بەدیعە دارتاش وڵاتی بندەستی داگیرکەر دەلاوێنێتەوە

30-07-2024
کاوە ئەمین
A+ A-
 
جلێکی کوردی جوانی خانمانەی لەبەرکردبوو، کڵاو، لاگیرە و دەسماڵ تێکئاڵابوون، کورد گوتەنی بۆنی مێخەک و سمڵ رۆژەڕێیەک دەڕۆیی، دەستی خستبووە بەر کەلەکەی و لە هەورەبانەکەوە هاواری لێکردم، کوڕە دە سەرهەڵبڕە رۆڵە، نەمگوت لە تەنیشت مەکتەبەکەوە وەرە خوارەوە، ئەوە دەنگی خاتوو بەدیعە دارتاشی هونەرمەند بوو کە تەمەنی لە هەشتا ساڵ نزیکبووەتەوە، بەڵام هێشتا گورج و گۆڵە، پێدەچێت ژیانی تەنیایی و بیرکردنەوە لە رابردوو، دڕیان بە یادەوەرییەکانی دابێت، چونکە هەندێک جار لەکاتی هەڤپەیڤینەکەماندا هەستم دەکرد، دەبووایە زۆری لە خۆی بکردایە بۆ ئەوەی وێنەی یادەوەریەکانی روونتر بێنەوە بەرچاوی.
 
ئەوکاتەی من سەردانم کرد و بەرنامەکەم (پەنجەمۆر) لەگەڵ تۆمارکرد، زستان بوو، یەک دوو زۆبای داگیرساندبوو، هەر پێت دەخستە ئەو دیوی دەرگاکەوە هەستت بەگەرمایی زۆپاو و بەخێرهاتنی گەرم و گوڕی دادە بەدیعە دەکرد. ژوورەکەی لە ژووری بەڕێوەبەرێکی بەسەلیقەی قوتابخانەیەک دەچوو، دیوارەکانی بە خەڵاتی جۆراوجۆر نەخشێنرابن، بە گوڵ و گوڵزار رازێندرابنەوە، دەڵێم بەسەلیقە، ئاخر لە ژووری بەڕێوەبەری قوتابخانەکان بەدەگمەن ئینجانەیەک گوڵ دەبینیت. کتێبخانەیەکی بچکۆلە، چەندین کتێبی مێژوویی سەبارەت شانۆ لەسەریەک کەڵکە کرابوون، ژوورەکەی جوانترکردبوو، هەر بەڕاستی دەتگوت لەنێو هۆڵێکی بچووکی شانۆدایت و دەرهێنەرێکی بەسەلیقە ئامادەی کردووە. 
 
بەدیعە دارتاش خانمە ئەکتەر و مامۆستا و شانۆکار، خاوەنی ئەزموونێکی دەوڵەمەندە لە بواری شانۆ و سینەما دا، لە چەندین شانۆگەری بەنێوبانگدا بەشداریی کردووە، بەتایبەتی لەسەردەمی رژێمی بەعس دا چەندین جار لەپای بەشداریکردنی لەو شانۆگەریانەی ئاوێنەی باڵانومای ئازاری نەتەوەکەی بوون، تووشی گێرمەوکێشە و دەردەسەری بووە، هەڕەشەی لێکراوە. باسی شانۆگەری (نەخشەی خوێناویم) بۆ دەکات، هەرچەندە باسی نەهامەتی فەلەستینییەکان دەکات، بەڵام بەدیعە دارتاش کە رۆڵی دایکی شەهیدێک دەبینێت هێندە بەکوڵ دەگریێ و شەهیدەکە دەلاوێنێتەوە، بەڕێوەبەری ئەمن تووڕە دەبێت و دەڵێت بەدیعە بە کەر و گامان دەزانێت، بۆ نازانم کێ دەلاوێنێتەوە، بە تووڕەییەوە هۆڵەکە بەجێدەهێڵێت و دەڵێت، شانۆگەرییەکە بوەستێنن! بەڵام ئایا دەیوەستێنن؟ 
 
وێنەیەکی ساڵانی شەستەکانم نیشان دەدات، وێنەی ئەو سەردەمەیە کە وەکو یەکەمین کچی کورد دەچێتە پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی بەغدا، لەوێوە دەچێتە نێو دەریای هونەر، بەتایبەتی شانۆ، نایشارێتەوە سەرەتا وەکو ئەوە وابووە، بەگژ قوللـەی قاف دا بچێتەوە، ئاخر کچێکی کورد کە هێشثا زمانی عەرەبی نازانێت، لە شارێکی گەورەی وەکو بەغدا، لەنێو پۆلێکدا کە هەموویان کوڕن، دەبێت لاسایی دەنگی (گورگ، پشیلە، گیاندارانی دیکە و مرۆڤەکان) بکاتەوە، بۆیە ئەگەر مامۆستاکەی نەبووایە هەر زوو تێیدەتەقاند و دەگەڕایەوە بۆ سلێمانی، وەکو خۆی دەڵێت، گەزی چی و جاوی چی، کوا من و ئەو بەزمەیان گوتبوو. 
 
رۆژێک مامۆستاکەی دەبینێت بەدیعە بەتەنیا لەسەر بەردێک دانیشتووە و هێندەی کێوێک خەم لەسەر شانەکانی باربووە، دەیەوێت دڵنەوایی بکات و پێی دەڵێت: بەدیعە تۆ دەزانیت، کچی کێیت و سەر بە چ نەتەوەیەکیت؟ کچی ئەو چیایانەی کە سەدان کوڕی کورد بە چەکەکانیانەوە پاڵیان پێوەداون، بەرگری لە نەتەوەکەیان دەکەن، دەزانی ئەوان رەنگە ئێستا گژوگیای نێو چیاکان بخۆن، بەڵام ئامادەنین سەر بۆ نەیارەکانیان دانەوێنن! کەچی دەبینم تۆ دۆشداماویت و دنیات لێبووە بە چەرمی چۆلەکە! ئەو قسانە کاریگەرییەکی ئەوتۆ لە بەدیعە دارتاش دەکەن، وەکو چۆن ئاگرێک بەربدەیتە پووش و پاوانێک، بۆیە بڕیاری کۆتایی خۆی دەدات، شانۆ بکاتە بەرەیەکی دیکەی شەڕ دژی داگیرکەرانی کوردستان، لەوێوە هەستی نەتەوەیی قوتابیان و لاوانی کورد بەرەو رزگاری بجوڵێنێت.
 
چیرۆک و بەسەرهاتەکانی بەدیعە دارتاش خۆی لە خۆیدا شانۆگەرییەکی ریالیستییە، فیلمێکە، کتێبێکە و دەبێت بنووسرێتەوە. 
 
ئەو هێشتا حەسرەتی ئەڤیندارییەک کە گوناهەکەی بۆ بەرانبەرەکەی دەگێڕەتەوە لە دڵی دەرنەچووە، ئەو کە ئێستا بەردەوام سەری لەسەر بەرماڵەکەی هەڵناگرێت، پێناچێت هەروا بە ئاسانی ئەوەی لە دڵ دەربچێت، رەنگە بیباتە بەردیوانی خودا. ئاخر ئەو زۆر بە تامەزۆییەوە باسی ئەحمەد سالار دەکات کە هیچ کاتێک بەتەواوی گرێی دڵی خۆی بۆ نەکردووەتەوە، بۆیە کاتێک لێم پرسی خۆشتدەویست؟ لە وەڵام دا گوتی: ئێستاش خۆشم دەوێت، وەکو پیاو هەر نەهاتە پێشەوە!
 
ساڵانی هەشتاکانی سلێمانی و حوکمی بەعس چەندین برینی لەسەر دڵی خەڵکی شارەکە و هونەرمەندە راستەقینەکانی بەرەی خەڵک داناوە، هەروا بە ئاسانی ساڕێژ نابن. بەدیعە دارتاش ئەو رۆژەی لەیاد ناچێت کە بەڕێوەبەرەکەیان بانگهێشتی گوایە کۆبوونەوەیەکی گرنگیان دەکات، بەڵام شوێنی کۆبوونەوەکە جێگەی گوللـەبارانکردنی چەند لاوێکی کوردە، بەچاوی خۆی دەبینێت وا لاوەکان بەجلی کوردی و چاوی بەستراوەوە، مەسیح ئاسا دەستیان لەدواوە بە دارێکەوە شەتەک دراوە، چاوەڕێی فەرمانی ئەو ئەفسەرە دڵڕەش و خاڵکوتراوەن، بڵێت: ارمي!
 
بەدیعە دارتاش کاتێک بەسەرهاتەکە دەگێڕێتەوە وەکو ئەوەی دەنگی تەقەکان هێشتا لە گوێچکەیدا بزرنگێنەوە، بۆیە دەست بۆ گوێیەکانی دەبات و دەڵێت: وامدەزانی دەڵێت تەقە لە من بکەن، یان فەرمان بە من دەکەن من رەمییان بکەم! ئەوە چیرۆکێکە کە وەکو خۆی دەڵێت رەنگە بە مردنیش لەیادم نەچێتەوە.
 
بەدیعە دارتاش دەڵێت من و سیاسەتیان نەگوتووە، بەخوا بزووتنەوەی گۆڕان تەکلیفی دنیایان لێکردم بببم بە بەربژێریان، بەڵام نەمکرد، چیم لەو سەرئێشەیە داوە. وەکو ئەوەی بڵێت پەڕلەمان بووەتە کۆمپانیایەک بۆ دەوڵەمەند بوون و پارەپەیدا کردن، نەک یاسادانان، بۆیە بەدیعە دارتاش لەبەر خۆیەوە دەیگوت پارەم بۆ چییە، بەخوا ئەو مووچە کەمەی کە جار هەیە نایشیدەن، دەکەمە مشتی چەند قوتابییەکی زانکۆوە، بۆ ئەوەی خوێندنەکەیان تەواو بکەن، بۆ ئەوان باشە. 
 
لێرەدا لێدەگەڕێم، بەدیعە دارتاش بە زمانی خۆی بەشێک لە بەسەرهاتەکانی شانۆی ژیانی خۆیمان لە بەرنامەی (پەنجەمۆر) بۆ بگێڕێتەوە کە شەوی چوارشەممە 31-7 بڵاودەکرێتەوە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق

بەزاندنی هێڵە سوورەکان رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرەو کوێ دەبات؟

وەڵامی ئێران لە بەرامبەر بەزاندنی کۆی ئەم هێڵە سوورانە گومان لای کەس دروست ناکات. لە ئێستاوە تەلئەڤیڤ رووبەری ئاسمانی باکووری ئیسرائیلی داخستووە و هیچ جووڵەیەکی تیادا ئەنجام نادرێت، بەڵام تاکەی ئەم رووبەرە بە داخراوی دەمێنێتەوە؟ راستییەکەی نەتەنیاهوو ناتوانێت وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە و جۆ بایدنیش. تاکە کەسێک کە دەتوانێت رووناکی بخاتە سەر وەڵامی ئەم پرسیارە، رابەری کۆماری ئیسلامییە و بەس.