لای من حكومەتە خراپەكان تەنیا دوو جۆرن، جۆرێكیان ئەوانەن كە میللەت دەیانڕووخێنێ، جۆرەكەی تریان ئەوەیانە كە میللەت دەڕووخێنێت. نزیك بە هەشتا ساڵی رابردوو گەلانی عێراق حكومەتەكانیان دەڕووخاند، بەڵام لەوە بەدواوە، حكومەتەكان گەل دەڕووخێنن!
هەموو میللەتێك مافی ئەوەی هەیە حكومەتە خراپەكەی خۆی بڕووخێنێت، بەڵام بەو مەرجەی بزانێت دانەیەكی لەو باشتر دروست بكاتەوە! لە هەشتا ساڵی رابردوودا، گەلانی عێراق هەر حكومەتیان رووخاند و هی نوێیان خستە جێی، بەڵام هەرگیز لەوەی پێشتر باشتریان پێ دروست نەكرایەوە. دەیان نیشانە دەیسەلمێنن كە سەردەمی مەلیك فەیسەڵی یەكەم لە سەردەمی مەلیك غازیی یەكەم باشتر و سەردەمی مەلیك غازی لە سەردەمی ئەمیر عەبدوللیلا باشتر و هی ئەمیش لە فەیسەڵی دووەم باشتر و ئەمیشیان لە سەردەمی عەبدولكەریم قاسم باشتر و هتد...، تا دەگاتە كۆمارە خوێناوییەكەی فوئاد مەعسوم!
ئێوە لە فەیسەڵی یەكەمەوە هەتا مەعسومی یەكەم تەماشای بكەن، كورد چ ئێستا و چ رۆژگاری شۆڕش، بەهیچ شێوەیەك دانی بە شكۆ و پێگەی دەوڵەتی عێراقدا نەناوە، لە ڕۆژی دامەزراندنی ئەو دەوڵەتەوە هەتا ئێستا، هیچ كوردێك عێراقی بە وڵاتی خۆی نەزانیوە، سەرۆكی عێراقی بە سەرۆكی خۆی نەزانیوە، وەزیری حكومەتەكانی عێراقی بە وەزیری حكومەتی خۆی نەزانیوە، هەرچی كوردە لە وڵاتێكی دەرەكی كە لێی دەپرسن خەڵكی كوێیت؟ هەرگیز ناڵێت عێراقیم.
هیچ كوردێك سروودی نیشتمانیی عێراق بە هی خۆی نازانێت و لەبەری نییە، هەرگیز كوردێك بە بەرزی و شەكاوەیی ئاڵای عێراق كەیفخۆش نییە، ئێوە نابێت هەر بەو جۆرە لە عێراق بڕوانن كە دانی بە مافەكانی كورددا نەناوە یان خۆی لێ دزیوەتەوە، لەپاڵیشیدا كورد دانی بە هیچ پیرۆزییەكی عێراقدا نەناوە.
كورد دەیەوێت لە عێراق جیابێتەوە، وڵاتێك كە بەیەك فەتوا، سێ ملیۆن لە نێرینەكانی، ناوی خۆیان لە ریزەكانی حەشدی شەعبی نووسی و ئامادەی هەموو جۆرە شەڕێكن لەگەڵ هەر نەتەوە و ئاینێكی عێراقدا پێیان بسپێردرێت، لەوانەش كورد! كورد دەیەوێت لە وڵاتێك جیابێتەوە كە سەد لەسەدی داهات و سامانەكەی لێت دەوێت و ئامادەش نییە سەددی 17ی بە دروستی و بێ كەموكورتی بداتەوە!
كەواتە كورد لەبەر ئەوەی ئەم دەوڵەتە خراپە و ئەم رژێمە خوێناوییە، بۆیە دەیەوێت لێی جیابێتەوە. ئەدی خۆی چ دەوڵەتێك دروست دەكات؟ نە پەرلەمانی لەجێی خۆیەتی و نە سەرۆكایەتی، نە داهاتی شەفافە و نە گەلی ئامادە كردووە بۆ راپرسی، مەكتەبی سیاسیی دوو حیزب لەبری نەتەوەیەك بڕیار دەدەن، گەلیان خستووەتە دووڕیانێكەوە لە ریفراندۆمەكەیاندا بڵێن: بەڵێ، بەرەو تاریكیی دەبەن و بڵێن نەخێر: هەلی لەكیس دەدەن!
بەكورت و كرمانجی، كورد نایەوێت لەگەڵ عێراقدا بژی و ناشیەوێت دەوڵەتێكی خراپتر لەوەی عێراق دروست بكاتەوە، دەوڵەتێك كە لە یەكەم هەنگاویدا نە دارولنەدوەی هەیە و نە مەجلیس و نە پەرلەمان، دەوڵەتێك كە هەندێك لە گەلەكەی سەرۆكی وڵاتیان ناوێت و هەندەكەی تریش سەرۆكی پەرلەمان! ئەم جۆرە دەوڵەتە، یان گەل دەیڕووخێنێ، یان گەل دەڕووخێنێ!
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ