وڵاتەكەم خۆشدەوێ
شارەكەم خۆشتر دەوێ
شەیدای جەلەوەم
جه‌له‌وه، گه‌ڕه‌کێکی کۆنی خانه‌قینه، هه‌رچه‌نده زۆربه‌ی خه‌ڵکه‌که‌شی کورد بوون، به‌ڵام مۆزایكێكه لە كورد، عەرەب و توركمان و سووننە، شیعە و كاكەیی، ئەمەش وایكردووە له هه‌موو سه‌رده‌مه‌کان خەڵكەكەی بە ئاسانی و بەبێ ناكۆكیی تایفەگەری و نەژادگەری بەیەكەوە بژین.
جه‌له‌وه ههڵکهوتەیەکی سه‌یری هه‌یه، کۆڵان و جاده‌کانی به‌قه‌د نه‌هامه‌تی و کوله‌مه‌رگیی ژیانی مرۆڤه‌کانی ته‌سک و پێچاوپێچن، كۆڵانێكی سەرەكی گه‌ڕه‌که‌که قیرتاو بوو، به‌ڵام هێنده ته‌سک بوو بە زەحمەت سەیارە پێیدا دەڕۆیشت، سێ كۆڵانی تری هێنده ته‌سک بوون سەیارەی هه‌ر پێدا نەدەڕۆیشت.
ئەم گەڕەکە دەكەوێتە دەستی چەپی شارەکە و لەنێوان رووباری ئەڵوەن و جۆگە ئاوی عالیاوەیە، لەوبەری ئاوی ئەڵوەنەوە لەسەر رۆخی ئاوەكەوە بە ریز بە یەكەوە ماڵی قایمقام و قوتابخانەی سەرەتایی كچانی خانەقین و قوتابخانەی ناوەندیی كچان و سه‌رای خانەقین و مزگەوتی مەجیدبەگ و حەمامی عەبدوڵڵا به‌گ دەكەونە بەرامبەری. پشت و كەمەری بە باخ تەنرابوو، ئەو باخانەی كە دیمەنێكی رازاوەیان پێ بەخشیبوو، دارخورماكان سێبەری فێنك و سەعافهکانیش (لقی سەری دارخورما) باوەشێنی قرچەی گەرمای هاوینن. (كوپری گەورە) كە پردێكی بەردینی كۆنە و لە سەردەمی سەفەویدا دروستكراوە، جەلەوە دەبەستێتەوە بە بەشەكەی تری خانەقینەوە.
لە كۆتایی وەرزی زستاندا بەهۆی لافاوی ئەڵوەنەوە جاروبار رێگای سەرەكی دادەخرا و لە وەرزی بەهاریشدا (قەداح)ی دار پرتهقاڵەكانی دەوروبەری بۆن و بەرامی خۆشی بەسەردا دەباراند.
زۆربەی هەرە زۆری خانووه‌کانی ئه‌و گه‌ڕه‌که بە قوڕ و دارەڕا دروستکرابوون، زۆبەی خانووەكان چەند خێزانێكی تێدا دەژیان، ته‌نانه‌ت خانووی وا هەبوو حەوت خێزانی تێدا بووه، به‌جۆرێک هەر خێزانێك ژوورێكی بە كرێ دەگرت پێی دەوترا (نزڵ. خانووەکەش هه‌رچه‌ندە خێزانی تێدا بووایه یەک حەوز و بەلوعەی ئاو و یەک ئاودەستی هەبوو (پێی دەوترا ئەدەب خانە) و زۆربەی خانووه‌کانیش ستارەی سەربانیان نەبوو، هاوینان هەمووان لە سەربان دەخەوتن و تاوەکو دره‌نگان خەریکی قسەوباسی رۆژانەی خۆیان بوون. بەیانیان بە دەنگی بولبول و چریكەی مەل و هاژەی ئەڵوەن و نەرمە تیشكی خۆر خەبەریان دەبووەوە.
بەهۆی نزیکی باخەكانەوە خەڵكی ئه‌م گه‌ڕه‌که تایبه‌تمه‌ندی خۆیان هه‌بوو، فێری راوی باڵنده و دانانی تەڵە بۆ بەراز و كوشتنی مار ببوون.
هەروەها نزیكیی ئەڵوەن وایكردبوو زۆربەی خەڵکەكە مەلەوان و فێری راوەماسی ببن. پەیوەندی کۆمەڵایەتی نێوان خەڵکەكە بەهێز بوو، به‌جۆرێک هه‌مووان لە خۆشی و ناخۆشی یه‌کتریدا به‌شداربوون. لە هاویندا ژنان بە هەرەوەزی خەریكی دروستکردنی دۆشاوی تەماتەی ئاوداری عالیاوە بوون و لە كۆتایی پایزیشدا هه‌مووان بە ژن و پیاو و منداڵەوە بە هەرەوەزی بەشداری (سەرام) بڕینی خۆشە خورمایان دەكردو لە دواییدا ژنان خەریكی دۆشاوی خورما دەبوون، هەندێ لە خێزانەكانیش (تەوش)ی میوه‌ی هه‌ڵوه‌ریوی ژێر درەختهکانیان بەردەكەوت.
ئەم گەڕەکە خاوەنی هەندێ کەسایەتی تایبەت بوو، هەریەکە و لە بوارێكدا دیار و به‌رچاو بوون، به‌ڵام داخەکەم بۆ عەزیز نەسینێك بۆ ئەوەی هەریه‌که‌یان بكاتە کاراکته‌ر و پاڵەوانی چیرۆک و رۆمانه‌کانی. یەکێک لە کاراکته‌ره‌کانی چیرۆکی راسته‌قینه‌ی ژیان له جه‌له‌وه خاڵۆ نەزەر بوو، ئەم زاتە پیاوێكی باڵابەرز و قیافەت رێکوپێك و گەنم رەنگی مەیلە و سپی و دەم بەپێکەنین بوو، لە بنه‌ڕه‌ته‌وه له گوندی عالیاوە و لەدایكبووی ساڵی (1928) و زه‌هاوی بوو، خێزاندار بوو و كوڕێك و شەش كچی هەبوو، ئه‌و پیاوه جووتیارێکی دەست بە بەرەکەت بوو.
خاڵۆ نەزەر سه‌ره‌ڕای جووتیاری، کەرەستەی تایبەتی خۆی هەبوو بۆ قەبرهەڵکەندن و لەکاتی مردنی کەسێک لە گەڕەکەکە ئەو لەگەڵ ژمارەیەک گەنج که منیش یەکێک بووم لەوانە قەبرەکەیان ئامادە دەکرد و مردووه‌که‌یان بەخاك دەسپارد. ئه‌و پیاوه هەموو ساڵێک لە پاییزان بە هەرەوەزی لەگەڵ گەنجانی گەڕەکەکە سواقی قوڕی سەربانی خانووه‌کانی دەکرد، دوای ئەو بۆ ماوەیەك من ئەو ئەركەم گرته ئەستۆ. خاڵۆ نەزەر پیاوێکی موسڵمان و ئیماندار بوو، شانبەشانی ئەمەش پیاوێکی نیشتمانپەروەر و خاوەن هەڵوێست و له رووی سیاسیشه‌وه كوردپەروەر و پارتی بوو.
دوای هەرەسی شۆڕش لە ساڵی (1975) خەڵکی خانەقین کەوتنە بەر شاڵاوێکی بەرفراوانی راگوێزان و ده‌رپه‌ڕاندن بۆ ناوچه‌کانی خوارووی عێراق، ته‌نانه‌ت لادێکان و دەورووبەری شارەکەشی گرته‌وه. لەو سه‌روبه‌نده‌دا خاڵۆ نەزەر لە ترسی راگوێزانی زۆره‌ملێ، خۆی جەلەوەی جێهێشت و چووه ئەبوغرێب. سەید هاشم کە ئەفسەرێکی خانەنشینی سەردەمی مەلیک و ناسیاوی بوو، لەوێ لە باخی ئەفسەرێکی دۆستێكی خۆی دایمەزراند و لەوێ نیشتەجێ بوون. دوای ماوەیەک خاڵۆ نەزەر بهعەگاڵ و عەبایەكی عەرەبییه‌وه سه‌ردانی جه‌له‌وه‌ی کرده‌وه بۆ ئەحواڵ پرسین و وەکو ئەوەش بڵێت ئەوە من پێشوەخت خۆم نەجات دا و ئێوەش چاوەڕوانی رەحمەتی بەعس بن. رۆژگار رۆیشت و قەدەریش وابوو جەلەوە بەر راگوێزان نەکەوت.
دوای نزیکەی دوو ساڵ بەهۆی جەور و زوڵمی دامودەزگای ئەمن و ئیستخبارات و بێتاقەتی نەگونجانی و هەستی نامۆیی وای له خاڵۆ نەزەر کرد بەناچاری بڕیاری گەڕانەوە بۆ جه‌له‌وه بدات، به‌ڵام سیناریۆیه‌کی سه‌یری بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی خۆی داڕشتبوو، پێشتر ئەندامانی خێزانەكەی ناردەوە و گوایه خۆی دوای ئه‌وان دێته‌وه، به‌ڵام چه‌ند رۆژێک دوای هاتنه‌وه‌ی خێزانه‌که‌ی هەواڵی خۆکوشتنی حاجی نەزەر گەیشت، کە بە پەتێک خۆی بە دارەتوویەكی باخەکەوە هه‌ڵواسیبوو و کۆتایی به ژیانی خۆی هێنابوو. ئیتر قه‌ده‌ر وایکرد له‌جیاتی خۆی ته‌رمه‌که‌ی بهێندرێته‌وه بۆ جەلەوەو بە هەمان کەرەستەکەی خۆیشی له گۆڕستانی ئیمام عه‌باس به‌خاک بسپێردرێت.
لەو كاتەدا خەڵکی گەڕه‌ک هه‌ندێکیان خەفەتباربوون بۆ مردنی، ئه‌وانی تریش رهخنەو گلەیی و گازەندەیان لێی هه‌بوو، من ئه‌وکات لە بەرەی دووەمدا بووم و ره‌فتاره‌که‌ی خاڵۆ نەزەرم به‌دڵ نه‌بوو، ده‌مگوت چۆن ده‌بێ که‌سێک به هه‌ر هۆیه‌ک و له‌ژێر هه‌ر گوشارێک بێ ده‌ست له ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ڵبگرێ، به‌ڵام نه‌مده‌زانی خاڵۆ نەزەر له‌ناخیدا هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ک نه‌شکاوه، بگره پته‌وتر بووه.
چیرۆکی خاڵۆ نەزەر و هه‌موو دانیشتووانی ئه‌و گه‌ڕه‌که له دنیایه‌کی ساده و بچووک روویان ده‌دا، له جوگرافیایه‌کی پڕ له مه‌ینه‌ت و ئازار و کوێره‌وه‌ری هه‌ڵده‌قوڵان، به‌ڵام به‌یه‌که‌وه زنجیره‌ی هه‌ره گه‌وره‌ی رووداو و به‌سه‌رهاته‌کانی کوردستانیان ته‌واو ده‌کرد، ئه‌و رووداوه بچووکانه به‌یه‌که‌وه ما‌نایان ده‌دایە ژیان، دوای چه‌ندین ساڵ له‌و به‌سه‌رهاتانه، ئێستا به‌ده‌ست خۆم نییه بیرکردنه‌وه‌و خه‌یاڵم په‌لکێشم ده‌که‌ن بۆ به‌راوردێکی سه‌یر، به‌خۆم ده‌ڵێم ئه‌وه‌ی ئه‌وکات ئەو پیاوه کردی ته‌نیا زیانی بۆ خۆی و ناو س ناوبانگی تاکه‌که‌سی خۆی بوو، به‌ڵام لەبەر پارێزگاری له كەرامەت و عیزەتی نەفس وازی لە دین و دونیا هێنا و خۆی كوشت، رووی نه‌هات جارێکی تر ته‌نیا له‌به‌ر راکردن و پۆشینی عه‌گاڵ و عەبای عەرەبی رووبکاته‌وه جه‌له‌وه‌و سه‌ره‌نجام سزای هه‌ڵواسینی به‌سه‌ر خۆیدا سه‌پاند. داخەكەم نازانم چۆن بەراوردی ئەمڕۆ بەو رۆژگارە بكەم، بەڵام دەتوانم بڵێم سەد رەحمەت لە رووحی خاڵۆ نەزەر.

.jpeg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
