رەنگە زێدەڕۆیی نەبێت ئەگەر بڵێم (جەلەوە) رۆڵێکی ئێجگار باشی بینیوە لە پاراستنی رەسەنایەتی و دابونەریتی کوردەواری و کوردایەتی لە خانەقین، كە شارێکی دێرینە و مێژووەکەی بۆ سەردەمانی پێش ئیسلام دەگەڕێتەوە. ئەوکاتە خانەقین بریتی بووە لە دوو گوند لەمبەر و ئهوبەری رووباری ئەڵوەن، بەری رۆژئاوا گوندی خانەقین بووە کە (جەلەوە) بنچینەکەیەتی، بەری رۆژهەڵاتیش گوندی (حاجی قەرە) بوو، کەواتە لەگەڵ بوونی خانەقین، جەلەوە هەبووە. ئەگەرچی ئه‌م ناوە رەنگە تازە بێ، بەڵام وەکو گه‌ڕه‌ک هەبووە و بەشێک بووە لەو گوندە گەورەیەی کە ئێستا پێیدەگوترێت (ئاغا و خەلیفە)، سەبارەت بە ناوەکەشی قسەی زۆر هەیە، یەکێک لەوانە کە رەنگە لە هەمووی دروستتر بێت، دەگوترێت لەناوی حاجی جەلیل-ەوە هاتووه، کە پیاوێكی ناودار بووە و دەستی هەبووە لە ئاوەدانکردنەوەی جەلەوە.
بەڕاستی نازانم بۆ زۆر کات بیروهۆشم ئۆقرەناگرێ و وەکو باڵندەی لانەواز لە شەقەی باڵ دەدات و لە شاری هەڵمەت و قوربانی و میهرەبانییەوە بەرەو خوار دەڕوات و دواجار لە مهنزڵگەی خۆی لەسەر درەختێکی بێ‌ناز لەناو باخێکی جەلەوە دەنیشێتەوە.درەختەکان ئەمجارە سیس و رەنگ خۆڵەمیشی بوون بەهۆی سیاسەتی (الارض المحروقة)ی فاشیستەكان و بێئاوی و خزمهتنەکردن و سووتاندنی باخەکان لەلایەن هەندێ چاوچنۆک و حەرامزادەوه.
یەكێك لەم باخانە، باخی قەسرەكە بوو، لەبەرئەوەی قەسرەكەی (مەجید بەگ) لە تەنیشتی بوو پێیدەگوترا باخی قەسرەكە. لە ساڵانی پێش نەوەدەكانی سەدەی رابردوو پڕبوو لە به‌رهه‌می خورما و پرته‌قاڵ و هەنار، ئەم باخە لە بنەڕەتدا هی (مووشیحای): دەوڵەمەندێكی جوو بووە لە خانەقین، دوایی بووە بە هی تاهیر عوزێر و غازي ئاغا، تاهیر عوزێر سەرۆکی کاکەییەکانی خانەقین بوو، ساڵانە تاهیر عوزێر به نیوە كرێ و نانەزگی ژمارەیەك كاكەیی دەهێنا بۆ خزمەتکردن و (سەرام و زگار): بڕینی خۆشە خورما و کۆکردنەوەیان، سەردەمانێك خاڵ‌و جاسم باخەوانی بوو. لەدایکبووی ساڵی (1910) بوو، لە خانەباخی قەسرەكە نیشتەجێ بوون لەگەڵ هاوژینەکەی و سێ کوڕ و سێ کچی.
خاڵۆ جاسم، لەگەڵ خەزووری لە (مەندەلی)ەوە هاتبوون بۆ جەلەوە بۆ کاسبی و باخەوانی. خەزوورهکهی ناوی شەهاب بوو، پیاوێکی ئەسمەری تۆخ بوو، سمێڵێكی رەش و ئەستوور شۆڕبووی هەبوو بەسەر دەمیدا، بە زگماك قاچێکی ئیفلیج و نزیکەی نیو گەز لەوەی دیکەی کورت‌تر بوو و بە دارشەق دەڕۆیشت. ئه‌و پیاوه له‌کاتی هه‌ڵگرتنی خه‌له‌و خه‌رمان بە کەر و شەڵتەوە سەردانی دێهاتی ده‌وروبه‌ری خانەقینی دەكرد بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی و زەکات. جەژنانیش هەلورک و چەرخوفەلەکی لە (بان جەلەوە)دادەنا، که له داری توو دروستیده‌کردن و بە پارەیەكی كەم منداڵانی گەڕەكەكەی دڵخۆش دەكرد. بان جەلەوە گۆڕەپانێکی سەرووی ماڵەکان و نزیک باخی قەسرەکە بوو، لە جه‌ژن و بۆنه‌کاندا منداڵان تێیدا کۆده‌بوونه‌وه بۆ یاریی فوتبۆڵێن و (بلبلان): یارییەك بوو بە دار دەكرا.
خاڵۆ شه‌هاب و هاوژینەکەی لە یەک ژووری خانووه‌کەی (مو‌سا دێ‌و) ده‌ژیان، کە ئێمەش (بەندە و دایکم و دوو خوشک و برایەک) لەو خانووه‌دا بووین، کە حەوت خێزانی تێدا كرێچی بوو و هەر خێزانێك و ژوورێكمان هه‌بوو.
ئەو سەردەمانە، زستانی خانەقین بەتایبەتی مانگی یەک و دوو زۆر سارد بوو، زۆبەی بەیانیان زەوییەکە دەیبەست، خاڵۆ شه‌هاب ناچار بوو جاروبار گوێدرێژەكەش بێنێتە ژوورەوە لەگەڵیاندا رۆژ بکاتەوە.
خاڵۆ جاسم، یەکێک لە سێ کوڕەکەی، ناوی عیدان بوو، لەدایكبووی ساڵی (1952) بوو، عەقڵی لەگەڵ تەمەنیدا گەشەی نەکردبوو، عومری نزیکەی پازدە ساڵ بوو، بەڵام ئەو وەکو منداڵی پێنج ساڵە هەڵسوکەوتی دەکرد، بۆیه به شێت ناوه‌زه‌د ده‌کرا. عیدان شێوه‌ی لە باپیرەی (شەهاب شەل) دەچوو، قژ رەش و شێواو، چاو رەش، تۆزێ خێل و برۆ ئەستوور و برژانگ درێژ و لووت قنج و پان و دەم و لێو ئەستوور و ددان سپی و ملبەرز و شان پان و باڵابەرز. لەگەڵ منداڵانی گەڕەک نەدەژیا و پیاوانیش رازی نەدەبوون بچێتە ناویان، وایلێهاتبوو بە تەنیا بژی.
سەردەمانێک لە جەلەوە سێ دووکان هەبوون؛ دووکانی حاجی یاسین و دووکانی سلێمان و دووکانی میر عەلی، ئه‌م سێ دووکانه وه‌کو بازاڕی (عوکاز)یان لێهاتبوو، بەتایبەتی دووکانی سلێمان، کە جێی مشتومڕی هەمەجۆر و لێکدانەوەی سیاسی و رۆشنبیری و قسەی خۆش و گاڵتەوگەپ بوو. زۆر جار عەسران سلێمان بەردەم دووکانەکەی بە ئاوی ئەڵوەن ئاورشێن دەكردو گسکی دەدا، ئێمەمانانیش وەکو هەرزەکار هاوکاریمان دەکرد بۆئەوەی بتوانین لەکاتی مەجلیسی شێخ رەشید مەلا ئیبراهیم، ئێمه‌ش دابنیشین.
شێخ رەشید کارمەندی کۆمپانیای نەوت بوو و خوێندەوار و لە ئایینیش شارەزا بوو، هەندێ جاریش لە مزگەوتی مەجید بەگ بانگی دەدا و دەنگیشی زۆر خۆش بوو، له ده‌نگی سەید عەلی ئەسغەر ده‌چوو، لەو شوێنەی لە به‌ردەم دووکانی سلێمان، شێخ رەشید کتێبی (قصة الانبياء)ی بۆ مەجلیسەكە دەخوێندەوە و دەیکردە کوردی و بۆی شی دەکردنەوە، جاروباریش عیدان لەو دەوروبەرە دادەنیشت و ئاگای لە قسەكانی شێخ نەدەبوو، لەگەڵ دونیای خەیاڵ و عەقڵی خۆی سه‌رقاڵ ده‌بوو.
عیدان، بەردەوام بە پێخاوسی لە قەراخی ئاوی ئەڵوەن هاتووچۆی دەکرد تا هیلاک دەبوو، ئینجا دادەنیشت و بە بێدەنگی سەیری وردە ماسییەکانی ئەڵوەنی دەکرد. جاروبار منداڵ و هەندێ هەرزەكار ئەزیەتی عیدانیان دەدا، ئەویش تووڕە و بەلەسە دەبوو بە كەسیش هێور نەدەبووەوە تەنیا دایكی نەبێت.
رۆژگار هات و چوو، لە کاتی رزگارکردنی خانەقین لە بەهاری ساڵی (1991) خەڵکی جەلەوە بەشداری بەرچاویان لە راماڵینی دامودەزگای رژێمی فاشیستی بەعس کرد، به‌ڵام تەواونەکردنی پرۆسەی رووخاندنی بەعس بووه مایه‌ی ئه‌وه‌ی بەشێکی زۆری خەڵکی خانەقین بەر گرتن و کوشتن بکه‌ون، یەكێك لەوانە (مەخەنی): حەسەن مەهدی بوو که بێسەروشوێن كرا، عیدانی بەدبەختیش بێ رەحمانە زۆر ئەشکەنجە درابوو، که پێشتر هیچی له جەور و ستەمی داگیرکەری بەعس نەدەزانی.
عیدانی داماو دووبارە لە ساڵی (1994) لەلایەن دەزگای ئەمنی خانەقینەوە دەگیرێت و رەوانەی ئەمنی عامەی بەغدا دەكرێت بە تۆمه‌تی (مجهول النوایا) دوو مانگ زیاتر لەژێر ئەشکەنجەی وەحشیانە ده‌مێنێته‌وه و دواتر رەوانەی شەماعییە دەکرێت و له‌وێ پاش ماوەیەکی کەم ئه‌م کوڕه به‌دبه‌خته به‌بێ تاوان شەهید دەبێ، له‌وه‌ش خراپتر دەزگای ئەمن ناهێڵن كەسوكارهکهی تەرمەکەی بێننەوە بۆ خانەقین و بە ناچاری لە گۆڕستانێكی دەرەوەی بەغدا بە خاك دەسپێردرێت.
ئێستاش من بیری عیدانی بێ تاوان دهکهمهوەو ده‌ڵێم، مه‌گه‌ر خوا بزانێت چۆن به‌رگه‌ی ئەشکەنجە و لێدانی وه‌حشیانه‌ی جەلادەکانی به‌عس و هەڵواسینی گرتبێ. بیر له‌وه ده‌که‌مه‌وه که عیدان ئه‌وکاته چی کردبێ و چی گوتبێت و چۆن رووحە پاکەکەی لە جەستەی جیابووبێته‌وه، چۆن له غه‌در و ناعه‌داله‌تی ئه‌م دنیا بێ ره‌حمه گه‌یشتبێت.
عیدان یه‌کێک بوو له‌و که‌سانه‌ی نه‌هامه‌تییه‌کانی له کۆڵانه ته‌سک و باریکه‌کانی جه‌له‌وه ده‌ستیپێکرد و دواتریش به‌ده‌ستی جه‌لاده‌کانی به‌عس به‌شێوه‌یه‌کی تراژیدی ژیانی کۆتایی پێهات. ئه‌م چیرۆکه خه‌مگینه‌ی عیدان، من ده‌باته‌وه سه‌ر خه‌یاڵێک که چۆن عیدانه‌کان ده‌بنه قوربانی بێ ره‌حمی و بێ به‌زه‌یی زه‌مه‌ن، زه‌مه‌نێک که عیدانی ناکام تێیدا بووه نێچیری ده‌زگا داپڵۆسێنه‌ره‌کانی به‌عس، بۆیه لێره‌ش دووپاتی ده‌که‌مه‌وه، درێغ بۆ یەشار كەمالێك، ساده‌یی ژیانی جه‌له‌وه و کارەکتهرهکانی به‌شیله‌ی تراژیدیا بکاته که‌ره‌سته‌ی گێڕانه‌وه‌ی نه‌هامه‌تییه‌کانی ئه‌و گه‌ڕه‌که هه‌ژارنشینه، که به به‌ری بست به بستی کوردستانه‌که‌م ته‌واوه، چونکه خه‌می وڵاته‌که‌م له سایه‌ی به‌عس و ده‌زگا داپڵۆسێنه‌ره‌کانی هه‌مووی یه‌کڕه‌نگ و یەكدهنگ بوو.
هه‌ر به‌ده‌م خه‌یاڵ و چركە خەوەوە لەپڕ دەروێش باوەخانی به‌هه‌شتی لە بەرامبەرمدا قوت بووەوە، که ئه‌ویش ده‌روێشێکی راسته‌قینه‌ی جه‌له‌وه بوو، پێش پەنچا ساڵ زیاترە مردووە، پێی‌گوتم: ( عیدان)م بینیوە ، چەپكێك گوڵاڵەسوورهی بەدەستەوه‌یه و لە ته‌ک حەزرەتی عیسا و حەمزەی مامی پێغەمبەر و ئیمامی حوسێن و حەلاج و قازی محەممەد، دانیشتووە بە زەردەخەنەی فریشتە ئاسا، سەیری جەلادەکان دەكات، چۆن به‌ره‌و دۆزه‌خی ریسوایی و ئەسفەلەسافلین، هاوشانی زوحاک و حەجاج و هیتله‌ر و عەلی كیمیاوی و جه‌لاده‌کانی دیکە به‌ڕێده‌کرێن.

.jpeg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
