهان بەرەو جەنگ دەبات، جیهانێکی پڕ لە جەنگی دەوێت و لە 2003 دا لایەنگرێکی سەرسەختی جەنگی عێراق بووە و ئێستاش لە سایەی ئەودا جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا وەک تراژیدیایەکی نوێ سەری هەڵداوە و ناشییەوێت رێگە لە جەنگی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان بگرێت، چونکە ئەو بۆ جەنگ و بە جەنگ دژی!
 
لەڕاستیدا ئەوەی گرنگە دروستی و واقعیەتی ئەم گوتارە نییە، بەڵکو کاریگەرییەکانییەتی لەسەر ئاڕاستەکردنی دەنگی ئەمریکییەکان لە 5ی نۆڤەمبەری 2024 دا. لە یادەوەری دەستەجەمعیی ئەمریکییەکاندا، جەنگ واتە خەرجکردنی سەدان ملیار دۆلاری هاووڵاتی ئەمریکی لە دەرەوەی ئەمریکادا و دۆناڵد ترەمپیش زۆر بە وردی و زیرەکانە یاری لەسەر ئەم پەتە دەکات و دەڵێت: پارەی ئەمریکییەکان دەبێت بۆ خودی ئەمریکیەکان خەرجبکرێت، نەک لە جەنگی عێراق، ئۆکرانیا یان فەلەستیندا. گوتارێکی یەکجار سادەی لەم شێوەیە دەکرێت، گورزی زۆر تووند و کاریگەر لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی جۆ بایدن بدات، بۆیە ئامادەیە دەست بخاتە نێو دەستی ئایەتوڵڵاکانی تارانەوە بۆ سەرهەڵنەدانی جەنگێکی دیکە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.
 
لە دۆخێکی یەکجار ئاڵۆزی وادایە کە لە پشت پەردەکانەوە و بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، دانوستاندنێکی چڕ و ورد و فراوان لەنێوان ئەمریکا و سعودیە و ئیسرائیل لەلایەک و ئێران لەلایەکی دیکەوە لە ئارادایە و پرسیاری سەرەکیش لەسەر مێزی گفتوگۆ بریتییە لە سبەینێی پاش جەنگی غەززە: چی بکرێت؟ چۆن بکرێت؟ کێ بیکات؟ ئەم دانوستاندنانە لە سێ وڵاتدا بەڕێوەدەچن: قەتەر، بەحرەین و عومان.
 
خواستی سەرەکیی ئەمریکا ئەوەیە کە شانشینی عەرەبیی سعودیە و کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەک دوو دەوڵەتی بەهێزی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کە لە 10ی مارسی ئەم ساڵدا رێککەوتنێکی مێژووییان پێکەوە واژۆکردووە، رێکبکەون لەسەر چۆنییەتی پێکهێنانی هێزێکی سەربازیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سنووری نێوان ئسیرائیل و کەرتی غەززە! بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی لەم شێوەیەش، دەبێت سەرەتا ئیسرائیل قایل بکرێت کە ئاگربەستە کاتییەکەی (هودنەکەی) بکات بە ئاگربەستی هەمیشەیی و پاشان لە باکووری غەززە بکشێتەوە.
 
بێگومان لە ئێستا و ئێرەدا ئەمە داواکارییەکی زۆر قورسە لە ئیسرائیلی بنیامین نەتەنیاهوو، چونکە دەزانێت راگرتنی جەنگ واتە راکێشانی بۆ بەردەم دادگە و کۆتاییهاتن نەک تەنیا بە ژیانی سیاسی، بەڵکو بەژیانی کۆمەڵایەتیشی و گریمانەی زیندانیکردنی لەلایەن دەسەڵاتی یاسایی ئیسرائیلەوە زۆر بەهێزە. هەروەها بە دیوە فەلەستینییەکەشدا، پرۆژەیەکی لەم جۆرە بۆ حەماس نەک هەر سەختە، بەڵکو بەڕەهایی رەتدەکرێتەوە، چونکە کۆتایی بەو ڤێرژنە لە حەماس دەهێنێت کە تائێستا خۆی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی ناساندوە. 
 
ئالۆزییەکانی ئەم پرۆژەیە لەوەدان کە ئەمریکای جۆ بایدن دەبێت هەموو کارتەکانی گوشار لەسەر نەتەنیاهوو بەکاربێنێت بۆئەوەی بەم ئاڕاستەیەدا بڕوات، سەرەڕای ئەوەی کە کۆتایی بە حیکایەتە کەسییەکەی وەک تاکێکی ئیسرائیلی دێنێت. واتە دەبێت ئەمریکا قەناعەتی پێبکات کە لەبەر بەرژوەندییە باڵاکانی ئیسرائیل، دەبێت قبووڵی بکات کە ببێت بە قۆچی قوربانی! هەروەها ئێرانی ئایەتوڵڵا خامنەئی دەبێت هەموو کارتەکانی گوشار لەسەر حەماس بەکاربێنێت بۆئەوەی دۆخی نوێ قبووڵبکات و لەگەڵ زەمەنی نوێدا خۆی بگونجێنێت.
 
قۆناخی دووەمی ئەم زەمەنە نوێیەش، پاش جێگریکردنی هێزێکی جیهانیی سەرپەرشتیکراو لەلاین سعودیە و ئێرانەوە و بە پشتیوانی ئەمریکا، حەماس واز لە خەباتی چەکداری بێنێت و تێکەڵ بە پرۆسەی سیاسیی نوێی پۆست مەحموود عەباس ببێت، کە دەکرێت بە سەرکردایەتیی مەروان بەرغوسی بێت، کە لە 2002یەوە لە زیندانی ئیسرائیلییەکاندایە و دەکرێت لەژێر گوشاری ئەمریکا و سعودیەدا ئازادبکرێت.
 
پرۆژەکە زۆر گرنگە، بەڵام گرفتەکە لەوەدایە کە ئەمریکای جۆ بایدن زۆر پەلەیەتی، ئێران هەناسەی درێژە، سعودیەی محەممەد بن سەلمانیش، سەرەڕای پابەندبوونی، تائێستاش ئەو ساتەوەختەی لەبیرنەچووە کە جۆ بایدن سێ ساڵ لەمەوپێش دەیگوت: ئامادەنیم دەستبخەمە نێو دەستی قەسابەکەی جەمال خاشقچيەوە!
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نەزەند بەگیخانی

کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەرەنسا؟

خاتوو تۆندولیە دەمێکە لەناو کایەی سیاسی ناسراوە و لەسەر بنەمای لێدانی کەسانی دیکە دروست نەبووە، بەڵکو بەهۆی هەوڵ و ماندووبوون و لێهاتوویی خۆی گەیشتۆتە پایەکی سیاسیی شیاو و سەردەمییانە و ژینگەپارێز. ئەو خاتوونە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا وەک کەسایەتییەکی بوێر و زانا و پڕ وزە و توانا جڵەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە دژی بەرەی توندڕۆی لوپێن-یەکان گرتە دەست. لە کۆبوونەوە گشتییەکان، لەگەڵ جەماوەر، لە کەنالەكانی میدیا و لە دیدارەکانی بە جوانی و بە روونی و لەسەر بنەمای بەڵگە و راستییەکان ئایدیاکانی خۆی دەخستە ڕوو و باسی لە هەڕەشەکانی توندڕەویی و لوپێن-یەکان دەکرد. بۆیە هەرزوو بوو بە شوێنی سەرنجی هەمووان و ئەمڕۆش شایانی زۆری لێ دەنرێ. پسپۆڕ و میدیاکارانیش بە ئاشکرا و بە نهێنی دەڵێن خاتوو تۆندولیە یەکێکە نەک هەر لە گونجاوترین، بەڵکو لێهاتووترین کەسایەتی بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەڕەنسا.