ژیانی موسڵمانانی ئویغور لە شینجیانگی چین چۆنە؟

14-07-2022
نی رووچی
A+ A-
 
بۆ ماوەیەک، زۆرجار هەندێک لە هێزەکانی دژە چین بە پرسەکانی پەیوەست بە شینجیانگ هێرشیان دەکردە سەر چین. درۆیان لەبارەی "جینۆساید- كوشتنی به‌ كۆمه‌ڵ،" "چه‌وساندنه‌وه‌ی ئایینی" و "کاری زۆرەملێ" هەڵبەستووه‌. هێرشیان کردە سەر سیاسەتی شینجیانگی حکومەتی چین و تۆمه‌تیان دایه‌ پاڵ و هەوڵیان دا چین بە خراپەكار ناوببه‌ن، بەڵام درۆ هه‌ر درۆیە تەنانەت ئه‌گه‌ر سەد جاریش دووبارە ببێته‌وه‌. ئەوەی کە ئه‌وان بەڕاستی گرنگییان پێدەدەن موسڵمانەکانی شینجیانگ نین، نە ئازادی و مافه‌كانی مرۆڤی گەلی چین، بەڵکو به‌ خراپ نیشاندانی چینە بۆ سنوورداركردنی سه‌ركه‌وتنه‌كانی چین. کەواتە راستییەکە چییە؟ ژیانی موسڵمانان لە شینجیانگ چۆنە؟
 
ئەوەی پێی دەگوترێت "جینۆساید"
 
رێککەوتننامەی رێگریکردن و سزادانی تاوانی كوشتنی به‌ كۆمه‌ڵ (جینۆساید)، کە لە ساڵی 1948 لەلایەن کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسندکراوە، پێناسەیەکی روونی جینۆساید دەخاتەڕوو – ئەو کردارانەی کە بە مەبەستی لەناوبردنی تەواوی یان بەشێکی نەتەوەیی، كه‌مه‌ نەتەوەیی، رەگەزی یان كۆمه‌ڵه‌ی ئایینی. راستییه‌كان لە شینجیانگ چین؟ حکومەتی چین بەپێی یاسا مافی ئویگورەکان و هەموو كۆمه‌ڵه‌ کەمینە نەتەوەییەکانی دیکە لە شینجیانگ دەپارێزێت. ئەم راستییە بە پێچەوانەی ئەو تۆمه‌ته‌ هه‌ڵبه‌ستراوانه‌یه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی دژه‌ چین بڵاوده‌كرێنه‌وه‌.
 
لەڕووی دیمۆگرافییەوە (توێژینه‌وه‌ی سه‌رژمێریی دانیشتووان)، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای دامەزراندنی هەرێمی ئۆتۆنۆمی شینجیانگ ئویگور لە ساڵی 1955ـەوە، ژمارەی دانیشتووانی ئویغور لە 3607600 کەسەوە بۆ 11624300 کەس لە ساڵی 2020 دا زیادی کردووە، ئەمەش ئاستێکی بەرزی گەشەکردنی بە گشتی پاراستووە، کە ئه‌مه‌ش زۆر زیاترە لە تێکڕای ڕێژەی گەشەی ساڵانەی نیشتمانی کەمە نەتەوەییەکان کە دەگاتە 0.83 له‌ هه‌مان ماوه‌دا. رێژەی مردنی کۆرپەلە لە 40% لە ساڵی 1949 بۆ 0.675% لە ساڵی 2020 دابەزیوە. تێکڕای تەمەنی چاوه‌ڕوانكراو لە کەمتر لە 30 ساڵەوە بۆ 74.7 ساڵ زیادیکردووە. 
 
لەڕووی گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای دامەزراندنی کۆماری چینی میللیه‌وه‌ لە زۆر بواردا لە شینجیانگ چه‌ندین ده‌رئه‌نجام بەدەست هێنراوه‌ كه‌ جێگەی دەستخۆشییه‌. لە ساڵی 1952 تا ساڵی 2020، كۆی گشتیی بەرهەمی ناوخۆیی شینجیانگ لە 791 ملیۆن یوان بۆ 1.38 تریلیۆن یوان زیادی کردووە، هه‌روه‌ها بەرهەمی ناوخۆیی هەرێمی بۆ هه‌ر تاکێک لە 166 یوان بۆ 53,593 یوان زیادیکردووە. لە ساڵی 1949 دا،  شینجیانگ تەنیا یەک کۆلێژ و نۆ قوتابخانەی ناوەندی و 1355قوتابخانەی سەرەتایی هەبوو. تەنیا لە 19.8%ـی منداڵانی تەمەنی خوێندن لە قوتابخانە ده‌یانخوێند و رێژەی نەخوێندەواریش لە 90% زیاتر بوو. له‌ ساڵی 2020 دا، شینجیانگ باخچەی منداڵانی لە هەموو گوندەکاندا هەبوو، هەروەها 3641 قوتابخانەی سەرەتایی، و 1211 قوتابخانەی ناوەندی ئاسایی، 147 قوتابخانەی پیشەیی ناوەندی (بەبێ قوتابخانەی پیشه‌یی لێهاتوو)، و 56دامەزراوەی خوێندنی باڵا لە سەرانسەری هەرێمەکەدا. ڕێژەی تەواوکردنی خوێندنی ناچاری بۆ نۆ ساڵ زیاتر 95% بووە و لە زۆرێک لە پارێزگاکان، خوێندن بۆ ماوه‌ی 15 ساڵ پێش قوتابخانە تا ئامادەیی به‌بێ به‌رامبه‌ر بەردەستە. لە ساڵی 1949، شینجیانگ تەنها 54 دامەزراوەی پزیشکی هەبوو کە 696 قەرەوێڵەی تێدابوو، توانای خزمەتگوزاری پزیشکی  0.16 قەرەوێڵە و 0.019 پزیشک بوو بۆ هەر هەزار کەسێک. تا ساڵی 2019 سیستەمێکی چاودێری تەندروستی بنەڕەتی دامه‌زرێنرا، کە 18 هەزار و 376 دامەزراوەی پزیشکی له‌ ناوچە شارییەکان و گوندەکانی له‌خۆده‌گرت و بە گشتی 186 هەزار و 426 قەرەوێڵە دابینده‌كرد. ئایا ئەمە ئەو شتەیە کە پێی دەگوترێت "جینۆساید؟"
 
ئەوەی پێی دەگوترێت "چه‌وساندنه‌وه‌ی ئایینی"
 
هێزەکانی دژە چین تۆمەتی درۆیان بڵاوکردەوە کە شینجیانگ ئازادی ئایین سنووردار دەکات، چالاکییە ئاینییەکان لەژێر چاودێریدا دەهێڵێتەوە، رۆژووگرتن لە موسڵمانان قەدەخە دەکات، مزگەوتەکان بەزۆر دەڕووخێنێت، هه‌روه‌ها کەسانی ئایینی ده‌چه‌وسێنێته‌وه‌، بەڵام راستییه‌كان چین؟ رێزگرتن و پاراستنی ئازادیی بیروباوەڕی ئایینی سیاسەتێکی نه‌تەوه‌یی بنەڕەتی درێژخایەنی حکومەتی چینە. لە دەستووردا هاتووە کە  هه‌ر هاووڵاتییه‌ك خاوه‌ن ئازادیی بیروباوەڕی ئایینیه‌، هەروەها هیچ ئۆرگانێکی دەوڵەت، رێکخراوی کۆمەڵایەتی و تاکێک نابێت هاووڵاتییان ناچار بکات باوەڕ بە هیچ ئایینێک بکه‌ن یاخود نه‌كه‌ن، و نابێت جیاوازی لەنێوان ئەو هاووڵاتییانەدا بکرێت کە باوەڕیان بە ئایینێک هەیە یاخود باوەڕیان به‌ هیچ ئایینێك نییە. هەروەها باس لەوە دەکات کە پێویسته‌ دەوڵەت پارێزگاری لە چالاکییە ئایینییە ئاساییەکان بکات.
 
لە شینجیانگ چەندین ئایینی جیاواز هەیە لەوانە ئیسلام، بوودێتی، مەسیحی، کاسۆلیک، تاوی، مەسیحی ئۆرتۆدۆکس. هەموو ئایینەکان به‌ لێبوورده‌یی به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ژین و گەشە دەکەن. یاسا چالاکیی ئایینی ئاسایی هاووڵاتیان ده‌پارێزێت. هاووڵاتییان ئەو ئازادییەیان هەیە کە بڕوایان بە ئایین هەبێت یاخود نه‌بێت؛ ئەوان ئازادییان هەیە باوەڕ بەم ئایینە یاخود ئەو ئایینە بکەن؛ لەناو هەمان ئاییندا ئازادییان هەیە باوەڕ بەم مه‌زهه‌به‌ بکەن یاخود ئه‌و مەزهەب؛ ئازادیی باوەڕیان بە ئایین هەیە و هەروەها ئازادی وازهێنان لە ئایینیان هەیە. هیچ هاووڵاتییەک بەهۆی ئایینەکەیەوە یاخود بیر و باوه‌ڕییه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی نایه‌كسانانه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ناكرێت و ناچه‌وسێندرێته‌وه‌. 
 
ئەگەر ئیسلام بە نموونە وەربگرین، لە شینجیانگ 24 هەزار و 400 مزگەوت هەن، بە تێکڕا 1 مزگه‌وت بۆ هەر 530 موسڵمانێك، هه‌روه‌ها 10 قوتابخانەی ئیسلامی هەن کە بەشێک لە پیاوانی ئایینی پلە بەرزیان راهێناوە، ئەمەش بە شێوەیەکی کاریگەر گەشەسەندنی تەندروست و رێکوپێکی ئیسلامی مسۆگەر کردووە. کۆمەڵەی ئیسلامی چین ساڵانە حه‌ج بۆ موسڵمانه‌ چینییه‌كان له‌ سعودیه‌ رێکدەخات، هەروەها هاوکاریی دارایی پێشکەش بەو هاووڵاتییانه‌ دەکات به ‌مه‌به‌ستی چارەسەری پزیشکی، وەرگێڕان، و خزمەتگوزارییەکانی دیکە.
 
لە فیستیڤاڵە ئایینییەکان به‌ بەردەوامی چالاکیی جۆراوجۆری ئایینی بەڕێوەدەچێت. له‌پێناو دابینكردنی پێداویستییە ئایینییە ئاساییەکانی باوەڕداران، شینجیانگ چالاکانە بارودۆخی شوێنە ئایینییەکانی باشتر کردووە لەڕێگەی رێوشوێنی وەک نۆژەنکردنەوە، بیناسازی نوێ، گواستنەوە و فراوانکردن. حکومەت بڕه‌ پاره‌ی تایبەتی بۆ پاراستن و رێکخستنی کتێبەکانی وەک قورئان و هەڵبژاردەکان لە سەحیحی محەممەد ئیبن ئیسماعیل بوخاری تەرخان کردووه‌. هەروەها حكومەت وەبەرهێنانی لە باشكردنی ئاو، كارەبا، رێگەوبان، غاز، رێگەكانی پەیوەندی، رادیۆ، تەلەڤزیۆن، كتێبه‌كان كردووە، ئەمەش ئاسانكارییەكی زۆر بۆ خەڵكی ئایینی و باوەڕداران دەكات. ئایا ئەمە ئەو شتەیە کە پێی دەگوترێت "چه‌وساندنه‌وه‌ی ئایینی؟"
 
ئەوەی پێی دەگوترێت "کاری زۆرەملێ"
 
لەڕێگەی درۆی "کاری زۆرەملێ" وە، هێزەکانی دژە چین رێكاره‌كانی چین دژی تیرۆر و تووندڕەوی به‌دناو ده‌كه‌ن، گەشەسەندنی پیشەسازییەکان له‌ شینجیانگ وەک پەتاتە و تەماتە و بەرهەمە فۆتۆڤۆڵتیکەکان سەرکوت دەکەن، هەروەها بەشداریکردنی چین لە هاوئاهەنگیی جیهانیی له‌ زنجیری پیشەسازیی سنووردار ده‌كه‌ن، بۆ رێگریکردن له‌ گەشەسەندنی شینجیانگ. ئه‌گه‌ر پیشەسازی په‌مۆ بە نموونە وەربگرین، جارێك هەندێک میدیای دژە چین، تۆمه‌تی ئه‌وه‌یان دایه‌ پاڵ چین کە په‌مۆی شینجیانگ لەژێر کاری زۆرەملێدا دروێنە دەکرێت، بەڵام لە ڕاستیدا ڕێژەی دروێنەکردنی میکانیکی په‌مۆ لە شینجیانگ 80٪ تێدەپەڕێنێت، كه‌وایه‌ چۆن ده‌كرێت ئه‌مه‌ کاری زۆرەملێ بێت؟
 
شینجیانگ لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تووندڕەویدا، چه‌ندین ناوەندی پەروەردە و راهێنانی پیشەیی بەپێی یاسا دامەزراندووە. جیاوازییەکی سه‌ره‌كی لە نێوان ئەم دامەزراوانە و ناوەندەکانی لابردنی رادیکاڵبوون و بەرنامەکانی چاكسازی و گۆڕانکاری و راستكردنه‌وه‌ی کۆمەڵگە لە زۆر وڵاتی دیکەدا نییە. کۆمەڵێک بەڵگەی بەرچاو هەن نیشانی دەدەن کە ئەمە رێبازێکی کاریگەرە بۆ دژه‌تیرۆر و لابردنی رادیکاڵکردن و، بە تەواوی له‌گه‌ڵ بنەمای بڕیاره‌كانی دژەتیرۆر وەک ستراتیژی جیهانی دژه‌تیرۆری نەتەوە یەکگرتووەکان و پلانی کارکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رێگری لە تووندڕەویی توندوتیژ ده‌گونجێت. ناوەندەکانی پەروەردە و راهێنانی پیشەیی لە شینجیانگ توانای فێرخوازانیان لە ستانداردی زمانی چینی له‌ قسەکردن و نووسین باشتر کردووە و توانای دامەزراندنیان زیادکردووە. هەروەها ئەم ناوەندانە هەستی ناسنامەی نەتەوەیی و هاووڵاتیبوون و سەروەریی یاسایان بەهێزتر کردووە. تاوەکو مانگی تشرینی یه‌كه‌می 2019، سەرجەم فێرخوازان خوێندنیان تەواوکردبوو. زۆربەیان کارێکی جێگیریان دۆزیبووەوە، یاخود له‌ڕێگەی هەڵبژاردنی کاری تایبه‌تی خۆیان، یان له‌ڕێگەی دەستپێکردنی کاری بازرگانی تایبه‌ت، یان بە یارمەتیی حکومەت. ئایا ئەمە ئەو شتەیە کە پێی دەگوترێت "کاری زۆرەملێ؟"
 
جگە لەوەش هەندێک لە هێزە دژە چینەکان بە ساختەکردنی داتا و دروستکردنی شت لە هیچ و گریمانەدانان راهاتوون. ئەوان وێنەی ئافره‌تانی شینجیانگیان هه‌ڵگرت کە پشکنینی پزیشکییان بۆ دەکرێت، به‌ڵام ئه‌وان ده‌ڵێن کە "پاككژكردنه‌وه‌ی زۆرەملێ"یان بۆ ده‌كرێت؛ نەخشەیەکی مانگی دەستکردیان هه‌ڵگرت و دەیانگوت "کەمپێکی ده‌ستبه‌سه‌ركردنه‌"، بەڵام لەڕاستیدا باڵه‌خانه‌یه‌كی حکومییە؛ هه‌روه‌ها ئەوان لیستێکی دانیشتووانی سەر شەقامەکانیان دانا و دەیانگوت ئەمە ئەو لیستەیە کە پێی دەگوترێت لیستی دەستبەسەرکردنی کەمپه‌كانی ده‌ستبه‌سه‌ركردن، لیستەکە بەردەوامە و بەردەوام دەبێت.
 
ده‌رئەنجام
 
لە دێرزەمانەوە شینجیانگ ناوچەیەک بووە کە زۆرێک لە نەتەوە و ئایینه‌ جیاوازه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ تێیدا ده‌ژین. ناوچەیەکی کراوە و گشتگیر و خۆشگوزه‌رانه‌. لەژێر سەرکردایەتیی پارتی كۆمیۆنستی چینی، بە دڵنیاییەوە شینجیانگ بەرەو ئایندەیەکی گەشتر هەنگاو دەنێت و خەڵکی هەموو نەتەوەکانی شینجیانگ ژیانێکی خۆشگوزەرانتر ده‌ژین. دەرگەی چین بۆ كرانەوە هەمیشە کراوەیە، هاوڕێیان لە هەموو چین و توێژەکانی كۆمه‌ڵگە بەخێرهاتن دەکرێن بۆ سەردان و سه‌یركردنی شینجیانگ.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نەزەند بەگیخانی

کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەرەنسا؟

خاتوو تۆندولیە دەمێکە لەناو کایەی سیاسی ناسراوە و لەسەر بنەمای لێدانی کەسانی دیکە دروست نەبووە، بەڵکو بەهۆی هەوڵ و ماندووبوون و لێهاتوویی خۆی گەیشتۆتە پایەکی سیاسیی شیاو و سەردەمییانە و ژینگەپارێز. ئەو خاتوونە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا وەک کەسایەتییەکی بوێر و زانا و پڕ وزە و توانا جڵەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە دژی بەرەی توندڕۆی لوپێن-یەکان گرتە دەست. لە کۆبوونەوە گشتییەکان، لەگەڵ جەماوەر، لە کەنالەكانی میدیا و لە دیدارەکانی بە جوانی و بە روونی و لەسەر بنەمای بەڵگە و راستییەکان ئایدیاکانی خۆی دەخستە ڕوو و باسی لە هەڕەشەکانی توندڕەویی و لوپێن-یەکان دەکرد. بۆیە هەرزوو بوو بە شوێنی سەرنجی هەمووان و ئەمڕۆش شایانی زۆری لێ دەنرێ. پسپۆڕ و میدیاکارانیش بە ئاشکرا و بە نهێنی دەڵێن خاتوو تۆندولیە یەکێکە نەک هەر لە گونجاوترین، بەڵکو لێهاتووترین کەسایەتی بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەڕەنسا.