هوداپار بۆ چارەسەری پرسی کورد 15 خاڵ دەخاتەڕوو

22-02-2025
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هوداپار وۆرکشۆپێکی لە ئامەد سازکرد و 15 خاڵی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد خستە بەردەم حکومەتی تورکیا.
 
پارتی دۆزی ئازاد (هوداپار) چالاکییەکی بە ناونیشانی "وۆرکشۆپی چارەسەری مرۆیی بۆ پرسی کورد" لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان سازکرد. هاوکات ژمارەیەک لە سیاسەتڤانانی ئاکپارتی، نووسەر و بەرپرسانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەشدارییان تێدا کرد.
 
هوداپار راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، "پرسی کورد بەتەنیا پرسی ئاسایش، تووندوتیژی و تیرۆر نییە، بەڵکو بابەتێکی مێژوویی، سیاسی، یاسایی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، ناوچەیی و نێودەوڵەتییە."
 
هەر لە راگەیێندراوەکەیدا پارتی دۆزی ئازاد باسی لەوەش کردووە کە "یەکەمین سەت ساڵەی کۆماری تورکیا، بە کۆمەڵکوژی، یاخیبوون و نادادی تێپەڕی. ئەو سەت ساڵە، بۆ هەموو مرۆڤانی ناوچەکە مایەی زیان بوو، لە سەرووی هەموویانەوە کورد. ئەم زیانە، نەوەک تەنیا لە تورکیا، بەڵکو لە تەواوی جوگرافیای ئیسلام، گرژی بەدوای خۆیدا هێنا."
 
هوداپار 15 خاڵی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد خستوەتەڕوو:
 
1- پرسی کورد 100 ساڵە پێویستی بە چارەسەرە. بە چارەسەرنەکردنی پرسی کورد، دۆخێکی خراپ روو لە نەوەکانی داهاتوومان دەکات. نابێت 100 ساڵی دیکە بەهەدەر بدرێت، دەبێت بەیەکەوە سەت ساڵەی نوێی ئاشتی و دادپەروەری بنیادبنرێت.
 
2- کورد، گەورەرترین قوربانی شەڕوپێکدادانەکانە. بۆیە هەموو ئەو کەسانەی لە کوردستان دەژین، داوای سەقامگیری لە ناوچەکە دەکەن. سەقامگیریی ئەنقەرە، بە سەقامگیریی دیاربەکر(ئامەد) بەستراوەتەوە.
 
3- ئەگەر هەستیاری، ماف و داواکارییەکانی کورد لەبەرچاونەگیرێن، ناتوانرێت ئەو کێشانەی لە رابردووەوە تاوەکو ئێستا هەن، چارەسەربکرێن. ئەمەش، دەبێت لە چوارچێوەی ئیسلامدا بێت، هەر رێگەچارەیەک دژی ئیسلام بێت، لەلایەن کوردەوە قبووڵکراو نییە.
 
4- ئەو شەڕ و پێکدادانەی لە ئەنجامی بیری کەمالیزم دروستبووە و بوونە هۆی کوژرانی چەندین کەس، پرسی کورد چارەسەر ناکات. بە پێچەوانەوە، بووەتە مایەی پێشێلکردنی ئەو هێزە سیاسی و مرۆییەی کورد خاوەنییەتی.
 
5- نابێت جارێکی دیکە رێگە و هەل بەوانە بدرێت کە لەگەڵ شەڕ و هێزی چەکدارین. ئەو هزرەی وەک چارەسەر لە چەک دەڕوانێت، دەبێت لەلایەن کۆمەڵگە و هەموو پێکهاتە و دامەزراوە سیاسییەکان سزا بدرێت. نابێت ئەوە لەبیربکرێت، ناونیشانی چارەسەرکردنی پرسی کورد، دامەزراوەی سیاسییە. دەبێت پاڵپشتی لەو چالاکییانە بکرێت لە رێگەی سیاسەتەوە ئەنجامدەدرێن.
 
6- بۆ ئەوەی بەرەی نێوخۆ بەهێز بکەین، پێویستە واز لە سیاسەتی نکۆڵیکردن و بیری نەتەوەپەرستی بهێندرێت. بە مەبەستی نەهێشتنی جیاکاری، دەبێت هەمواری دەستوور بکرێتەوە. نابێت پێدانی ماف و ئازادییە سەرەتاییەکان بە هیچ مەرجێک ببەسترێتەوە.
 
7- ئەو برایەتییەی تاوەکو ئەمڕۆ لە چوارچێوەی رووکەشدا مامەڵەی لەگەڵ کراوە، دەبێت ئیدی لە چوارچێوەی کرداردا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
 
8- دەبێت بە ناوی دەوڵەتەوە، بەهۆی ئەو ستەمانەی لە زانایانی کورد کراوە، لە سەرووی هەموویانەوە شێخ سەعیدی پاڵوو (شێخ سەعیدی پیران)، داوای لێبووردن بکرێت و  شوێنی گۆڕەکانیان ئاشکرا بکرێن.
 
9- بۆ ئەوەی یەکگرتوویی و سەقامگیریی سیاسی لە وڵاتەکەماندا بەهێز بێت، دەبێت لە ژێر چەتری وەزارەتی پەروەردە، ئەو بابەتانەی لە کتێبەکانی ئەدەبیات و مێژوودا پێچەوانەی راستین، بسڕێنەوە.
 
10- دەبێت زمانی کوردی لە چوارچێوەی دەستووردا دڵنیایی پێبدرێت و هەموو بەربەستەکانی بەردەم خوێندن بە زمانی دایک نەهێڵدرێن. دەبێت لە دەستووردا، دڵنیایی بە بوونی کورد بدرێت، نەوەک بوونی پەراوێز بخرێت.
 
11- ئەو هەڵانەی لە پرۆسە چارەسەرییەکەی پێشوودا روویاندا، دووبارە نەکرێنەوە. دەبێت واز لە هەموو جۆرە گوتە، هەڵوێست و رەفتارێک بهێندرێت کە کاریگەریی خراپ لەسەر متمانەی کۆمەڵگە لەبارەی چارەسەر دروست دەکات.
 
12- دەبێت ئەو دەستوورەی کودەتا کە بەرهەمی هزری کەمالیزمە و سەرچاوەی دروستبوونی پرسی کوردە، بگۆڕدرێت و دەستوورێکی نوێ لە چوارچێوەی هاووڵاتیی یەکسان ئامادەبکرێت.
 
13- دەبێت واز لەو بیرە بهێندرێت کە پێیوایە؛ هەموو ئەوانەی هاووڵاتیی کۆماری تورکیان، تورکن. دەبێت هەموو ئەو گوتە نکوڵیکار، جیاکار و رەگەزپەرستییانەی لە پەیڕەوی خوێندن و سەرچاوە زانستیەکاندا بەکارهاتوون، بسڕێنەوە.
 
14- دەبێت ئەو سنوورانەی بەگوێرەی رێککەوتننامەی سایکسبیکۆ دیاریکراوە و کوردەکانی لەیەکدی جیاکردووەنەتەوە، لە چوارچێوەی سیمبوولێک مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. دەبێت هەموو ئاسانکارییەک بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی، کولتووری، ئابووری و مرۆییەکان دابینبکرێن.
 
15- دەبێت دان بە مافەکانی کورد دابنرێت. دەبێت هەموو لایەنەکان، لە پێناو داهاتوویەکی هاوبەشی بەهێز و بەرقەرارکردنی ئاشتی و دادپەروەری، دەستبەجێ بەرپرسیارێتی بگرنەئەستۆ.
 
پارتی دۆزی ئازاد (ھوداپار) کە زەکەریا یاپیجیئۆغڵو، سەرۆکییەتی، پارتێکی ئیسلامیی سوننەی کوردییە و رۆژی 19-12-2012 دامەزراوە. تاوەکو ئێستا بەشداریی لە پێنج هەڵبژاردندا کردووە، لە هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایاری 2023 لە ژێر ناوی هاوپەیمانی جمهووری ئاکپارتی و مەهەپە بەشداری لە هەڵبژاردن کرد و چوار کورسیی بەدەستهێنا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە