رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی جەهەپە دوای بڕیاری بەندکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ رایگەیاند، هەموو رێکارێکی یاسایی و مەدەنی و کۆمەڵایەتیی بۆ ئازادیی ئیمامئۆغڵو دەگرنەبەر.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ـی ئاداری 2025، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، بە تۆمەتەکانی بەڕێوەبردنی رێکخراوی تاوان، بەرتیلدان و وەرگرتن، دەستوەردان لە تەندەرەکانی دامەزراوە گشتییەکان و گەندەڵی دارایی، لەلایەن دەیەمین دادگەی تاوانەکانی ئیستەنبووڵ لە چاغڵایان، بڕیاری بەندکردنی بۆ دەرکرا.
هەر لە دادگەییکردنەکەدا بڕیاری بەندکردن بۆ 48 کەسی دیکەش دەرکرا. هەروەها بەمەرجی دادیی 41 کەسی دیکەش ئازاد کرا. ئازادکراوەکانیش پاسەپۆرتەکانیان لێ وەرگیرا و گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵاتیان لێ قەدەخە کرا.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە بۆ میدیا دوا و رەخنەی توندی لە دادگەکە کرد و رایگەیاند، هەموو رێکارێکی یاسایی و مەدەنی و کۆمەڵایەتیی بۆ ئازادیی ئیمامئۆغڵو دەگرنەبەر.
لەبارەی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ دوورخستنەوەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و ئەگەری قەییوومکردنی، ئۆزگور ئۆزەل رایگەیاند، ئەندامێکی ئەنجوومەنی شارەوانیی لە جەهەپە وەک سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ بە وەکالەت بەڕێوەدەبات.
جەختی لەوەشکردەوە، بڕیاری دادگە سیاسییە و روونە فەرمانەکە لە کوێ وەرگیراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ