سمکۆی شکاک لە تەرازووی ناسیونالیزمی کوردی و خێڵەکی دا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
کاوە ئەمین
A+ A-
 
پێنج سەت ساڵە هیچ سەرکردەیەکی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە مردنی خۆی نەمردووە، بەڵکو بە فێڵ لەلایەن دووژمنانییەوە براونەتە سەر مێزی گفتوگۆ و خافڵگیرکراون و کوژراون، ئەمە قسەی لێکۆڵینڤانیکی کوردە کە ماوەیەکی زۆرە لەسەر ژیانی سمکۆی شکاک، بنەماڵە و شۆڕشەکەی لێکۆڵینەوەی کردووە، ئەویش کاکشار ئۆرەمارە.
 
ئەو هێندە لەسەر سمکۆ و عەشیرەتی شکاکی نووسیوە، کاتێک بووە میوانی بەرنامەی پەنجەمۆر، وام دەزانی یەکێکە لە ئەندامانی ئەو عەشیرەتە، بۆیە پێیگوتم: "خۆ تۆ دەزانیت ئورەماریم، بۆچی بە شکاک منت ناساند، هەرچەندە شانازی دەکەم کە لەو عەشیرەتەوە نزیکم و بنکۆڵکاری مێژووییم لەسەر سمکۆ و شکاکەکان کردووە، بۆیە گەیشتوومەتە ئەو باوەڕی نەمر مستەفا بارزانی جوانی فەرمووە کە دەڵێت، سمکۆ کاری زۆری بۆ کورد کرد، بەڵام کەسێکی غەدرلێکرا و مافخوراوە لە پەیوەندی لەگەڵ نووسینەوەی مێژوودا."
 
ناوەندی نیشتەجێبوونی عەشیرەتی شکاک دەوروبەری گۆلی ورمێ یە، بەڵام لە شاری وان و دەوربەری سێ سنووریش بڵاوبوونەتەوە، تەنانەت پەڕیونەتەوە بۆ چیای کورد (چیای کرمێنج) لە عەفرین و زۆر شوێنی دیکەی کوردستان.
 
جەعفەر ئاغا کە دەکاتە برا گەورەی سمکۆ، تاوەکو ئەو رۆژەی لەلایەن قاجارەکانەوە بە فێڵ دەکوژرێت، لە دوای باوکی، بڕبڕەی پشتی شکاکەکان بووە، کەسێکی گوێلێگیراو و خۆشەویست بووە لەلای خێڵکەی، بۆیە قاجارەکان بە بیانووی گفتوگۆ و دابەشکردنی دەسەڵات لە ناوچەکەدا داوەتی تەورێزی دەکەن، بۆ ئەوەی محەممەد پاشای باوکی جەعفەر ئاغا کە پیاوێکی ئایینپەروەر بووە بڕوایان پێ بکات، قاجارەکان بۆ ئەوەی نیازپاکی خۆیان دەربخەن، قورئانێکی بەدیاری بۆ دەنێرن و دەڵێن ئەو قورئانە شایەتی نێوانمان بێت، بەڵام جگە لە کورد کێ بڕوا بە عەجەم دەکات، بۆیە لە کاتی میوانداری دا، جەعفەر ئاغا دەدەنە بەر دەستڕێژی گولـلە و لەگەڵ دوو پاسەوانی خەڵتانی خوێنی دەکەن و دەیانکوژن، بەڵام پێنج پاسەوانەکەی دیکەی جەعفەر ئاغا دەتوانن خۆیان رزگار بکەن و تاوەکو دەگەنەوە ورمێ هەرچی ژاندارم و سەربازێکیان هاتبێتە رێگە کوشتوویانە. 
 
دەکرێت مێژووی عەشیرەتی شکاک بۆ پێش کوشتن و دوای کوشتنی جەعفەر ئاغا دابەش بکەین. کاکشار ئورەمار دەڵێت، پەیوەندی نێوان شێخ عەبدولسەلامی بارزانی و شکاکەکان و دواتریش شێخ ئەحمەدی بارزان و مەلامستەفای بارزانی درێژەی دەبێت، تەنانەت شێخ عەبدولسەلام و جەعفەر ئاغا پێکەوە لە تفلیس تساری رووس دەبینن و داوای هاوکاری لێ دەکەن، بەڵام بەبڕوای کاکشار، هیچ کاتێک رووسەکان پڕۆژەیەکی سیاسی و مرۆڤانەیان بۆ کورد نەبووە و نییە، دەکرێت سەردەمی سمکۆ و کۆماری کوردستان وەکو دوو نموونەی زیندوو بهێنینەوە. 
 
لە دوای کوشتنی جەعفەر ئاغا، محەممەد پاشای باوکی پەنا دەباتە بەر عوسمانییەکان و لە ئیستەنبووڵ نیشتەجێ دەبێت، بەڵام پاش ماوەیەک بە بیانووی ئەوەی لەگەڵ بەدرخانییەکان دا دەستی لە کوشتنی رەزوان پاشا دا هەیە، دەگیرێت و بەشێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە نەفی دەکەن و پاشان دەیکوژن.
 
سمکۆی شکاک کە لە هەڕەتی لاوێتی دا دەبێت، جڵەوی عەشیرەتەکەیان دەخاتە دەستی خۆیەوە، ئیتر ئەستێرەی بەختی دەدرەوشێتەوە، بەڵام لە ناوچەیەک دا کە بەردەوام دووژمنایەتی دەکرێت لەلایەن خەڵکانێکەوە کە لە چاو ئەودا خوێندەوارترن، هەروەها خاوەن هێز و پشتیوانیی دەوڵەتن، بۆیە بەناچاری تاوەکو ئەوکاتەی لە پیلانێک دا لە ساڵی 1930 دەکوژرێت بەردەوام لەمبەر و ئەوبەردا بووە، هەندێک جار ناچاربووە بۆ بەرژەوەندیی خۆی و نەتەوەکەی دەست بۆ پشتێنی نامەردیش بەرێت. 
 
سمکۆی شکاک چەند جارێک بۆ ماوەی دیاریکراو دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی خۆی لە بەشێکی رۆژهەڵاتی کوردستان دا، بەتایبەتی بەشی باکوورەکەی سەپاندووە. لەگەڵ ئەوەی سمکۆ تاوەکو پۆلی چواری سەرەتایی خوێندووە، بەڵام پیاوێکی هۆشیار بووە، زانیویەتی دەرمانی دەردی نەتەوەکەی و دەرهێنانی لە نەزانی، خوێندن و خوێندەوارییە، بۆیە بە هاوکاری دۆستە کورد و رووسەکانی پەنای بۆ دانانی بەردی بناخەی قوتابخانەیەک بردووە بە زمانی کوردی لە ساڵی 1913 دا، بۆ ئەو مەبەستەش بە زانابوون شاری (خۆی) هەڵبژاردووە کە مەترسی توانەوەی نەتەوەیی لەسەر بووە، ئەو رۆژەی قوتابخانەکە دەکرێتەوە، خۆی بەشداری دەکات و قسەی دەبێت، تەنانەت نوێنەری کۆنسوڵخانەی رووسیا بەشدار دەبێت، ئەمەش خۆی لە خۆیدا جۆرە دان پێدادانێک دەبێت بە قەڵەمڕۆیی دەسەڵاتی سمکۆ دا، جگە لەوەش ئەسپسوارەکانی ئارامی شارەکە دەپارێزن، هاوکات جۆرێک بووە لە پێشاندنی بازووی دەسەڵاتی خۆی. ئەم هەنگاوەی سمکۆ نەیارە ئێرانییەکانی دەتاسێنێ، بۆیە لەبەرخۆیانەوە دەڵێن: "ئای دنیا منداڵانی، گورگی چیا وا خۆیان فێری خوێندەواری دەکەن."
 
هەروەها یەکەم رۆژنامەی بە هاوکاری عەبدولڕەزاق بەدرخان بە ناوی (کوردستان)ەوە لە ساڵی 1912 دامەزراندووە کە بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی ئیستەنبووڵی بڵاوکراوەتەوە، چونکە عەبدولڕەزاق بەدرخان شارەزایەکی زۆری لە زمانی تورکی دا هەبووە، رەنگە سمکۆ ویستبێتی پەیامەکانی بگەیێنێتە دەسەڵاتدارانی عوسمانی.
 
لە بەرنامەی (پەنجەمۆر)دا کە شەوی چوارشەممەی (17-7-2024) بڵاودەکرێتەوە، باسی کۆمەڵێک بابەتی گرنگی مێژووییمان کردووە لە پەیوەندی سمکۆ و بارزان، پەیوەندی لەگەڵ شێخ مەحموودی حەفید، لەگەڵ رووس، لەگەڵ ئێرانییەکان و ئینگلیز، لەسەر هەڵە و تاکتیک و تێڕوانینی سمکۆ بەتایبەتی سەبارەت سیاسەت و رۆشنبیری و دیپلۆماسی.
 
بۆ یەکەمین جاریش کاکشار ئورەمار بە پێچەوانەی مێژوونووسانی وەکو کەمال مەزهەر و مێژوونووسانی دیکەی کورد و بیانی، قسەی جیاواز لەسەر کوشتنی مارشەمعون هەیە! هەروەها باسی تاڵانکردنی شاری مهاباد لەلایەن سوپاکەی سمکۆ بە پڕوپاگەندە دادەنێت. 
 
ئەوەی کە روون و ئاشکرایە سمکۆش وەکو جەعفەر ئاغای برای بە خەندەی عەجەمەکان فریوی خواردووە، بۆیە لەکاتی گفتوگۆدا، خۆی و کوڕەکەیان کوشت و کۆتاییان بە سەرهەڵدانە بەئاکام نەگەیشتووەکەی سمکۆ هێنا. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەحموود بابان

گرێبەستە نەوتییەکان و تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان

ئەگەر بەغدا بیەوێت نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان هەناردە بکاتەوە، دەبێت رێگەچارەی هاوبەش و بنەڕەتی بۆ چوار ئاڵنگاری بە رێککەوتن لەگەڵ هەولێر بدۆزێتەوە