دەیانەوێ باشتر بژین

11-01-2024
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
A+ A-
 
 
ئەم هەفتەیە ئەڵمانیا بووەتە وڵاتی مانگرتن و ناڕەزایی. هەرچەندە لە دیموکراسیی ئەڵمانیدا مانگرتن و ناڕەزایی هەمیشە هەن، بەڵام ئەوەی ئەم هەفتەیە کاریگەرییەکەی گەورەیە. کاریگەریی ئەو چارەسەرییەش کە من دەستمپێکردووە لەسەرم گەورەیە. وەک ئەڵمان دەڵێن، رۆژێک زۆر باشم و رۆژێکی دیکە دەبێ کەمێک زۆرتر خۆم ماندوو بکەم بۆ ئەوەی باش بمێنم. خۆ راستییەکەی بەتەندروستی هێشتنەوەی حوکمڕانیی وڵاتێکیش هەر وایە. ماوەیەک هەموو شتێک باشە و ماوەیەک شتەکان هێندە باش نین کە حوکمڕانەکان دەیانەوێ. بۆ نموونە حکومەتی ئێستای ئەڵمانیای فیدراڵ بە سەرۆکایەتیی ئۆلاف شۆلتز بۆ خۆی کێشەی بودجە و باشنەبوونی دۆخی لە راپرسییەکاندا هەیە، کەچی ئەو مانگرتن و ناڕەزاییانەشی هاتوونەتەسەر.
 
بینیم لە کوردستانیش نانەواکان ناڕازین. هۆیەکەشی ئەوەیە کە دەڵێن هەرزانکردنی نان باخەڵی ئەوان هەڵدەتەکێنێ. ئەوەی بۆم سەرنجڕاکێش بوو و کەمێک کۆمیدیش بوو ئەوەبوو کە یەکێک لە نانەواکان گوتی، ئەگەر نانەواکان نەبن کێشەی خێزانییش لە کوردستان زیاد دەبن. چونکە وەک ئەو باسی دەکرد، ژنانی کوردستان چیدیکە وەک جاران نازانن نان بکەن و بەوهۆیەوە لە ماڵەوە کێشەیان بۆ دروستدەبن! واتە کێشەکەی لە هەرزانکردنی دوو نانی زیاترەوە کردبووە کێشەی ئاسایشی خێزانی.
 
لە ئەڵمانیا ناڕەزایەتییەکان راستەوخۆ ئاسایشی خێزانی ناخەنە مەترسییەوە. چونکە ئەوانەی ماندەگرن بۆ ئەوە نایگرن کە بڵێن بەوەی ئێستا هەیانە ناژین، بەڵکو بۆ ئەوەیەکە لەوەی هەیانە باشتر بژین. بۆ نموونە ئەم هەفتەیە شۆفێرانی شەمەندەفەرە نەفەرهەڵگر و بارهەڵگرەکان لە ئەڵمانیا مانیان گرتووە. دوو داواکارییان هەن: یەکەم، مووچەکانیان زۆرتر بکرێ و دووەمیش کاتی کارکردنیان لە 38 کاژێرەوە بۆ 35 کاژێر لە هەفتەیەکدا کەمبکرێتەوە.
 
وەک لە مانگرتنەکانی پێشتردا دەرکەوتووە، بۆ هەر رۆژێک مانگرتنی ئەو شۆفێرانە ئابووریی ئەڵمانیا 100 ملیۆن یۆرۆ زیانی پێدەگات. هۆیەکەشی ئەوەیە کە هەموو جارێک 80%ـی گەشتی رێگەی دوور بە شەمەندەفەر هەڵدەوەشێنەوە، هاتووچۆی شەمەندەفەری بارهەڵگر هەر لەنێوئەڵمانیادا نا بەڵکو لە ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپاش رادەوەستن، ئەو بارانەی لەڕێگەی دەریاوە دەگەنە وشکانی و پێویستە بە شەمەندەفەر بگوازرێنەوە لەسەر یەک کەڵەکە دەبن، جادەکانی نێو وڵات پڕ دەبن لە ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر و بەو هۆیەوە ترافیکی دوورودرێژ دروستدەبن و زۆر شتی دیکەش کە ناکرێ لە گۆشەیەکدا هەموویان باس بکرێن. بەکورتییەکەی کاتێک شۆفێری شەمەندەفەر بڵێن لێناخوڕین، شەمەندەفەری ئابووریی ئەڵمانیاش دەلەرزێ و خاوتر دەڕوات.
 
هەفتەی رابردوو باسی ئەوەم کرد کە جووتیارانیش لە ئەڵمانیا دەترسن لەوەی ساڵێکی قورسیان لەپێش بێ. بۆیە ئەوانیش ئەم هەفتەیە بە چالاکیی ناڕەزایی دەیانەوێ رێگە لە جێبەجێکردنی کۆمەڵێک بڕیاری حکومەت بگرن کە هەرچەندە ژینگەپارێزانەن، بەڵام کاریگەریی گەورەیان لەسەر گیرفانی جووتیاران هەیە. جێی سەرنجیشە کە وەزیری خۆراک و کشتوکاڵی فیدراڵیی ئەڵمانیا سەرکردەیەکی ناسراوی سەر بە پارتی سەوزە ژینگەپارێزەکانە. جەم ئۆزدەمیری وەزیر و سەرۆکی پێشووی سەوزەکان چەند جارێک لە بەردەم مایکەکەمدا وەڵامی پرسیارەکانی رووداوی داوەتەوە. ئەمجارە شانسی هەیە لەوێ نیم تا پرسیاری زۆری لێبکەم!
 
حکومەتەکەی ئۆلاف شۆلتز لە راپرسییەکاندا دۆخی باش نییە. لەگەڵ ئەوەشدا نەریتی دیموکراسیی ئەڵمانیا رێگەنادات کاربەدەستانی حکومەتەکەی بە گوشار مانگرتوو و ناڕازییەکان ناچار بکەن بە بڕیارەکانی حکومەت رازی بن. تەنیا رێگە بۆیان دانوستاندن و گوێ لەیەکدی گرتنە. بۆیەش جەم ئۆزدەمیر گوتی، لە نیگەرانییەکانی جووتیاران تێدەگات و دەیەوێ گفتوگۆیان لەسەر بکات، بۆ ئەوەی وەک ئەو باسیکرد، "دۆخی سیاسیی ئەڵمانیاش وەک ئەمریکای لێنەیەت کە خەڵک چیدیکە پێکەوە قسە ناکەن، بڕوایان بەیەکدی نەماوە و هەمیشە خراپترین لە یەکدیدا دەبینن". ئەو باسی ئەمریکای دەکرد و من بیرم بۆ حوکمڕانییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەچوو، کە بەو پێناسەیەی ئۆزدەمیر، دۆخیان لە ئەمریکاش خراپترە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نەزەند بەگیخانی

کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەرەنسا؟

خاتوو تۆندولیە دەمێکە لەناو کایەی سیاسی ناسراوە و لەسەر بنەمای لێدانی کەسانی دیکە دروست نەبووە، بەڵکو بەهۆی هەوڵ و ماندووبوون و لێهاتوویی خۆی گەیشتۆتە پایەکی سیاسیی شیاو و سەردەمییانە و ژینگەپارێز. ئەو خاتوونە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا وەک کەسایەتییەکی بوێر و زانا و پڕ وزە و توانا جڵەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە دژی بەرەی توندڕۆی لوپێن-یەکان گرتە دەست. لە کۆبوونەوە گشتییەکان، لەگەڵ جەماوەر، لە کەنالەكانی میدیا و لە دیدارەکانی بە جوانی و بە روونی و لەسەر بنەمای بەڵگە و راستییەکان ئایدیاکانی خۆی دەخستە ڕوو و باسی لە هەڕەشەکانی توندڕەویی و لوپێن-یەکان دەکرد. بۆیە هەرزوو بوو بە شوێنی سەرنجی هەمووان و ئەمڕۆش شایانی زۆری لێ دەنرێ. پسپۆڕ و میدیاکارانیش بە ئاشکرا و بە نهێنی دەڵێن خاتوو تۆندولیە یەکێکە نەک هەر لە گونجاوترین، بەڵکو لێهاتووترین کەسایەتی بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەڕەنسا.