رووداو دیجیتاڵ
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی تورکیا (تورک-ئیش)، لە مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، سنووری برسێتی خێزانێکی چوار کەسی لە تورکیا و باکووری کوردستان گەیشتووەتە 22 هەزار و 131 لیرە و سنووری هەژاریش گەیشتووەتە 72 هەزار و 88 لیرە.
کۆنفیدراسیۆنەکە ئەنجامی راپرسیی سنووری برسێتی و هەژاریی مانگی کانوونی دووەمی 2025ـی راگەیاند.
بەپێی لێکۆڵینەوەکە کە بە ئامانجی دیاریکردنی بارودۆخی ژیانی کرێکاران و کاریگەریی بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان لەسەر خێزان کراوە، سنووری برسێتی لە تورکیا و باکووری کوردستان گەیشتووە 22 هەزار و 131 لیرە (617 دۆلار) و تەنیا یەک کەس بۆ پێداویستییەکانی ژیان پێویستی بە 28 هەزار و 756 لیرەیە (801 دۆلار).
بەگوێرەی لێکۆلێنەوەکە سنووری هەژاریش گەیشتووەتە 72 هەزار و 88 لیرە واتە (2010 دۆلار).
هەڵاوسانی خۆراک لە مانگی کانوونی دووەمی 2025 بەراورد بە مانگی کانوونی یەکەمی 2024 بەڕێژەی 4.97٪ زیادیکردووە و لەسەر ئاستی ساڵانەش گەیشتووەتە 47.06٪.
ئەمە لە کاتێکدایە کەمترین بڕە مووچە لە تورکیا 22 هەزار و 104 لیرە (616 دۆلار) و کەمترین مووچەی خانەنشینی 14 هەزار و 469 لیرە (403 دۆلار)ە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ