رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهی تورکیا رایگەیاند، هەر پێشهاتێک لە ناوچەکەدا لە بەرژەوەندیی ئیسرائیلدا بێت، لە بەرژەوەندیی تورکیادا نییە؛ لەبارەی دۆخی سووریاش دەڵێت، دەبێت رێگری لە "پەکەکە - یەپەگە و فراوانکارییەکانی ئیسرائیل بگیرێت''.
سوعاد کڵچ، گوتەبێژ و یاریدەدەری سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهی تورکیا رۆژی (سێشەممە، 24-12-2024)، دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکەی گوتارێکی پێشکێشکرد و وەڵامی رۆژنامەڤانانی دایەوە.
کڵچ ئاماژەی بەوە کرد، لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی سووریا دەکەن و گوتی، ''نابێت لە رووی سەرکەوتن و شکستەوە لە دۆخەکە بڕوانرێت، بەڵکو دەبێت لە چوارچێوەی ژیری و رژدیدا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. ئەو راستییە مێژووییە نادیدە ناگرین کە دەکرێت لە هەر کاتێکدا هاوکێشەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگۆڕدرێت''.
گوتەبێژی پارتەکە، جەختی لە پێویستیی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا کردەوە و گوتی، دەبێت رێگری لە "پەکەکە - یەپەگە و فراوانکارییەکانی ئیسرائیل بگیرێت''.
یاریدەدەری سەرۆکی پارتەکە تیشکی خستەسەر مەترسیی ''داگیرکارییەکانی ئیسرائیل'' و گوتی، ''لە بەرامبەر مێژوو و گەلی سووریادا بەرپرسیارێتییەکی گرنگ لە ئەستۆی تورکیادایە بەوەی پابەندی ئەو پیلان و یارییانەی ئەمریکا لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل دەیانکات، نەبێت و هەڵیانبووەشێنێتەوە''.
کڵچ گوتیشی، ''لە ناوچەکەدا هەر پێشهاتێک لە بەرژەوەندیی ئیسرائیلدا بێت، لە بەرژەوەندیی تورکیادا نییە''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ