شانسی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد

28-09-2016
بەرزان عەلی حەمە
نیشانەکردن هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد
A+ A-

گەرچی بەلای هەندێ کەسەوە، سەردار و فەرماندەی “تاقمێکی خۆسەپێن و دەسەڵاتدار”ی ناو حیزبەکەیەتی و پارە و هێزی یەکێتی لەژێر دەسەڵاتی ئەودایە، بەڵام هێرۆ بە هەموو ئەو هەرا و هاوارانەیەوە، ژنێکی تەنیایە!

لەلایەک هێرۆ، لە لاکەی دییەوە دەیان و سەدان پیاوی تووڕە و سمێڵ بابڕ، کە لە سەت ئاویان داوە و قولەپێیان تەڕنەبووە، ئەوانەی کە رۆژگارێک داهات و پارە و دەسەڵاتی ئەم خەڵکە بەدەست ئەوانەوە بووە و کەمترین کەسیش لەخۆیان و تەخت و دیوان و قائیم مەقاماتەکەیان رازی بووە، ئێستا بۆ تەعنکردن و دژایەتیکردنی هێرۆ، باسی دیموکراسی و داهات و قووتی ئەم و ئەو دەکەن!
بەتێکڕای ئەو دەسەڵاتانەی تۆ ئەمڕۆ بە هێرۆی ئیبراهیم ئەحمەدەوە دەیبینیت، بە هەموو ئەو مەد و جەزر و ململانێیەی پێیەوە دیارە، هێشتا دەسەڵاتەکانی کەمترە لەو رۆژانەی ئیبراهیم ئەحمەدی باوکی لە ژیاندا و جەلال تاڵەبانی هاوسەریشی نەخۆش نەکەوتبوو.

بە نیوەی ئەو دەسەڵاتانەی ئێستا هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد هەیەتی، ئەگەر نێرینەیەک بووایە، یەکێک لە کارەکتەرە کاریگەرەکانی ناوچەکە دەبوو. ئەوەی کە رێگرە هێرۆ وەک کارەکتەرێکی بێ رکابەر دەرکەوێت، رەگەزەکەیەتی نەک رەفتارەکانی. نێر، بەتایبەت جۆرە رۆژهەڵاتییەکەی، بەئاستەم مل دەدات بۆ فەرمان و دەسەڵاتەکانی ژن!

رکابەرەکانی هێرۆ، ئەگەر بۆیان بلوێت، یەک و دوو لە سڕینەوە و وەلانانی ناکەن. هەڵەکانی ئەو خانمەش ئەوەیە کە خۆی بە میراتگری موتڵەقی تاڵەبانیی هاوسەری و ئیبراهیم ئەحمەدی باوکی دەزانێت و خەڵکانی دیکە بێبەش دەکات لێیان، کە بەمەش حیزبی هاوسەرەکەی وەک کۆمپانیا و خەباتی باوکیشی وەک بزنسێکی مێژوویی نیشانداوە.

ئەو ئەگەر خۆی لە چەند هەڵەیەکی ناپەسند بەدووربگرێت، دەتوانێ لەنێو هەموو ئەو پیاوە عەسەبی و ئاگرپارانەی باشووری کوردستاندا، ژنێکی خاوەن قسەی یەکلاکەرەوە بێت.
 
بۆنموونە وەک ژن نەیتوانیوە خانمێکی میهرەبان و وەک دایک بۆ زۆرینەیەک خۆی نمایش بکات. ئافرەتێکی گۆشەگیر و دوورە خەڵکە.  پێموانییە ئەوانەش کە خۆشیاندەوێت جگە لەوەی (هاوسەری تاڵەبانی و کچی ئیبراهیم ئەحمەدە) هیچی تری لەبارەوە بزانن. بەپێی بەلاغەت و قسەکردنەکانی بێت، پێناچێت هەرگیز راوێژ بە کەس بکات و پێشنیاز لە کەسیش وەربگرێت.

لە رۆژی ئاشووب و فەرتەنەکانیشدا، هیچکەس را و بۆچوونی ئەو نازانێت، مەگەر کەسێک زۆر نادیپلۆماسییانە لەبارەیەوە پێمانبڵێت: قاوە دەخواتەوە و جگەرە دەکێشێت!

بەڵام هەموو ئەمانە هیچ لەوە کەمناکاتەوە کە هێرۆی ئیبراهیم ئەحمەد، لەنێو دەیان و سەدان و هەزاران پیاوی سمێڵبابڕی دەسەڵاتداری باشووری کوردستاندا، ئافرەتێکی کاریگەر و بەهێزە و نەک هەر دوو جێگری هاوسەرەکەی، بەڵکو سەدان و رەنگە هەزاران پیاوی دیکەش لەنێو حیزب و لەدەرەوەی حیزبەکەشی رکەبەرایەتیی بکەن.

لە تێکڕای عێراق و کوردستانیشدا (جا تۆ پێتخۆشە یان نا!) تاکە ژنە کە بەواقیعی ململانێکار و رکابەری پیاوەکانە. جا لە شانسی خۆیشی ناوەکەی لە زمانی ئینگلیزیدا واتە (پاڵەوان!). نازناوەکەشی لە سەردەمی شاخ (دیانا) بوو، کە ئەمەش خواوەندی راو و شکاری ئەفسانەی رۆمانیی کۆن بوو. گۆڤاری سەڵتی ئەمریکی لە هاوینی ٢٠١٦دا سەت ژنی وەک کاریگەرترین ژنەکانی ساڵ دەستنیشانکرد، یەکێک لەوان هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بوو!

ئەگەر ململانێکەی نێوان کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح لەگەڵ هێرۆی ئیبراهیم ئەحمەد، گەمەیەکی فووتبۆڵ بووایە، حەزمدەکرد تیپەکەی هێرۆ بیباتەوە!

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە