دیوە رەشەکەی ژیریی دەستکرد و کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگە

29-10-2024
ساهیرە سدیق
ساهیرە سدیق
A+ A-

بڵاوبوونەوەی هەواڵێک لە ماڵپەڕی رووداو لەبارەی ئەوەی کە رووخساری 40 کچ لە ئەمریکا خراونەتە سەر فیلمی نەشیاو، هێندە مەترسییەکی گەورەیە کە وایکرد هەوڵبدەم ئەوەی لەبارەی ژیریی دەستکرد و مەترسییەکانی دەیزانم بەهۆی کارەکەمەوە، بینووسم و بەشێکی مەترسییەکانی بخەمەڕوو. باوەڕناکەم کەس گومانی لەوە هەبێت (بەتایبەت ئەوانەی تێکەڵی بواری دیجیتاڵی و تەکنەلۆجیان) کە ژیریی دەستکرد یەکێکە لە تەکنەلۆجیا هەرە گۆڕاوەکانی ئەم سەردەمە و دەتوانێت کێشەی گەورە لە زۆربەی بوارەکاندا چارەسەر بکات، بەڵام دەبێت ئەو راستییەش باس بکەین کە لایەنی خراپیشی هەیە و نابێت پشتگوێ بخرێت و هەر دەبێت رێگە چارەی بۆ بدۆزرێتەوە.
 
سوودەکانی ژیریی دەستکرد زۆر باسکراون و تاوەکو رادەیەکی زۆر ئاشکران، بۆیە من دەمەوێت تیشک بخەمە سەر لایەنە نێگەتیڤ و نەرێنییەکەی. ژیریی دەستکرد ئامرازێکی بەهێزە کە دەتوانێت داهێنان لە زۆر بواردا بکات، بەڵام پێشێلکردن و دەستبردن بۆ تایبەتمەندییە کەسییەکان و هەڵگێڕانەوەی زانیارییەکان و دروستکردنی زانیاری، دەنگ، ڤیدیۆ و وێنەی ساختە و شێوێندراو، مەترسیی هەرە ترسناکی ژیریی دەستکردن. ئەوەی ئێستا مەترسییەکەی زیاتر کردووە ئەوەیە کە ئەو جۆرە ئەپڵیکەیشنانەی زانیاری و دەنگ و دیمەنی ساختە بەرهەم دێنن زۆربوونە و بە ئاسانی دەکەونە بەردەستی هەموو کەسێک. لەبەر ئەوەشە ئەو دیمەنانەی هاوشێوەی ئەوەی لە ئەمریکا بۆ ئەو کچانە دروستکران لە هەموو جیهان دا لە زیادبووندان.
 
'Deepfake'، واتە ساختەکاریی قووڵ، کە بە ژیریی دەستکرد دروست دەکرێت و مەترسییەکی گەورەیە، بەهۆی ئەوەی رێگەی جیاکردنەوەی لە دەنگ و ڤیدیۆ و وێنەی راستەقینە بۆ خەڵکی ئاسایی زۆر زەحمەتە و هەموو کەسێک ناتوانێت بە ئاسانی بزانێت کە راست نییە. هەروەها نازانرێت کێ بەرپرسە لە دروستکردن و بڵاوکردنەوەی ئەو ساختەکارییانە و دۆزینەوەی سەرچاوەیان ئاسان نییە. ساختەکاری قووڵ 'Deepfake' بەو بەرهەمانە دەگوترێن کە لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە دروست دەکرێن و راست نین، بە ژیریی دەستکرد زۆر بەئاسانی و بە چەند چرکەیەک دەتوانرێت وێنە، ڤیدیۆ یان دەنگ، دەستکاری بکرێت و بەرهەمێکی تەواو ناڕاستی پێ دروست بکرێت و بۆ ئامانجێکی خراپ و بۆ لێدانی کۆمەڵە و کەسێک بەکاربهێندرێت.
 
دەکرێت ئەو جۆرە بەرهەمە دروستکراوانە ئامانجیان تەنیا دروستکردنی بەرهەمێکی کۆمێدی و بۆ پێکەنین و خۆشی بێت، یان بۆ لێکۆڵینەوەی زانستی  و زۆر جار بۆ زیندووکردنەوەی مێژوو و دروستکردنی پردێک بێت لەنیوان ئێستا و رابردوو، بەڵام لە هەمان کات دا دەکرێت بۆ لێدان و شێواندنی کەسایەتیی کەسانی وەکو سیاسەتمەداران و بەرپرس و سەرکردەکان یاخود هونەرمەند و کەسانی بەنێوبانگ و کەسانی ئاسایی نێو کۆمەڵگەش بەکار بهێندرێت، زۆر جاریش تەنیا بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و ساختە بەکاردەهێنرێت بۆ ئەوەی بە ئەنقەست خەڵک بەلاڕێدا ببەن. لەگەڵ ئەوەشدا، بەڕاستی دەتوانێت ئازاری کەسانی بەنێوبانگ بدات، کاتێک دەموچاویان بە شێوەیەک بەکاردەهێنرێت کە وایان لێدەکات خراپ دەرکەون یان ئەو کارانە بکەن کە هەرگیز نەیانکردووە.
 
لە مێژە تەکنەلۆجیای گۆڕینەوەی دەمووچاو 'face swap' هەبووە و بەتایبەت لە بەرهەمهێنانی فیلمەکاندا بەکارهێنراوە، بەڵام بەر لەوەی ئەم تەکنەلۆجیایە بگاتە ئاستی ئێستای، پێویست بوو چەند بەهرەیەکی بەهێزی دەستکاریکردنی وێنەت هەبێت بۆ ئەوەی شتێکی لەوجۆرە بکرێت، بەڵام ئێستا هەر کەسێك دەتوانێت لە رێگەی مۆبایل یان کۆمپیوتەرەکەیەوە بە ئاسانی و بە چەند چرکەیەک ئەو کارە بکات. مەترسییەکەش لەمەدایە و مەترسی ئەوە هەیە گرووپی مافیایی بۆ ئەو کارە لە جیهان و لە وڵاتان دا دروست ببن.
 
ئەمە لەگەڵ ئەوەی سوودی زۆری هەیە و زۆرجار دەبینین لە فیلم و بەرهەمەکانی دیکە کەسانێک نیشاندەدرێن کە لە ژیان دا نەماون و هەوادارانیان حەزدەکەن بیانبیننەوە، یاخود ئەوەی گۆرانی بە دەنگی هونەرمەندە کۆچکردووەکان نوێ دەکرێنەوە و زۆر لایەنی دیکەی بەسوود، بەڵام لە هەمان کات دا دەکرێت گۆرانییەک بە دەنگی هونەرمەندێک بڵاوبکرێتەوە کە زۆر دوورە لە رێچکە هونەرییەکەی و ئەوەش زیانی بۆ ئەو هونەرمەندە هەبێت. یان دەموچاوی ئەکتەرێک یان کەسێکی بەنێوبانگ دروست بکرێتەوە و لە ڤیدیۆیەکی نەشیاو بەکاربهێندرێت و بە ڤیدیۆیەکی راست لە سۆشیاڵ میدیادا بڵاوبکرێتەوە، ئەوەش راستەوخۆ کاریگەریی دەکاتە سەر ژیانی کەسەکان.
 
'Deepfake' لەسەر دوو بەش دروست دەکرێت کە بریتین لە وێنە و دەنگ. ئەو جۆرەی کار لەسەر وێنە دەکات وەک تەکنەلۆجیای 'AI Face Swap'  شێوەی تەواوی دەموچاوی کەسەکە وەردەگرێت و بەشەکانی دەموچاو وەک برۆ، چاو، لێو، گوێچکەکان، لووت و چەناگە، بە سیستمی ژیریی دەستکرد هەموو جووڵەکانی وەک سوڕانی دەموچاو بە راست و چەپدا و جووڵەی لێو و برۆکان و جەستە لەو بەشانە بەرهەمدێنێت و ئەو وێنەیە دەکاتە ڤیدیۆیەکی زیندوو و تەواو نزیک لە راستی.
 
تەکنەلۆجیای 'AI face swap' بەردەوام لە پێشکەوتندایە و، تواناکانی لە گۆڕین و یاریکردن بە دەموچاوی مرۆڤ رۆژ دوای رۆژ هەمەچەشن و سەرنجڕاکێشتر دەبێت. هەر ئەوەشە وایکردووە مەترسییەکانی رۆژ دوای رۆژ زیاتربن.
 
ئەو جۆرەش کە کار لەسەر دەنگ دەکات تەکنەلۆجیای "Voice Cloning" یان "Voice Conversion" ـە و بووەتە دوایین داهێنانی سەرسووڕهێنەر لە جیهانی ژیریی دەستکرد دا. ئەو سیستمە رێگە دەدات بە تەواوی لاسایی دەنگی مرۆڤ بکرێتەوە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە چۆن ئەم دەنگە دووبارەکراوە دیجیتاڵییانە بەوشێوە نزیک لە راستییەوە دروست دەبن؟
 
لە پشت هەر دەنگێکی ساختەوە، سیستمێکی پێشکەوتووی ژیریی دەستکرد هەیە کە وەک لاسایی کەرەوەیەک کار دەکات. سەرەتا، پێویستی بە چەند خولەکێک لە قسەکردنی کەسەکە هەیە، هەمان شێوەی DNA مرۆڤ کە پێویستی بە شتێک لە لەشی مرۆڤ هەیە بۆ پشتڕاستکردنەوەی. لەم ماوە کورتەدا، هەموو تایبەتمەندییەکانی دەنگەکە وەردەگرێت وەک شێوازی خوێندنەوە و چۆنیەتی دەربڕینی وشەکان.
 
پرۆسەکە لە سێ قۆناخی سەرەکی پێکدێت. سەرەتا، ژیریی دەستکردەکە دەنگە رەسەنەکە تۆمار و پرۆسێس دەکات. پاشان، مۆدێلێکی دیجیتاڵی دروست دەکات، وەک کۆپییەکی دەنگی کەسەکە. لە کۆتاییدا، دەتوانێت ئەم مۆدێلە بەکاربهێنێت بۆ خوێندنەوەی هەر دەقێک بە دەنگی ئەو کەسە. پێویستە لێرەدا جەخت بکەینەوە لەوەی کە ئەم تەکنەلۆجیایە تەنیا بۆ دروستکردنی دەنگی ساختە نییە، بەڵکو لە دروستکردنی کتێبی دەنگیدا بەکاردێت و، یارمەتیدەرێکی باشیشە بۆ ئەو کەسانەی بەهۆی نەخۆشییەوە دەنگیان لەدەستداوە، بەم جۆرە دەتوانێت ئەوەی مەبەستیەتی بینووسێت و بە ژیریی دەستکرد و بە کەڵک وەرگرتن لە دەنگەکەی بەر لە نەخۆشییەکەی، قسە بکات و نووسراوەکە بە دەنگی خۆی بڵاوبکاتەوە. لە زۆر بواری دیکەش دا دەتوانرێت کەڵکی لێوەربگیرێت.
 
بەهۆی مەترسی زۆری ژیریی دەستکرد هەریەکە لە کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆجیا لە جیهان وەک ئەپڵ، گووگڵ، یوتیووب، مایکرۆسۆفت، ئۆپن ئەی ئای، مێتا و تیکتۆک چەندین رێکاریان گرتووەتە بەر بۆ ناسینەوەی ئەو جۆرە بەرهەمانە و رێگریکردن لە زیاتر بڵاوبوونەوەیان. لەڕاستی دا ئەوانە تەکنەلۆجیای زۆر باش و بەسوودن، بەڵام بەکارهێنانیان بە خراپی، کارەسات دروست دەکات. لەبەرئەوە ئێستا گفتوگۆیەکی جیهانی زۆر هەیە لەسەر ئەوەی کە پێویستە ئەو کۆمپانیا گەورە جیهانییانەی لە بواری دیجیتاڵ و سۆشیاڵ میدیادا کار دەکەن، هۆشیاری زیاتر بڵاوبکەنەوە و چارەسەرێک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی بەو ئاسانییە بەرهەمێکی ساختە دەتوانرێت دروست بکرێت، بە ئاسانیش بتوانرێت راستی و درۆ لە یەک جیا بکرێنەوە و هەموو کەسێکیش بتوانێت بە ئاسانی دەستی پێبگات.هەروەها لە بواری یاساییشەوە سزای تووند بۆ ئەوانە دابنرێت کە ئەو ساختەکارییانە دەکەن و لەگەڵ ئەوەش دا چاودێریی پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا زیاتر بکرێت.
 
بەشێکی زۆری ئەو مەترسیانەی پەیوەستن بە ژیریی دەستکردەوە، پێدەچێت بە ئاسانی نەتوانرێت چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە. لە زۆربەی کات و ساختەکارییەکان دا ئەم مەترسییانە بەهۆی ئامانجی تاک و گرووپەکانەوە دروست دەبن کە بەشدارن لە پرۆسەی پەرەپێدانی ئەو سیستەمەدا، بۆیە پێناچێت بتوانرێت چارەسەری کاریگەر هەبێت بۆ رێگریکردن لە بەشێکی ئەو کێشانە، بەڵام زۆرن ئەو توێژەرانەی گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە سوودەکانی ژیریی دەستکرد لە مەترسییەکانی زیاترە.
 
توانای بەرزی ژیریی دەستکرد لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی مرۆڤ دا، ئەم تەکنەلۆجیایەی وەک ئامرازێکی بەهێز لە پێشخستنی پێشکەوتنەکانی داهاتوودا پێناسە کردووە. پێدەچێت لە بەرامبەر بەشە رەشەکانی ژیریی دەستکرد دا، شارەزابوون لە لایەنە ئەرێنی و بەسوودەکانی وەک ستراتیژی کاردانەوەی کاریگەر، پێشنیاز بکرێت.
 
بەڵام لە هەمان کاتدا کەم نین ئەو کەسانەش کە هۆشداریی دەدەن لەوەی ژیریی دەستکرد مەترسی گەورە لەسەر مرۆڤ دروست دەکات. لەنێو ئەو مەترسیانەدا لەنێوبردنی هەلی کارە. هەروەها AI دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی نایەکسانی کۆمەڵایەتی، چونکە ئەو کەسانەی کە توانای بەکارهێنانی AI یان نییە لەوانەیە لە کارەکانیان دەربکرێن. جگە لەوەش لایەنی ئەخلاقی ژیریی دەستکردیش جێگەی نیگەرانییە. بۆ نموونە دەتوانرێت AI بۆ مەبەستی زیانبەخش بەکاربهێنرێت وەک دروستکردنی نێوەڕۆکی ساختە یان دەستکاریکردن لە هەڵبژاردنەکان کە چارەنووسی گەلێک و وڵاتێک بگۆڕێت.
 
ئەوەی لەم بابەتە مەبەستم بوو بیخەمەڕوو ئەوەیە کە هەموو ئەوانەی لەبارەی ژیریی دەستکردەوە دەیخوێنینەوە و تێگەیشتنیان هەیە بۆی، بەرپرسیارن لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لەوەی کە سیستەمێکی وا لە جیهان دا دروستبووە و دەکرێت کار بە لایەنە خراپەکەیشی بکرێت، بۆیە نابێت زوو باوەڕ بە هەموو شتێک بکەین و بڕیاری کۆتایی لە راستی و ناڕاستی بابەتەکان بدەین تاوەکو بەتەواوی لێمان روون دەبێتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سیروان رەحیم

سلێمان شا و شێخ سەعیدی پیران؛ دوو دیوی یەک چیرۆک

بەرامبەر بە رێزگرتن لە گۆڕی سلێمان شا و دیرۆکی ئەو گۆڕە، سەتان ساڵ پاش مردنی سلێمان شا، و سەت ساڵ لەمەوبەر، دەسەڵاتدارانی نوێی تورکیا، ساڵی 1925 شێخ سەعیدی پیران لە دار دەدەن. رۆژی 29ی 6ی 1925 لە ئامەد شێخ سەعید لە دار دەدرێت، بەڵام بەدرێژایی سەت ساڵ و تاوەکو ئێستاش کەس نازانێت گۆڕی شێخ سەعیدی پیران لە کوێیە.