كۆتايى ئه‌و رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاسته‌ى ئێمه‌ ناسيومانه‌

27-10-2024
عەدنان مەجید
A+ A-
 
به‌رايی
 
رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست و جيهان به‌ قۆناخێكى زۆر هه‌ستياردا تێده‌په‌ڕن، قه‌يرانى قووڵ به‌رۆكى جيهانى گرتووە‌، نزيكه‌ى چوار مليار كه‌س له‌ جيهاندا له‌ناو زۆنى جه‌نگدان، هه‌ر له‌ ئۆكراينا و رووسياوه‌ بگره‌ تاوەکو غه‌ززه‌، ئیسرائيل، لوبنان، سووريا، يه‌مه‌ن، سوودان، ئه‌سيوپيا، ماڵتا و جه‌نگه‌كانى ئه‌فريقيا، جگه‌ له‌ نيگه‌رانييه‌كانى نێوان چين و تايوان، ململانێيه‌كانى ئه‌مريكا و چين و پێشهاته‌ مه‌ترسيداره‌كانى دروستبوونى شه‌ڕ له‌نێوان رووسيا و ناتۆ. به‌شێكى زۆر له‌ لێكۆڵه‌ران ئه‌م رووداوانه‌ به‌ قۆناخى راگوزه‌ر ناوده‌نێن، كه‌ سه‌ره‌تاى دروستبوونى قۆناخێكى نوێيه‌، يه‌كێك له‌ ئاماژه‌ سه‌ره‌تاييه‌كانى دروستبوونى ئه‌م قۆناخه‌ نوێیه‌ به‌ بۆچوونى من بريتیيه‌ له‌ گۆڕانكارى له‌ سرووشتى جه‌نگه‌كان، بۆ نموونه‌ له‌ پاش قۆناخى كۆتاییهاتنى جه‌نگى سارد و دروستبوونى نه‌زمى نوێى جيهانى، سرووشتى ململانێيه‌كان گۆڕان، جه‌نگ و ململانێيه‌كان زياتر ره‌هه‌ندێكى ناوخۆیى وه‌رگرت، جه‌نگ و ململانێيه‌كان بوونه‌ جه‌نگى ناوخۆیى، ئه‌مه‌ش دياره‌ به‌هۆى زاڵبوونى دوو پره‌نسيپى سه‌ره‌كييه‌وه‌ بوو له‌ سياسه‌تى نێوده‌وڵه‌تى، ئه‌وانيش پرسى    به‌ديموكراسيكردن (ديموكراتيزه‌يشن) و پرسى به‌جيهانيبوون، بوون. 
 
ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ى كه‌ نه‌يانتوانى خۆيان له‌گه‌ڵ به‌ها و پره‌نسيپه‌كانى ديموكراسى بگونجێنن، تووشى زۆرترين كێشه‌ى ناوخۆیی بوونه‌وه‌، چونكه‌ نه‌ته‌وه‌ ژێرده‌سته‌كان داواى ماف و ئازادى و يه‌كسانيیان ده‌كرد، ده‌وڵه‌ته‌ ناديموكراسيیه‌كان ئه‌مه‌يان به‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر يه‌كپارچه‌يی خۆيان ده‌زانى، به‌شێوه‌يه‌ك له‌ ساڵى 1991ـه‌وه‌ تاوەكو ساڵى 2005، نزيكه‌ى 105 حاڵه‌تى جه‌نگ و ململانێ رووياندا كه‌ ته‌نها نزيكه‌ى 7 جه‌نگ له‌نێوان ده‌وڵه‌تان بوو، 98 جه‌نگ له ‌ناوخۆى ده‌وڵه‌تان (intra-state conflict) بوو، به‌ڵام له‌ قۆناخى ئێستادا به‌هۆى په‌رته‌وازه‌بوونى هێز، سه‌ره‌ڕاى هه‌بوونى شه‌ڕى ناوخۆيى سروشتى جه‌نگه‌كان خه‌ريكه‌ ده‌گۆڕێت بۆ شه‌ڕى نێوان ده‌وڵه‌ته‌كان، وه‌كو شه‌ڕى به‌رده‌وامى فه‌له‌ستين و ئیسرائيل، شه‌ڕى رووسيا و ئۆكراينا، ململانێيه‌ به‌رده‌وامه‌كانى نێوان ئه‌رمينيا و ئازربايجان، مناوه‌ره‌ سه‌ربازييه‌كانى نێوان هه‌ردوو كۆريا، هه‌ڕه‌شه‌ به‌رده‌وامه‌كانى چين بۆ سه‌ر تايوان، له‌ هه‌مووى گرنگتر ئه‌و جه‌نگه‌ سنوورداره‌ى كه‌ ئێستا له‌نێوان ئیسرائيل و ئێران هه‌يه، كه‌ زياتر ره‌نگه‌ نه‌خشه‌ى سياسى له‌ رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست بگۆڕێت‌، كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ رووبدات، سه‌ره‌تاى قۆناخێكى نوێيه‌ له‌ سيستمى جيهانى و كاريگه‌ریى گه‌وره‌ و فره‌ ره‌هه‌ندى ده‌بێت. ئه‌م رووداوانه‌ كاريگه‌ریى گه‌وره‌ ده‌خه‌نه‌ سه‌ر رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست، له‌به‌رئه‌وه‌ى خودى رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست ناوچه‌يه‌كى پڕه‌ له‌ ململانێى قووڵ و ناسه‌قامگير و،‌ زۆربه‌ى جه‌نگه‌كانيش له‌ رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاستن، كه‌واته‌ پرسيار ئه‌وه‌يه‌ رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست به‌ره‌و كوێ؟
 
رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست به‌ره‌و كوێ؟
 
پێش ئه‌وه‌ى وه‌ڵامى ئه‌و پرسياره‌ بده‌مه‌وه‌، گرنگه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر ناونيشانى وتاره‌كه‌، "كۆتایی ئه‌و رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاسته‌ى ئێمه‌ ناسيومانه"‌، ئه‌م ده‌سته‌واژه‌يه يه‌كه‌م جار‌ ڤۆلكه‌ر پێترس، به‌ڕێوبه‌رى ئه‌نستيتیوتى ئه‌ڵمانى بۆ كاروبارى نێوده‌وڵه‌تى و ئاشتى له ‌كتێبێكى 145 لاپه‌ڕه‌یيدا له‌ 2015  به‌كاريهێنا، ئاماژه‌يه‌ك بوو بۆ تێكشكانى سنووره‌كانى سايكس بيكۆ 1916، كه‌ له‌سه‌رتاوه‌ سنووره‌كانى سايكس بيكۆ له‌ لايه‌ن زۆربه‌ى ده‌وڵه‌تانه‌وه‌ ناپەسند بوو، بۆيه‌ هه‌ندێگ له‌ لێكۆڵه‌ڕان به‌ رێككه‌وتننامه‌ى سايكس بيكۆ ده‌لێن ره‌گ و ريشه‌ى خراپه‌كارى، به‌مانايه‌كى تر واته‌ خراپه‌كارى و جه‌نگ و ماڵوێرانى له‌ رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست كۆتاييان نايه‌ت تاوەکو ئه‌و سنوورانه‌ تێكنه‌شكێندرێن كه‌ سايكس بيكۆ هێنابوويه‌ ئاراوه‌. پێترس ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست له‌به‌رده‌م گۆڕانكاریی گه‌وره‌دايه‌ و ئه‌م گۆڕانكارييانه‌ش له‌سه‌ر ئاستى ده‌وڵه‌ته‌ كه‌ هه‌ر له‌ كه‌نداوى عه‌ره‌بييه‌وه‌ تاوەكو دڵى ئه‌فريقا درێژده‌بێته‌وه‌ نزيكه‌ى 35 ده‌وڵه‌تى تر له‌ رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست له‌ دايك ده‌بن و نه‌خشه‌ى سياسى له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌گۆڕن. كه‌واته‌، رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست له‌به‌رده‌ركه‌ى هه‌ژانێكى قووڵى مێژوويدايه. به ‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سنووره‌كان و باكگراوەندى نه‌خشه‌ى سياسیى رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست و به‌شێكى ده‌وڵه‌ته‌كانى، ده‌توانرێت بگوترێت ئه‌م هه‌ژانه‌ شتێكى حه‌تمييه‌ و ده‌بێت رووبدات، ئه‌وه‌ى ماوه‌ ته‌نها په‌يوه‌سته‌ به ‌كاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م قۆناخه‌ى ئێستا و رووداوه‌ هه‌نوكه‌ييه‌كان، پێمان ده‌ڵێن كه‌ ئه‌و هه‌ژانه‌ زۆرى نه‌ماوه‌ و ئێستا له‌ هه‌موو كاتێك زياتر لێوه‌ى نزيكين. 
 
ره‌نگه‌ كه‌سانى تريش هه‌بوون كه‌ باوه‌ڕيان به‌ گۆڕانكاریى گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئاستى ده‌وڵه‌ت هه‌بووه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست، بۆ نموونه‌ ئه‌فسه‌رى خانه‌نشينكراوى ئه‌مريكى پيتر رالف له‌ 2006 له‌ وتارێكيدا به ‌ناوى سنووره‌ خوێناوييه‌كان Blood Borders كه‌ له‌ گۆڤارى هێزه‌ چه‌كداره‌كان بڵاوكرايه‌وه‌، باس له‌ تێكشكانى سنووره‌كانى رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست ده‌كات، له‌و وتاره‌دا به‌ڕوونى باس له‌ دابه‌شبوونى عێراق و سووريا و ئێران ده‌كات. بينيشمان بۆچوونه‌كانى به‌شيوه‌يه‌ك له‌سه‌ر دابه‌شبوونى عێراق بۆ سێ هه‌رێمى شيعه‌ و سوننه‌ و كوردستان نزيكن له‌ڕاستییه‌وه‌ و به‌شيوه‌يه‌ك ده‌بينرێن له‌ ئه‌رزى واقعدا. پێى وايه‌ ئه‌م تێكشكاندنه‌ روو له‌ ئێرانيش ده‌كات و ده‌يگرێته‌وه‌. هه‌ر له‌و وتاره‌دا، رالف پێى وايه‌ ده‌وڵه‌تى كوردستانى ئازاد يه‌كێك ده‌بێت له‌ براوه‌ گه‌وره‌كانى گۆڕانكارييه‌كان له‌ رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست. هه‌روه‌ها رالف پێى وايه‌ ئه‌و سنوورانه‌ى كه‌ زياتر شێواون و له‌رزۆكن، سنووره‌كانى رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست و ئه‌فريقيان، چونكه‌ ئه‌و سنوورانه‌ به‌دڵى هێزه‌ گه‌وره‌كانى ئه‌ورووپا نه‌خشێنراون و سنوورى دادپه‌روه‌رانه‌ نين، بۆيه‌ ئه‌و پێى وايه‌ هه‌تا چاره‌سه‌رێك بۆ كێشه‌ بنه‌ڕه‌تييه‌كان و سنووره‌ سته‌مكارييه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست نه‌دۆزرێته‌وه‌، ئه‌وا خۆين و كوشتن و بڕين و جه‌نگ و قڕكردنى مليۆنان كه‌س به‌رده‌وام ده‌بێت، بۆيه‌ش ناوى ده‌نێت سنووره‌ خوێناوييه‌كان. 
 
كه‌واته‌، ئه‌گه‌ر وه‌ڵامى ئه‌و پرسياره‌ بده‌ينه‌وه‌، رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست به‌ره‌و كوێ؟ ده‌توانرێت بگوترێت به‌ره‌و لێكهه‌ڵوه‌شان و نادڵنيايى و دووباره‌ داڕشتنه‌وه‌. ده‌ستێوه‌ردانه‌ ده‌ره‌كييه‌كان بۆ نێوخۆى ده‌وڵه‌تانى رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست سه‌ره‌تاى ئه‌و گۆڕانكاری و هه‌ژانه‌يه‌ كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ رووده‌دات، ده‌ستتێوه‌ردانى سه‌ربازى له‌ عێراق و ئه‌فغانستان له‌ 2003 و له‌ ليبيا له‌ 2011 و ده‌ستتێوه‌ردانى سنووردار له‌ سووريا، سه‌ره‌تاى دروستبوونى جه‌نگ له‌ نێوان ئیسرائيل و ئێران، ئاماژه‌ى جێبه‌جێبوون و پراكتيزه‌كردن و وه‌ڕاستوه‌رگه‌ڕانى ئه‌و تێزانه‌يه‌ كه ‌باس له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى سنووره‌كانى سايكس بيكۆ ده‌كه‌ن. بۆ نموونه‌، به‌ڕاى ديپلۆماتكارى ئه‌مريكى پيته‌ر گالبريس، له‌ كتێبى كۆتایی عێراقدا، پێى وايه‌ ئه‌مريكيیه‌كان جه‌نگى عێراقيان به‌كراوه‌یى هێشتووەته‌وه‌ و پێى وايه‌ چاره‌نووسى عێراق دابه‌شبوونه‌ بۆ سێ ده‌وڵه‌ت، چونكه‌ ئه‌مريكا شكستى هێنا له‌ دووباره‌ بنياتنانه‌وه‌ى عێراقى مۆدێرن له‌سه‌ر بنه‌ماى ديموكراسى، بۆيه‌ پێى وايه‌ جه‌نگ و ماڵوێرانى له‌ عێراق كۆتایى نايه‌ت تاوەکو پرۆسه‌ى دابه‌شبوونه‌كه‌ كۆتایى پێدێت.   
 
له‌ لايه‌كى تره‌وه‌، فاكته‌رێكى گرنگ كه‌وا ده‌كات بڵێن ده‌وڵه‌تانى ناوچه‌كه‌ له‌ تێكشكان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى سنووره‌كانیان نزيكده‌بنه‌وه‌، بريتيیه‌ له‌ نه‌بوونى شه‌رعييه‌ت، شه‌رعييه‌ت به‌ماناى هه‌بوونى كولتوورى ديموكراسى و سه‌روه‌ریى ياسا و دابينكردنى عه‌داله‌تى كۆمه‌ڵايه‌تى. فۆكۆياما پێى وايه‌ شه‌رعييه‌ت له‌ سيستمى ناديموكراسيدا دروست نابێت، چونكه‌ سيستمى ديموكراسى شه‌رعييه‌ت له‌ خودى ديموكراسی و راى خه‌ڵكه‌وه‌ وه‌رده‌گرێت، هه‌روه‌ها باس له‌ ده‌وڵه‌تانى كه‌ندا و ده‌كات، ده‌ڵێت راسته‌ جۆرێك له‌ سه‌قامگيرى و خۆشگوزه‌رانى له‌وێدا هه‌يه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌ماناى شه‌رعييه‌ت نييه‌، چونكه‌ ئه‌و خۆشگوزه‌رانييه‌ به‌رهه‌مى هه‌بوونى نه‌وته‌ و په‌يوه‌ندى به‌ نرخى نه‌وته‌وه‌ هه‌يه‌، هه‌ركات نه‌وته‌كه‌ نه‌مێنێت يان نرخى نه‌وت زۆر دابه‌زێت سيستمه‌كه‌يان شه‌رعييه‌تى نامێنێت، كه‌واته‌ سنوور و سه‌قامگيریى ده‌وڵه‌تانى كه‌نداويش له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دايه‌. 
 
له‌دواى رووداوه‌كانى به‌هارى عه‌ره‌بى كه‌ له‌ كۆتایى 2010ـه‌وه‌ ده‌ستيان پێكرد، ئێستا رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست پاش نزيكه‌ى ساڵێك، زياتر به‌سه‌ر رووداوه‌كانى غه‌ززه‌ و هێرشه‌كه‌ى 7ـى ئۆكتۆبه‌ر، له‌ هه‌موو كاتێك زياتر له‌ لێوارى ته‌قينه‌وه‌يه‌كى گه‌وره‌دايه‌. بۆ نموونه‌ پاش ساڵێك زياتر له‌ 42 هه‌زار خه‌ڵكى غه‌ززه‌ كوژراون، سه‌ركرده‌ گه‌وره‌كانى حه‌ماس وه‌ك ئيسماعيل هه‌نييه‌ و يەحيا سينوار و كۆمه‌ڵێك سه‌ركرده‌ى تر له‌نێو كوژراوه‌كانن. جگه‌ له‌ هێرشه‌كانى ئيسرائيل بۆ سه‌ر لوبنان و كوژرانى حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا، سه‌ركرده‌ى حزبوللاى لوبنان. كه‌واته‌ گۆڕانكارييه‌كان زۆر ئاڵۆز و خێران له‌ ئێستادا. به‌تايبه‌ت ترس و دڵه‌ڕاوكێى خه‌ڵكى ئیسرائيل پاش تێوه‌گلانى هێزه‌ پرۆكسيه‌كانى ئێران له‌ جه‌نگه‌كه‌ به‌ پاڵپشتى ئێران، واى له‌ ئیسرائيل كردووه‌ رۆژ به‌ رۆژ شه‌ڕه‌كه‌ قورستر و فراوانتر بكات. ئێستا شه‌ڕێكى گه‌وره‌ى ئێران و ئيسرائيل چاوه‌ڕوان ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌م شه‌ڕه‌ رووبدات كاريگه‌ریى هه‌رێمى و جيهانيشى ده‌بێت. نه‌خشه‌ى رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست ده‌كرێت پێداچوونه‌وه‌ى پێدا بكرێت. هه‌موو ده‌وڵه‌تانى ناوچه‌كه‌ ئاماده‌گى ده‌كه‌ن بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئاڵنگارييه‌كانى به‌رده‌ميان، سعوديه‌ ده‌ڵێت هه‌وڵ ده‌ده‌ين ئه‌و شه‌ڕه‌ روونه‌دات، ئوردن ده‌ڵێت پارێزگارى گه‌وره‌ له‌ خۆمان ده‌كه‌ين له‌ كاتى دروستبوونى شه‌ڕه‌كه‌ و گه‌يشتنى پروشكى ئاگرى شه‌ڕ به‌ ئێمه‌. هه‌روه‌ها يه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانى ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى پرۆسه‌ى ئاشتى ئێستا له‌ توركيا په‌يوه‌ندى به‌م رووداوانه‌ى ئێستاوه‌ هه‌يه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست، چونكه‌ به‌شێوه‌يه‌ك له‌ شێوه‌كان نه‌ته‌نياهوو هه‌ڕه‌شه‌ى له‌ توركياش كرد و گوتى ئیسرائيل ده‌ستى ده‌گاته‌ هه‌موو شوێنێك و ئیسرائيل له‌ توانايدايه‌ نه‌خشه‌ى سياسى له‌ رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست بگۆڕێت، بێگومان توركياش ترسى له‌ به‌كارهێنانى كورد هه‌يه‌ له ‌ناوخۆى ئه‌و وڵاته‌ و ترسى له‌ دروستبوونى قه‌يرانى سياسى و سه‌ربازيش هه‌يه‌ جگه‌ له‌وه‌ى خۆى به‌ قه‌يرانى ئابورييه‌وه‌ ده‌ناڵێنێ.
 
هه‌رێمى كوردستان له‌كوێى هاوكێشه‌كاندايه‌؟
 
كورد به‌ گشتى و هه‌رێمى كوردستان له‌ ناوجه‌رگه‌ى رووداوه‌كاندايه‌ و ئه‌كته‌رێكى سه‌ره‌كيش ده‌بێ له‌ گۆڕانكارييه‌كان، له‌كاتى دووباره‌ داڕشتنه‌وه‌ى نه‌خشه‌ى سياسى له‌ رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست، دروستبوونى ده‌وڵه‌تى كوردستانى ئازاد يه‌كێكه‌ له‌ سيناريۆكان، به‌ڵام پرسيارێكى گه‌وره‌ ئه‌وه‌يه‌ كورد به‌ گشتى و هه‌رێمى كوردستان به‌تايبه‌تى چه‌ند ئاماده‌يه‌ بۆ گۆڕانكارييه‌كان، هه‌موو شت نابێت ببه‌سترێته‌وه‌ به‌ فاكته‌رى ده‌ره‌كى، زۆر جار دەرفەتی باش هاتووەته‌ پێش و فاكته‌رى ده‌ره‌كى هاوكار بووه‌، به‌ڵام به‌هۆى نائاماده‌گیی كورد و فاكته‌رى ناوخۆیى، هه‌ل و دەرفەتی باش له‌ده‌ستدراوه‌، بۆ ئه‌مه‌ رووداوه‌كانى 16ـى ئۆكتۆبه‌ر ره‌نگه‌ نموونه‌يه‌كى باش بێت، كه‌ ده‌كرا به‌هۆى يه‌كڕيزييه‌وه‌ پشتگيرى له‌ ده‌ره‌نجامه‌كانى ريفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیى كرابايه‌ و لانيكه‌م چاره‌نووسى ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان وه‌كو ئيستا نه‌بوونايه‌. 
 
له‌ ئێستادا، هه‌رێمى كوردستان به‌ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنێكى زۆر باش كه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و پشتگيریى ناوخۆیى و نيوده‌وڵه‌تى به‌دواى خۆيدا هێنا له‌ كه‌شێكى ئارام، سه‌ره‌تايه‌كى باشى ده‌ستپێكرد بۆ ئاماده‌گييه‌ك بۆ رووداوه‌كان و پێشهاته‌كان. له‌ كۆتا رۆژى بانگه‌شه‌شدا جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى، له‌ ياريگاى نێوده‌وڵه‌تیى فه‌ره‌نسۆ هه‌ريرى له‌ هه‌ولێر بانگه‌وازێكى نشتيمانى و نه‌ته‌وه‌يى كرد بۆ لايه‌نه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كان، بۆ دروستكردنى حكومه‌تێكى شه‌رعیى نشتمانیى به‌هێز، كه‌ گوتى "يه‌ك حكومه‌ت، يه‌ك په‌رله‌مان، يه‌ك هێزى پێشمه‌رگه‌ ده‌بێت هه‌بێت"، كه‌ من پێم وايه‌ ئه‌م ديدگا نه‌ته‌وه‌ييه‌ و له‌كاتى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن بريتیيه‌ له‌ ئاماده‌كردنى هه‌رێمى كوردستان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئاڵنگارى و پێشهاته‌كان و قۆستنه‌وه‌ى هه‌له‌ سياسييه‌كان. كه‌واته‌، ئێستا گرنگه‌ پارتى ديموكراتى كوردستان و يه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان به‌وپه‌ڕى هه‌ستتكردن به‌ به‌رپرسيارييه‌تى مێژووييه‌وه‌ هه‌رچى زووه‌ حكومه‌تێكى به‌هێزى نشتمانى دروستبكه‌ن، و‌ ده‌بێت سازش له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك داواكارى و به‌رژه‌وه‌ندیى حزبى بكه‌ن بۆ يه‌كتر له‌پێناو كوردستان و ئاماده‌گیى ته‌واو بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئاڵنگارييه‌كان، چونكه‌ پێشهات و رووداوه‌كان ده‌كرێت هه‌م هه‌ڕه‌شه‌ بن له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان و كورد به‌گشتى، هه‌م ده‌رفه‌ت بن، له‌كاتێكدا ده‌بنه‌ ده‌رفه‌ت ئه‌گه‌ر ديدگا و بۆچوونى هاوبه‌شى نیشتمانى و رۆحيه‌تى پێكه‌وه‌كاركردن و يه‌كگرتوويی  هه‌بێـت، ميژووش ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت كاتێك كورد يه‌كگرتوو بووه‌، هيچ هێزێك نه‌يتوانيوه‌ ئيراده‌ى تێكبشكێنێ. 
 
هه‌روه‌ها، ئه‌وه‌ى گرنگه‌ پێويسته‌ بكرێت، به‌تايبه‌ت ناوه‌نده‌كانى توێژينه‌وه‌ و زانكۆكان قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و تێزانه‌ بكرێت كه له‌م وتاره‌دا‌ باسكرا، گفتوگۆى زانستى و سمينار و ۆركشۆپ و كۆنفرانسى زانستى له‌نێوان پسپۆڕان و خاوه‌ن بڕياره‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجام بدرێت، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ڕووى زانستييه‌وه‌ ده‌ره‌نجام و راسپارده‌ى زانستى پێشكه‌ش به‌ ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵك بكرێت، و‌ پرسى دروستبوونى ده‌وڵه‌تى كوردى دووباره‌ زيندوو بكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى لانیكه‌م پێش رووداوه‌كان له‌ڕووى رۆحى و نه‌ته‌وه‌ييه‌وه‌ رووبه‌ڕووى ئاڵنگارييه‌كان ببينه‌وه‌. 
 
له‌ كۆتايدا، رووداوه‌كان پێمان ده‌ڵێن، نه‌خشه‌ى سياسیى رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست له‌ گۆڕانكاریى گه‌وره‌دايه‌ و كاريگه‌ریى گه‌وره‌ى له‌سه‌ر هه‌موو ناوچه‌كه‌ هه‌يه‌، ئه‌وه‌ى گرنگه‌ بۆ كورد تاوەکو چه‌ند ئاماده‌گى هه‌يه‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى پێشهات و ئاڵنگارى و سيناريۆكان. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە