خۆنەکوتان دژی کۆرۆنا وەک بێمتمانەیی بە زانست

15-04-2021
نەوزاد جەمال
نیشانەکردن ڤاکسینی کۆرۆنا
A+ A-
 
رەنگە، هیچ کات و سەردەمێک وەک ئەم دووساڵەی دوایی، 'بێمتمانەیی گشتیی' بەرامبەر بە زانست و بەتایبەت زانستی پزیشکی نەبووبێت. لە سەدەی بیست و یەکەمدا، کە پێشکەوتن و دۆزینەوە و داهێنانی زانستی لە ئەوپەڕی برەوسەندندایە، جارێکی دیکە بێمتمانەیی گشتی بە زانست لە سەدە تاریکەکان نزیکمان دەکاتەوە. لە کاتێکدا، تەکنەلۆژیای زانیاری، زانین و زانیاری گەیاندە ئەودیو سنوورە داخراو و دووردەستەکانیشەوە.
 
سەیروسەمەرەکە لەوەدایە، سەدەیەک کە زانست پێناسیەتی، نەزانی، خورافە و وەهم بەسەر بڕیار و بۆچوونەکاندا زاڵدەبێتەوە. ئەو هەڵا و بەدگومانییەی سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و پێکوتەکەی هەیە، وادەکات گومان لە ئاستی ژیری و ئاگایی مرۆڤی سەردەمەکە بکەینەوە.
 
هەر لە سەروبەندی سەرهەڵدانی کۆرۆنادا، دەنگۆی ئەوەی ڤایرۆسەکە لە تاقیگەیەکی چینەوە دزەیکردووەتە دەرەوە و دەستکردە نەک سرووشتکرد، دەیان راوبۆچوونی دژیەک و ناکۆکی سیاسیی جیهانی دروستکرد. یەکەم زیانیش لە 'شکۆی زانست' کەوت.
 
سەرەڕای پێشکەوتنە بەرچاوەی زانست، بەڕای توێژەران ئێمە لەبەردەم کۆمەڵێک پەتای مەترسیداری دیکەیشداین. یەکێک لەوانە دیاردەی پەتای زانیاری - زانیاریی نادروستە (infodemic)، بە چوونەنێو سەردەمی کۆمەڵگەی پاش حەقیقەت - راستییەکان دیارنامێنن و ناڕاستیەکان جێگەی دەگرنەوە.
 
لێرەوە، خەڵکانێک هێشتا نەک هەر پێکوتەی کۆرۆنا وەرناگرن، بەڵکو لە بنەڕەتەوە گومانیان لەڕاستیی ڤایرۆسەکە هەیە. کەمبوونەوە و کزبوونی متمانە بەزانست لە سەردەمی داهێنانە مەزنە زانستییەکان، لەسەر ئاستی جیهان ژێدەری کۆمەڵە فاکتەرێکی سیاسی، ئابووری و کولتووری و زانستییە.
 
لەبەرئەوە، نەبوونی متمانە بە زانست دیاردەیەکە پتر لە وەڵامێک هەڵدەگرێت. بەشێکی بۆ تێنەگەیشتن لە سرووشتی پەرەسەندن و پێشکەوتنی 'زانست' دەگەڕێتەوە. دیارە، زانست هەوڵێکە بۆ باشترکردنی ژیان و ئەنجامدانی زیندەچالاکییەکان بە رێگەیەکی دروستتر و شیاوتر، بەڵام، بەواتای ئەوەش نییە کە زانست ناکەوێتە هەڵەوە یان داهێنراوەکانی بە رەهایی بێخەوشن. 
 
بەشەکەی دیکەش بۆ بەکارهێنانی دۆزینەوە و توێژینەوە زانستییەکان بە ئامانجی سیاسی یان بازرگانی دەگەڕێتەوە. هەروەها، خودی زانا و توێژەرەکانیش لەو جێگەیەی وەڵامی کۆتا و یەکلاکەرەوەیان نییە، بەڕاشکاوی ناڵێن 'هێشتا هۆکارەکە نازانین'. لەکاتێکدا، خاڵێکی پرشنگداری فەلسەفەی سۆکرات چەند هەزار ساڵێک لەمەوبەر گوتەیەک بوو:"دەزانم کە نازانم". گوتنی 'نازانم' هێندەی بەڵگەیە لەسەر زانایی و درککردن بە سنووری زانین، ئەوەندە نازانستیبوون ناگەیێنێت. 
 
دیوێکی دیکەی بێمتمانەییەکە ئەوەیە پێشکەوتنی زانستی و داهێنانەکانی وەک باوەڕێکی ئەفسانەیی لێهاتووە. بەجۆرێک مرۆڤ کوێرانە خۆی رادەستی توێژینەوە و دۆزینەوەکانی بکات، بێئەوەی پرسیار و بیرکردنەوەی رەخنەگرانەی لەبارەوە هەبێت. لەمەوە، زانست باوەڕی وەک دۆگما-باوەڕێکی چەقبەستوو-ی لێهات. 
 
بۆیە، هەر هەڵەیەکی بچووک و گەورەی زانستی وایکرد ئەو باوەڕە کوێرانەیە بە زانست سەر لەبەر هاڕەبکات. چونکە، لەو دیدوبۆچوونە پەڕگیرەدا بەبێخەوشی زانست، سنووری نێوان باوەڕ و راستی بابەتی سەلمێنراو تێکەڵبوو. هەر چییەک بەناوی زانستەوە گوترا، وەک راستیەکی حاشاهەڵنەگر هەژمارکرا. لەمەشەوە، جیاوازی لەنێوان زانست و باوەڕ و ئایین و خورافە و ئەفسانەدا نەما.
 
هۆکارێکی دیکەش، بڵاوبوونەوەی هەواڵی ناتەواو و نەسەلمێندراو و زانیاریی کەموکورتە لە تۆڕەکاندا. ئەوەندەی زانیاریی ناتەواو ناپاساودراو لە میدیا و تۆڕەکاندا بڵاودەبنەوە، هێندە زانیاری پێویست و سەلمێنراو و پێویست ناگەن. 
 
لەم دۆخە لێڵ و لیخنەشدا، کۆمەڵێ ئامانجی سیاسی و ئابووری بەنیازی خۆیان دەگەن. تەنانەت، گرووپە تووندڕە و تیرۆریستییەکان، دەرفەتەکە بۆ شۆردنەوەی مێشکی لاوان و راکێشانیان بەرەو–بازنەی ئارامی باوەڕەکەیان- دەقۆزنەوە. باشتر دەتوانن گەنجە تەریک و بەگومانەکان، لەنادڵنیاییەوە بەرەو ئامانی ئایدۆلۆجی خۆیان کێشبکەن. 
 
جگە لەوەش، کزبوونی متمانە بە 'سەنتەری دەسەڵات' و دەستەبژێری سیاسی و کاربەدەستان، دیوێکی دیکەی بڵاوبوونەوەی بێتمانەییە. ئاخر، لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستاش بەرپرسێکی باڵا و کاربەدەستێک لە پێگەیەکی هەستیاردا نەمان دی لەبەرچاوی میدیاکان، خۆی بکوتێ. ئەوە هێندەیتر بەدگومانی بە ڤاکسینەکە پتر دەکات. خەڵکی دەپرسن: یان ئەوەتا باوەڕیان بە پێکوتەکە نییە یان هی تایبەتیان بەپارەی خەیاڵی بۆ هاتووە. 
 
بێگومان، وەکچۆن زانست خزمەتی گەورەی بە مرۆڤایەتی کردووە، هەندێکجاریش زیانی بە ژینگە و ژیان و مرۆڤایەتی گەیاندووە، بەتایبەت کە لە دەرەوەی ئامانج و پەیامی زانست، داهێنراوەکانی بەکارهێنراوە. 
 
لەمەوە، دەبێت بپرسین؛ ئایا رۆڵی سەنتەرەکانی توێژینەوەی زانستی زانکۆکان، پسپۆڕ و شارەزایان چییە ئەگەر هەروا بێدەنگبن؟ ئایا، بێمتمانەیی بە زانست/ بواری پزیشکی و تەندروستی لە کوردستان، هۆکاری دەرکەوتنی دیاردەی "دەست لەخۆبەردان/دەست لەخۆشۆردن"ـی تاکەکانی کۆمەڵگەیە لەهەر رێنمایی و رێکارێکی تەندروستی و یاساییە؟ یان ئەنجامی بێهیواییە لەژیانێکی شیاوتر، ژینگەیەکی لەبارتر و داهاتوویەکی پرشنگدارتر؟

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شێخ فاتیح

بۆ ئەوەی شەش بە چوار نەبین دەبێ سەرژمێری بکەین

عێراق دەڵێت: کوردستان تۆ 12.67 لەسەدی بۆیە 24 تریلیۆن دەنێرم، بەڵام گوێز بە ژماردن مایەکەی دیارە، ئەگەر سەرژمێری بکرابایە، کوردستان 15٪ دەبوو و شایەنی 30 تریلیۆن دینار دەبوو، کەواتە هەر لەجێوە و لە رێوە 6 تریلیۆن دینار چاوی تۆ خۆش.