تورکیا دەڵێت، لە ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی هەسەدەدا ئامادەن پاڵپشتی لە دەسەڵاتی نوێی سووریا بکەن

24-01-2025
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، پاڵپشتی لە حکومەتی راگوزەری سووریا لە رووبەڕووبوونەوەی هەسەدەدا دەکەن. داوا لە هاوبەشانی ئەنقەرەش دەکات، کۆتایی بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەسەدە بهێنن.
 
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رۆژی هەینی، 24ی کانوونی دووەمی 2025، لەگەڵ کایە کاڵاس، جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا لە ئەنقەرە کۆبوونەوە و کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان سازکرد.
 
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی، "رژدین لەسەر بەردەوامبوونمان لە پاڵپشتیکردنی حکومەتی نوێی سووریا و برا سووریاییەکانمان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا. بابەتی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بە داعش و پەکەکەوە، ئێستا بەرپرسیارێتیی حکومەتی نوێیە. ئێمە بۆ پشتیوانیکردنیان ئامادەین."
 
هاکان فیدان رایگەیاند، ئامادەن پشتیوانی لە دەسەڵاتی راگوزەری سووریا بکەن بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنی کەمپەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، وەکو کەمپی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان. گوتیشی، "چاوەڕوانیی رەوای ئێمە لە هاوبەشەکانمان ئەوەیە کۆتایی بەو پەیوەندییانە بهێنن کە لەگەڵ درێژکراوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە، لە سووریا دروستیان کردوون."
 
لای خۆیەوە کایە کاڵاس، جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا لەبارەی دۆخی سووریا رایگەیاند، "دەمانەوێت لەڕووی بووژاندنەوەی ئابوورییەوە یارمەتیی سووریا بدەین. یەکێتیی ئەورووپا ئەو سزایانەی بەسەر سووریا سەپێندراون، ئامانجیەتی بەگوێرەی مامەڵەی حکومەتی نوێ، سووکیان بکات."
 
کاڵاس ئاماژەی بەوەش کرد، "تورکیا نیگەرانیی رەوای خۆی هەیە لەڕووی ئاسایشەوە. ئێمەش لەو باوەڕەداین دەبێت رێگری لە داعش بکرێت. هەروەها لەگەڵ ئەوەداین ئەو هەنگاوانەی سەبارەت بە باکووری سووریا دەنرێن، هۆشیارانە بن."
 
یەپەگەی پێکهێنەری سەرەکی هەسەدە، لە لایەن تورکیاوە وەک لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان سەیر دەکرێت.
 
فیدان لەبارەی رێککەوتنی ئاگربەستەکەی حەماس و ئیسرائیل رایگەیاند، "دەبێت ئیسرائیل بە تەواوی پابەندی ئاگربەستەکە بێت. لەم بابەتەدا بەپرسیارێتی دەکەوێتەوە ئەستۆی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. دەبێت کاری لەپێشینەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، گەیاندنی یارمەتیی مرۆیی و بیاندنانەوەی غەززە بێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە