کارەساتی ماددەی 13

10-06-2023
A+ A-

یەکێک لە گەورەترین ئەو کێشانەی کە لە رۆژی 9ی مانگەوە رووبەڕووی هەرێمی کوردستان و کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان کرایەوە، ماددەی 13ی بودجەی ساڵی 2023ی عێراقە کە پەسەندکرا.
 
لە خاڵی دووەم بڕگەی-أ، هەرێمی کوردستان پابەندکراوە بە "بارکردنی نەوتی خاوی بەرهەمهاتوو لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ کۆگەکانی سۆمۆ لە بەندەری جەیهانی تورکی و بەلانی کەم کەمتر نەبێت لە 400 هەزار بەرمیل. کۆمپانیای سۆمۆ ئەو بڕە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و بە هەمان میکانیزمەکانی کۆمپانیاکە هەناردە دەکات."
 
لە بڕگەی (ب)دا، هاتووە: "ئەگەر نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهان یان هەر بەندەرێکی دیکەی فەرمی کە وەزارەتی نەوت دیاری دەکات هەناردە نەکرا، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو بڕە نەوتە دەدات بە وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ بەکارهێنانی نێوخۆیی، بەپێی ئەو پێویستییەی وەزارەتی نەوت دیاری دەکات."
 
لە بڕگەی (ج)دا هاتووە: "وەزارەتی دارایی عێراق قەرەبووی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی بڕی نەوتی بەرهەمهاتوو لە هەرێمی کوردستان، کە لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە وەردەگیرێت، دەکاتەوە، بەو پێیەی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە یەکسان بێت لەگەڵ تێکڕای تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە وەزارەتی نەوتی عێراق."
 
دانانی لانیکەم 400 هەزار بەرمیل کێشەیەکی گەورە بۆ هەرێمی کوردستان دروستدەکات. تاوەکو پێش وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 25ی مانگی 3ی ئەمساڵ، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 430 هەزار بەرمیل بووە، کە لەو بڕەی کەمتر لە 400 هەزار بەرمیل و نزیکەی 375 هەزار بەرمیل لە رێگەی بۆرییەوە هەناردەکراوە.
 
دوای وەستانی هەناردەکردنی نەوت و بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگ، بە ئەگەری زۆرەوە چەند مانگێک کات دەخایێنێت کە کۆمپانیا نەوتییەکان بگەنەوە ئەو ئاستەی بەرهەمهێنان کە پێش وەستانی هەناردەکردن هەیانبوو. ئەمە بیانوو دەداتە بەغدا بۆ ئەوەی کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروستبکات. 
 
کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەوەی کە لە چەند ساڵی رابردوودا وەبەرهێنانی گەورەیان تێدا نەکراوە، بە شێوازی سرووشتی ئەگەری دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانیان هەیە، ئەمە وادەکات هەرێمی کوردستان نەتوانێت لە چەند مانگی داهاتوو و ساڵانی داهاتوو رۆژانە 400 هەزار بەرمیل بەرهەمبهێنێت.
 
بڕگەی (ب)، لە رواڵەتدا کێشەی کەمترە لە بەرئەوەی ئەگەر نەوتیش هەناردە نەکرا، دەبێت لە ناوخۆ بەکاربهێنرێت. ئەمە لەبەر ئەوە باشە کە نابێت بەرهەمهێنان لە هیچ بارودۆخێکدا بووەستێت و باشتریشە بۆ پێداویستیی ناوخۆ بەکاربێت و ئەوەش بە حکومەتی فیدراڵی کەوتووە چۆن لە ناوخۆ باری دەکات و بۆ کوێی دەبات و لە کوێیەوە هەناردەی دەکات، بەڵام کێشەی سەرەکیی ئەم بڕگەیە ئەوەیە کە لەرووی تەکنیکییەوە حکومەتی عێراق ناتوانێت 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان وەربگرێت. ئەو ژێرخانەی نییە کە بتوانێت هەمووی بۆ خوارەوە و شوێنەکانی دیکەی عێراق بیگوازێتەوە. گواستنەوەی نەوتیش بە تەنکەر بەو بڕە پێویستی بە زیاتر لە 2500 تەنکەر هەیە کە رۆژانە بەردەوام لە رێگەبن. لەبەر ئەوەیە ئەم بڕگەیەش دواجار دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان ئاستی بەرهەمهێنانیان کەمبکەنەوە.
 
سەرەڕای ئەوە، بڕگەی (ج)، پڕکێشەترین بڕگەیە و کارەساتێکی راستەقینە بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستدەکات. تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن کۆمپانیا نەوتییەکان لە باشووری عێراق زۆر جیاوازە لەگەڵ تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان و ناوچە شاخاوییەکان بەگشتی. لەلایەکی دیکەوە گرێبەستەکانی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان لە هەرێمی کوردستان کە لە چەشنی هاوبەشیپێکردنی بەرهەمن جیاوازە لە گرێبەستی خزمەتگوزاری کۆمپانیاکان لە باشوور. بەو پێیەش شایستە داراییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان جیاوازی زۆری هەیە لەگەڵ شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان لە باشووری عێراق.
 
بەپێی گرێبەستەکانی هاوبەشیپێکردنی بەرهەم، کۆمپانیا بیانییەکان لە هەرێمی کوردستان سەدان ملیۆن دۆلار و بگرە چەندین ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە بلۆک و کێلگە نەوتییەکان کردووە و لە بەرامبەردا لە داهاتی نەوت دەبێت سەرمایەی وەبەرهێنانی بەدەستبهێنێتەوە و پاشان بە رێژەیەک بەشداربێت لە قازانجی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت.
 
ئەگەر لە باشووری عێراق خەرجیی بەرهەمهێنانی یەک بەرمیل نەوت 10 دۆلار بێت، لە هەرێمی کوردستان بە لایەنی کەمەوە 20 تاوەکو 25 دۆلارە. لە هەرێمی کوردستان کۆمپانیاکان بە سەرمایەی خۆیان نەوت بەرهەمدەهێنن، بەڵام لە باشووری عێراق بە سەرمایەی حکومەت نەوت بەرهەمدەهێنن.
 
ئەگەر بڕیار بێت شایستەی دارایی کۆمپانیایەکی سەرکار لە هەرێمی کوردستان وەک کۆمپانیایەکی نەوتی لە بەسرە بدرێتەوە، کۆمپانیا نەوتییەکانی کارکەر لە هەرێمی کوردستان ناتوانن بەردەوام بن لە بەرهەمهێنان. ئەوان نە تەنیا ناتوانن سەرمایەی سەرەتایی خۆیان بەدەستبهێننەوە، تەنانەت ناتوانن خەرجییەکانی بەرهەمهێنانی نەوتیش قەرەبوو بکەنەوە.
 
لە هەرێمی کوردستان لە داهاتی نەوت تاوەکو 35٪ی دەدرێتەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی وەبەرهێنانی سەرەتایی ملیۆنەها دۆلاری کۆمپانیاکان و پاشان رێژەیەک کە لە 15٪ تێپەڕنابێت، بۆ قازانجی کۆمپانیاکان تەرخان دەکرێت، دوای دەرکردنی خەرجییەکان.
جیاوازییەکی دیکە ئەوەیە لە باشووری عێراق لەبەر ئەوەی کیڵگە نەوتییەکان کێلگەی گەورەن و بەرهەمهێنانی چەند 100 هەزار بەرمیلیان هەیە، کۆمپانیاکان تەنانەت ئەگەر رێژەیەکی کەم لە داهاتی نەوت وەک شایستەی دارایی وەربگرن هێشتا قازانجێکی زۆر دەکەن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان کێلگەکان زیاترین قەبارەی بەرهەمهێنانی بە ئەستەم دەگاتە رۆژانە 100 هەزار بەرمیل و زۆربەیان لە خوارەوەی 50 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنن، ئەگەر بڕیار بێت بە هەمان رێژە لە داهاتی نەوت وەک شایستەی دارایی وەربگرن، تەنانەت خەرجییەکانیشیان دەرناهێننەوە. لەبەر ئەوەیە ئەگەر کۆمپانیایەکی نەوتی 5٪ی داهاتی نەوتی وەک شایستەی دارایی پێبدرێت بۆ ئەو قازانجێکی بەرچاوە، بەڵام ئەو 5٪ـە لە داهاتی نەوت بۆ کۆمپانیایەکی نەوتی کارکەر لە هەرێمی کوردستان زیانە.
 
ماددەی 13ی بودجەی عێراق بە شێوازی کتوپڕ دەتوانێت کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان مایەپووچ بکات، ئەگەر ئەوانیش نەتوانن بەردەوام بن لە بەرهەمهێنان و وەبەرهێنان لە کێڵگەکاندا، بە هیچ شێوازێک ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان لە نزیکەی 400 هەزار بەرمیل جێگیر نابێت و دادەبەزێت.
 
دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیش لە خوارەوەی 400 هەزار بەرمیل ئەو ئامانجەیە کە بەغدا مەبەستییەتی و ئەو بیانووەیە کە دەیەوێت بۆ ئەوەی خۆی لە ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان بدزێتەوە. زۆر جێگەی سەرسووڕمانە کە ئەندامانی کوردی پەرلەمانی عێراق رێگەیان دا ئەو ماددەیە بە بڕگەکانییەوە پەسەندبکرێت و لەجیاتی ئەوە سەرقاڵی چاککردنەوەی هەندێ بڕگە و ماددەی دیکە بوون، کە بایەخێکی ئەوتۆی نەبوو.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کاوە ئەمین

بە عەرەبکردنی کوردستان لە سووریا

ئەوەی کە جێگەی سەرسووڕمانە ئەوەیە لەکاتێکدا ئێمە باسی مێژووی 60 بۆ 70 ساڵ پێش ئێستا دەکەین، کەچی ئەو مێژووانە بەشێوەی دیکە و لە فۆڕمی دیکەدا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دا خۆیان دووبارە دەکەنەوە، ئەم جارەیان بە ناوی ئایین و مەزهەب و عروبەوە، کورد و گەلانی ناوچەکە لە شوێنی خۆیان راودەنرێن و لە هەندێک شوێن دا جینۆسایدیش دەکرێن، بەتایبەتی کورد لە هەمووان زیاتر لەژێر مەترسیدایە و هەڕەشەی لێدەکرێت، کەچی هێشتا وانەمان لە رابردووی خۆمان وەرنەگرتووە، هێشتا هەر یەکە و لە ئاوازێک دەخوێنین.