سەرۆککۆماری ئێران چی لێ هاتووە؟

19-05-2024
زریان رۆژهەڵاتی
A+ A-
 
هێلیکۆپتەری سەرۆککۆماری ئێران لەکاتی گەڕانەوەیدا لە رێوڕەسمی کردنەوەی بەنداوی کزکالەسی لەسەر رووباری ئاراس لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤ سەرۆککۆماری ئازەربایجان، کەوتووەتە خوارەوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی کاتێکی زۆر لە ئێوارەوە تاوەکو ئێستا، هێشتا دیار نییە کە چی بەسەر هاتووە. وەزیری ناوخۆی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی گوتووە هێلیکۆپتەرەکە بە تووندی کەوتووەتە خوارەوە. ئەمەش واتای ئەوەیە کە لەوانەیە بەجۆرێک خۆی بە زەویدا کێشابێ کە ئامێرەکانی پەیوەندی و ناردنی سیگنالیشی لەکارختستبێت. میدیای رەسمی ئێران باس لەوە دەکات کە هیچ سیگناڵ و پەیوەندییەکیان پێناگات و ئەگەر کەوتنەخوارەکەش بە جۆرێک بووبێت کە ئەو ئامێرانەی لە کارخستبێت، ئەوا ئەستەمە مرۆڤ لەو کەوتنەخوارەوەیە بە سەلامەتی دەربازی ببێت. بۆیە ئەگەر ئەو خۆکێشانە تووندەی کە وەزیری ناوخۆ باسی کردووە، رەئیسی و یاوەرەکانیشی نەکوشتبێت کە وەزیری دەرەوەیشی لەگەڵدایە، ئەوا دەشێ زیانی زۆری پێگەیاندبن. میدیای رەسمی ئێرانیش داوای نزای کردووە بۆ پارێزراوبوونی رەئیسی و لەوانەیە ئەوەش، ئەو بۆچوونە پشتڕاستبکاتەوە کە یان گیانی لەدەستداوە یان زیانی زۆری پێگەیشتووە، یاخود لانیکەم هیوایەکیان بە دۆزینەوەی نەمابێت. خۆ ئەگەر هیچیشی لێنەیێت و تاوەکو بەیانی نەدۆزرێتەوە، ئەوا شەوێکی ساردی لەو ناوچەیە(وەرزقان) لەپێشە کە ناوچەیەکی کوێستانی و پڕ دۆڵ و نەواڵە.
 
ئەم رووداوە دەتوانێت چەند کاریگەرییەکی هەبێت:
 
یەکەم: دەتوانێت ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت دۆخێکی ئاڵۆز لەڕووی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوە دروست بکات، بەڵام بەهەبوونی رۆڵی رابەری باڵای ئێران و سوپای پاسداران، ئەستەمە بۆشاییەکی گەورەی ئیداری دروست بکات. رابەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دوای رووداوەکە گوتی با خەڵک نیگەران نەبێت هیچ بۆشاییەک لە ئیدارەی وڵات دروست نابێت. ئەمە بێجگە لەوەی کە رۆڵی سوپای پاسدارن لە سیاسەتی دەرەوە بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوە زیاترە. لە ئەگەری نەمانی رەئیسی دا، بەپێی ماددەی 131ـی دەستوور، جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار دەتوانێت شوێنی بگرێتەوە. ئەگەر ئەویش نەیکات رابەری ئێران دەتوانێت کەسێک دیاری بکات و لە ماوەی 50 رۆژدا هەڵبژاردن بکرێت. خۆی ساڵی داهاتوو سەرۆکاتییەکەی رەئیسی کۆتایی دێت، ئەگەر بەهۆی ئەم رووداوەوە هەڵبژاردنێکی پێشوەخت نەکرێت.
 
دووەم: هەر لەگەڵ راگەیاندنی هەواڵەکەدا نرخی دۆلار و زێڕ لە تاران بەرزبووەتەوە، بەڵام هەڵبەز و دابەزی ئەو نرخانە لەکاتی خودی رەئیسیش دا هەبوون و کارنامەی حکومەتەکەی لەوڕووەوە جێی رەخنەی بەشێک لە موحافزەکارەکانی ئێرانیش بوو.
 
سێیەم: گرنگترین کاریگەری کە دەشێ ئەگەری مردن یان دوورکەوتنەوەی رەئیسی لە سەرۆکایەتی کۆمار دایبنێت، پەیوەندی بە باسەکانی دیاریکردنی رابەری داهاتووی ئەو وڵاتەوە هەیە. رەئیسی یەکێک لەو کەسانە بوو کە ناوی بۆ جێگرتنەوەی رابەری باڵای ئێران دەهات. ئەمە بێجگە لەوەی هەروەک لە دەستووری ئێران دا هاتووە، لەکاتی مردن یان لەسەرکارلادانی رابەری باڵای ئێران دا، سەرۆککۆمار یەکێک لە ئەندامانی ئەو ئەنجوومەنە دەبێت کە تاوەکو کاتی دیاریکردنی رابەری نوێ، وڵات بەڕێوە دەبات و رۆڵی کارای لە دەستنیشانکردنی رابەری داهاتوودا دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نەزەند بەگیخانی

کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەرەنسا؟

خاتوو تۆندولیە دەمێکە لەناو کایەی سیاسی ناسراوە و لەسەر بنەمای لێدانی کەسانی دیکە دروست نەبووە، بەڵکو بەهۆی هەوڵ و ماندووبوون و لێهاتوویی خۆی گەیشتۆتە پایەکی سیاسیی شیاو و سەردەمییانە و ژینگەپارێز. ئەو خاتوونە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا وەک کەسایەتییەکی بوێر و زانا و پڕ وزە و توانا جڵەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە دژی بەرەی توندڕۆی لوپێن-یەکان گرتە دەست. لە کۆبوونەوە گشتییەکان، لەگەڵ جەماوەر، لە کەنالەكانی میدیا و لە دیدارەکانی بە جوانی و بە روونی و لەسەر بنەمای بەڵگە و راستییەکان ئایدیاکانی خۆی دەخستە ڕوو و باسی لە هەڕەشەکانی توندڕەویی و لوپێن-یەکان دەکرد. بۆیە هەرزوو بوو بە شوێنی سەرنجی هەمووان و ئەمڕۆش شایانی زۆری لێ دەنرێ. پسپۆڕ و میدیاکارانیش بە ئاشکرا و بە نهێنی دەڵێن خاتوو تۆندولیە یەکێکە نەک هەر لە گونجاوترین، بەڵکو لێهاتووترین کەسایەتی بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەڕەنسا.