رووداو دیجیتاڵ
دیداری شاندی دەم پارتی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە گرتووخانەی ئیمرالی کۆتایی هات. دەم پارتی دەڵێ لە چەند کاژێری داهاتوودا راگەیێندراوێک لەبارەی ناوەڕۆکی چاوپێکەوتنەکە دەخەنەڕوو.
نووسینگەی راگەیاندنی پارتی دیموکراتی گەلان (دەم پارتی) لە راگەیێندراوێکدا ئێوارەی ئەمڕۆ (شەممە، 28-12-2024) رایگەیاند "شاندەکەمان کە لە پەروین بوڵدان و سری سورەیا ئۆندەر پێکهاتبوو، ئەمڕۆ لە ئیمرالی چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجامدا. ئەم چاوپێکەوتنە کۆتایی هات و شاندەکەمان گەڕایەوە."
لە راگەیێندراوەکەدا هەروەها هاتووە، "شاندەکەمان لە کاژێرەکانی داهاتوودا ناوەڕۆک و هەڵسەنگاندنەکانی ئەم چاوپێکەوتنە، لەگەڵ راگەیاندن و رای گشتی دەخەنەڕوو."
وەزارەتی دادی تورکیا پێشتر رایگەیاندبوو؛ شاندەکەی دەم پارتی لە هەریەک لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان و سری سورەیا ئۆندەر، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئیستەنبووڵ پێکدێت.
ئەم دیدارە لەکاتێکدایە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی 22ـی تشرینی یەکەم داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد "بێتە پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت، تیرۆر بە تەواوی کۆتاییهاتووە و رێکخراوەکە (پەکەکە) هەڵوەشێندراوەتەوە.''
دوای ئەو پێشنیازەی باخچەلی، دەم پارتی هەمان رۆژ داواکاری بۆ دیدار لەگەڵ ئۆجەلان پێشکێشی وەزارەتی دادی تورکیا کرد.
دیدارەکەی ئەمڕۆی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و شاندەکەی دەم پارتی کاژێر 11:00 دەستیپێکرد و چەند کاژێریکی خایاند.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) تەمەنی 75 ساڵە و چارەکە سەدەیەکە لە زیندانی دوورگەی ئیمرالی گۆشەگیرکراوە.
ئۆجەلان لە 15ـی شوباتی 1999 لە ئۆپەراسیۆنێکی میت لە کینیا دەستگیرکرا و گەڕێندرایەوە تورکیا. دوای دادگاییکردنی، رۆژی 29ـی حوزەیرانی 1999 فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، بەڵام بەهۆی نەبوونی سزای لە سێدارەدان لە تورکیا، حوکمەکەی گۆڕدرا بۆ زیندانی تاهەتایی قورسکراو.
عومەر سۆنمەز، پەیامنێری رووداو لە نزیک ئیمرالییەوە زانیاری لەبارەی دیدارەکە دەدات:
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ