رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی مەهەپە داوادەکات عەبدوڵڵا ئۆجەلان داوای چەکدانان لە گەریلاکانی پەکەکە بکات؛ لەبارەی هەسەدەیشەوە دەڵێت، مافی تورکیایە رێگە نەدات چەکیان هەبێت.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە سەبارەت بە ئەنجامی دیدارەکانی شاندی دەم پارتی و ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رایگەیاند: ''داواکاریی نیازپاکانەم ئەوەیە، پاڵپشتی لە تورکیایەکی بێ تیرۆر بکرێت و دەستبەجێ بانگەوازی دانانی چەک بکرێت''.
باخچەلی رووی دەمی کردە گەریلاکانیش و گوتی: ''وەرن بە ویستی خۆتان بەر لەوەی بکوژرێن، چەکەکانتان دابنێن؛ رایبگەیێنن کە پەشیمان بوونەتەوە و ئەو هەوڵەتان هیچ ئەنجامێکی نابێت. پەشیمان ببنەوە لەو ئازارانەی بە هەزاران مرۆڤی ئێمەتان چەشتووە''.
سەرۆکی مەهەپە ئاماژەی بەوە کرد، تورکیا هەموو نەتەوە جیاوازەکان لەخۆی دەگرێت و گوتیشی: ''کورد و تورک، عەلەوی و سوننە، لقی هەمان رەگن، رۆڵەی هەمان گەلن، تەبا و بران''.
باخچەلی لەبارەی دۆخی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ش قسەی کرد و گوتی، پێویستە هەسەدە چەک دابنێت و رایگەیاند: "ئەگەر رێکخراوی تیرۆریستیی جوداخواز چەک دانەنێت، مافێکی ئەمنی و رەوای تورکیایە ئەو چەکانەیان لێوەربگرێت و بە سەری تیرۆریستاندا بیانشکێنێت''.
دەوڵەت باخچەلی رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی 2024، تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد؛ رۆژی 22ـی تشرینی یەکەمی 2024 هەنگاوێکی دیکەی نا و داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد کە بچێتە "پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت تیرۆر کۆتاییهاتووە و رێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە"؛ دواتر داوای کرد شاندێکی دەم پارتی سەردانی ئۆجەلان لە ئیمراڵی بکات.
شاندی دەم پارتی رۆژی 28ـی کانوونی یەکەمی 2024، سەردانی ئیمرالی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆبووەوە؛ رۆژی دواتر شاندەکە پەیامێکی لەسەر زاری ئۆجەلان بڵاوکردەوە کە تێیدا جەختی لە بەهێزکردنی برایەتیی کورد و تورک کردەوە.
دوای ئەوە شاندەکە سەردانی بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی پەرلەمانی تورکیای کرد و لەگەڵیان کۆبووەوە.
شاندەکەی دەم پارتی بۆ جاری دووەم لە 22-1-2025 سەردانی ئیمرالی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبووەوە. دواتر پەیامێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند: "کارەکانی بەڕێز ئۆجەلان لەمەڕ پرۆسەکە بەردەوام دەبێت. دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکان، پەیام بۆ رای گشتی بڵاودەکاتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ