دامەزراوەی ئاماری تورکیا: داهاتی گەشتیاریی ساڵی رابردوو زیاتر لە 60 ملیار دۆلار بووە

31-01-2025
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دامەزراوەی ئاماری تورکیا دەڵێت، داهاتی گەشتیاریی ساڵی رابردووی وڵاتەکە زیاتر لە 60 ملیار دۆلار بووە؛ ژمارەی گەشتیارانیش زیاتر لە 62 ملیۆن کەس.
 
دامەزراوەی ئاماری تورکیا (تویک) رۆژی هەینی، 31ی کانوونی دووەمی 2025 ئامارەکانی پەیوەست بە کەرتی گەشتیاریی وڵاتەکەی لە ساڵی رابردوودا بڵاوکردەوە.
 
تویک رایگەیاندووە، ژمارەی گەشتیاران لە ساڵی رابردوودا بەراورد بە ساڵی 2023 بە رێژەی 9٪ بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 62 ملیۆن و 232 هەزار و 447 کەس.
 
بەگوێرەی ئاماری دامەزراوەکە، داهاتی گەشتیاریی ساڵی رابردووش بەراورد بە ساڵی 2023 بە رێژەی 8.3٪ بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 61 ملیار و 103 ملیۆن و 419 هەزار دۆلار.
 
دامەزراوەی ئاماری تورکیا راشیگەیاند، ژمارەی گەشتیارانی تورکیا بۆ وڵاتانی دیکە لە ساڵی رابردوودا بەراورد بە ساڵی 2023 بە رێژەی 2.9٪ بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 11 ملیۆن و 390 هەزار و 520 کەس.
 
تویک ئاماژەی بەوەش کردووە، خەرجی گەشتی هاووڵاتییانی تورکیا بۆ وڵاتانی دیکە لە ساڵی رابردوودا بەراورد بە ساڵی 2023 بە رێژەی 8.2٪ نزمبووەتەوە و بۆ حەوت ملیار و 741 ملیۆن و دوو هەزار دۆلار کەمبووەتەوە.
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی گەشتوگوزاری تورکیا، داهاتی گەشتیاریی تورکیا لە ساڵی 2023دا 54 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار بووە؛ ژمارەی گەشتیارانیش لە هەمان ساڵدا 56 ملیۆن و 700 هەزار کەس بووە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە