عێراق کێشەی نەختینەی نییە

10 کاژێر له‌مه‌وپێش
عومەر ئەحمەد
A+ A-
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم هەفتەیەدا بە رووداوی راگەیاند، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، هۆکاری نەناردنی مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی هەرێمی کوردستانی داوەتە پاڵ نەبوونی نەختینە. بەڵام ئایا بەڕاستی لەم کاتەدا کێشەی نەختینە یان کەمیی دینار لە عێراقدا هەیە؟
 
بەپێی دوایین راپۆرتی وەزارەتی دارایی عێراق، کە لە ماڵپەڕەکەیدا بڵاوکراوەتەوە، داهاتی 2024 تاوەکو کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم، گەیشتووەتە 124.66 تریلیۆن دینار، لە کاتێکدا خەرجییەکان 122.72 تریلیۆن دینار بوون. ئەمەش مانای وایە کە حکومەتی عێراق تاوەکو ئەو کاتە هیچ کورتهێنانێکی نەبووە و خەرجییەکان لە داهاتەکان کەمتر بوون. کەواتە بۆچی حکومەت کێشەی نەختینەی هەبێت؟
 
نە کورتهێنان، نە قەیران
 
داهاتی عێراق بە پلەی یەکەم لە هەناردەکردنی نەوتەوە دێت، کە بەپێی راپۆرتی وەزارەتی دارایی تاوەکو کۆتایی تشرینی یەکەم، 90%ـی کۆی داهاتەکانی پێکهێناوە. وەزارەتی دارایی ئەم دۆلارانە وەردەگرێت و لەگەڵ بانکی ناوەندی دەیانگۆڕێتەوە بۆ دینار، تاوەکو پابەندییەکانی خۆی بەپێی بودجە جێبەجێ بکات، وەک پێدانی مووچە و خانەنشینی و هتد...
 
ئەحمەد تەبەقچەلی، راوێژکاری باڵای پەیمانگای لێکۆڵینەوە هەرێمییەکان (IRIS) و راوێژکاری باڵای ئەنجوومەنی ئەتڵەنتیک، ئەوە پشتراستدەکاتەوە. ئەو دەڵێت، "هیچ قەیرانێکی نەختینە نییە. حکومەتی عێراق بە هیچ شێوەیەک کێشەی نەختینەی نییە".
 
"یاسای بودجەی 2024، رێگە بە حکومەت دەدات تاوەکو 64.03 تریلیۆن دینار قەرز بکات، لەگەڵ ئەوەشدا لەم قۆناخەدا پێویستی بە قەرزکردن نییە. لەبەر ئەوەش بانگەشە بۆ ئەوەی کێشەی نەختینە لەعێراق هەیە، بەتەواوەتی بێ بنەمایە."
حکومەت بە ئاسانی دەتوانێت تاوەکو 25.04 تریلیۆن دینار لە نێوخۆدا قەرز بکات لە رێگەی کۆمەڵێک میکانیزمەوە وەک دەرکردن و خستنەڕووی قەواڵەی دارایی خەزێنەی دوورمەودا و کورتمەودا کە بانکی ناوەندی داشکانیان بۆ دەکات و بانکە حکومییەکان دەیكڕن.
 
رۆڵی مەزادی دۆلار
 
پرۆسەی مەزادی دۆلاری بانکی ناوەندی، زۆرجار بە هەڵە لێکدەدرێتەوە. ئەو مەزادانە کە بانکی ناوەندی رۆژانە 250 بۆ 300 ملیۆن دۆلاری تێدا دەخاتەڕوو، راستەوخۆ پەیوەندییان بە نەختینە یان کەمیی نەختینەوە نییە. مەزادی دۆلار بە شێوازی کاش بە پلەی یەکەم ئامانجی ئەوەیە کە بانکە بازرگانییەکان و کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەکانی گۆڕینەوەی دراو، بتوانن دۆلار بە نرخی فەرمی بۆ مەبەستی دیاریکراو دابین بکەن، وەک گەشتیاری یان سەردانی دەرەوە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەریی پزیشکی، بەڵام بەشی گەورەی مەزادی دۆلار، پەسندکردنی حەواڵەی کۆمپانیا و بازرگانانە کە کاڵا و خزمەتگوزاری هاوردەی عێراق دەکەن.
 
لە سەرەتای 2025ـەوە، بانکی ناوەندیی عێراق، پلانی وایە کۆتایی بە پلاتفۆرمی ئۆنلاینی مەزادی دۆلار بهێنێت و راستەوخۆ بەرپرسیارێتی دابینکردنی دۆلار و حەواڵەی دەرەکی بداتە بانکە بازرگانییەکان. هەرچەندە رادەی جێبەجێکردنی ئەمە روون نییە، لەبەر ئەوەی ماڵپەڕی بانکی ناوەندی بەردەوامە لە پیشاندانی داتای رۆژانەی مەزادەکان. بەڵام تەنانەت ئەگەر مەزادەکانیش بە تەواوی رابگیرێن، هێشتا قەیرانی نەختینە لە عێراق سەرهەڵنادات.
 
بانکە ناوەندییەکان و چاپکردنی دراو
 
بانکە ناوەندییەکان توانای تایبەتیان هەیە بۆ چاپکردنی دراوی نیشتمانیی وڵاتەکەیان بەپێی پێویست. بۆ عێراق، ئەمە واتە بانکی ناوەندیی عێراق دەتوانێت دینار چاپ بکات بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی حکومەت. 
وەزارەتی دارایی دەتوانێت دینار قەرز بکات لە رێگەی دەرکردنی قەواڵە داراییەکانی خەزێنەوە، کە زۆربەی لەلایەن بانکە حکومییەکانەوە دەکڕدرێن، وەک رەشید و رافیدەین یان بانکی بازرگانیی عێراقی. ئەو قەواڵانە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە داشکاندنیان بۆ دەکرێت. کەواتە تەنانەت ئەگەر وەزارەتی دارایی دۆلاری پێویستیشی نەبێت بۆ وەرگرتنی دینار لە بانکی ناوەندی، بەو مەرجەی حکومەت دەسەڵاتی قەرزکردنی هەبێت بەپێی یاسای بودجە یان رێگەپێدانی پەرلەمان، قەرزکردن لەلایەن وەزارەتی داراییەوە چ ناوخۆیی بێت یان دەرەکی، کارێکی ئاساییە.
 
بۆ نموونە، یاسای بودجەی 2024 پلانی بۆ کورتهێنانی 64.04 تریلیۆن دینار دانابوو، کە بریاربوو 71.5٪ـی لە رێگەی قەرزی ناوخۆیی یان دەرەکییەوە دابین بکرێت. بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، کە لە بودجەدا بە 70 دۆلار دانراوە، هاوکات لەگەڵ زیادبوونی داهاتی ناوخۆیی، وایکرد وەزارەتی دارایی پێویستی بە قەرز نەبێت.
 
قەیرانی نەختینە چۆن دروست دەبێت؟
 
قەیرانی نەختینە تەنیا کاتێک روودەدات کە داهاتەکانی حکومەتی عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو کەم ببنەوە، بەهۆی هەر هۆکارێکەوە بێت وەک دابەزینی نرخی نەوت، یان کەمبوونەوەی هەناردەی نەوت. ئەمە لە ساڵی 2020 دا دەرکەوت، کاتێک نرخی نەوت داڕما و نرخی نەوتی برێنت گەیشتە 19 دۆلار بۆ بەرمیلێک و نەوتی تەکساس تەنانەت گەیشتە 37 دۆلار. ئەوەش بووە هۆکار بۆ سەرهەڵدانی کێشە نەختینەی راستەقینە لە عێراق، بەڵام پەرلەمان رێگەی بە حکومەت دا قەرز بکات وحکومەتیش قەرزی وەرگرت و لە کارەکانی بەردەوام بوو.
 
د. تەبەقچەلی دەڵێت، "تەنانەت لە 2020 کاتێک نرخی نەوت داڕما و کێشەیەکی راستەقینەی نەختینە هەبوو، حکومەت قەرزی کرد، دوای ئەوەی پەرلەمان رێگەی پێدا تاوەکو 60 تریلیۆن دینار قەرز بکات و دۆخەکەی بەڕێوەبرد. ئەمڕۆ شتێکی وا نییە کە حکومەت کێشەی نەختینەی هەبێت....خەڵک باس لە شتێک دەکەن کە خۆیان لێی تێ نەگەیشتوون."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. یان کزڵهان

خۆشەویستی و سۆز بۆ رزگاربوون لە تیرۆر

لە پاشنیوەڕۆیەکی گەرمدا لە شاری دهۆکی هەرێمی کوردستان، لە نووسینگەیەکی کاتیدا دانیشتم و گوێم لە چیرۆکی دڵتەزێنی دە ژن گرتبوو کە باسی کوشتنی بەکۆمەڵ، ئەشکەنجە و دەستدرێژییان دەکرد؛ رووداوگەلێک کە نزیکە لەوەی نەکرێت باوەڕیان پێبکرێت. پاشان، دوو ژن لەگەڵ منداڵێکی بچووکدا هاتنە ژوورەوە. کاتێک بە وریاییەوە دانیشتن، هەستم بە قورسایی ئەو ترسە کرد لە دڵیاندا بوو. کوڕێکی بچووکی نزیکەی پێنج ساڵ لە باوەشی یەکێک لە ژنەکان دانیشت. ناوی جەمیل بوو. کاتێک پرسیارم لەبارەی هەردوو ژنەکە کرد، کوڕەکە بە شەرمەوە ئاماژەی کرد و گوتی "ئەوە دایکمە"، ئاماژەی بۆ ئەو ژنەش کرد کە لە باوەشی گرتبوو و گوتی، "ئەوەش دایکمە".