رووداو دیجیتاڵ
بریکاری سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) دەڵێت، چاوەڕێ دەکەن عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بانگەوازی چەکدانان بکات. هەروەها دەڵێت، ''ئامانجی ئێمە، تورکیایەکی بێ تیرۆرە.''
ئەفکان ئالا، بریکاری سەرۆکی ئاکپارتی شەوی دووشەممە (24ـی شوباتی 2025) لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، چاوەڕێ دەکەن، ئۆجەلان داوای دانانی چەک بکات، گوتیشی، ''ئەمە، بۆ دۆخی ئێستا زۆر گونجاوە.''
ئەفکان ئالا دەڵێ ''کارەکانمان بۆ بەدیهێنانی تورکیایەکی بێ تیرۆر بەردەوامن. با ئیدی تورکیایەکی بێ تیرۆر ببینین. باجی زۆر درا، سەرچاوەی زۆری مرۆییمان لەدەستدا، هاووڵاتییانمان گیانیان لەدەستدا و ناوچەکە ناسەقامگیریی زۆری بینی.''
لە وەڵامی پرساری "ئەگەر ئۆجەلان بانگەوازی چەک دانان بکات، چاوەڕێ دەکەن پەکەکە بە قسەی بکات؟" بریکاری سەرۆکی ئاکپارتی گوتی، ''سیاسەت تەنیا چاوەڕێکردن نییە، بەڵکو کارکردنە لەپێناو بەکردارکردنی ئەو چاوەڕوانییە. بۆیە ئێمە بەتەنیا لەگەڵ چاوەڕێکردندا نین، ئێمە تاوەکو ئەمڕۆ ئەوەی لە بابەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تورکیایەکی بێ تیرۆر لەدەستمان هاتبێت، کردوومانە. ئێستا هەوڵدەدەین تاوەکو بەتەواوی لە ئەمە رزگارمان بێت''.
ئالا لەبارەی پرۆسەکە ''گەشبینە'' و پێیوایە، ''زۆر کارەکتەر لەنێو کارەکەدا هەن، وڵاتانی بیانی هەن، دەزگاکانی هەواڵگری هەن. دۆخی ناوچەکەش هۆکارێکی دیکەیە. ئێمە وەک تورکیا، لە دۆخە سەختەکاندا بەسەر زۆر شتدا زاڵبووین، بۆ ئەوەی بەسەر ئەمەشدا زاڵ بین، ئەوەی لەدەستمان بێت، دەکەین.''
بریکاری سەرۆکی ئاکپارتی، رووخانی رژێمی ئەسەدی بە هۆکاری دەستپێکردنی پرۆسەی چارەسەری لێکدایەوە و گوتی: ''چونکە رژێمی ئەسەد پاڵپشتی لە رێکخراوی تیرۆریستی دەکرد، بەڵام ئەو پێشهاتانەی لە سووریا روویان دا، بۆ بەجێگەیاندنی ئەمە گونجاون.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ