رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو، بۆ هەواڵپرسین سەردانی ئەو نەخۆشخانەیەی کرد کە سری سورەیای تێدا خەوێندراوە و رایگەیاند، شاندی ئیمراڵی و سری سورەیا "لەڕێگەیەکی باش و کاری خێردان".
سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو، لە ئیستەنبووڵ چووە نەخۆشخانەی فلۆرانسیان و لەلایەن پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵییەوە پێشوازیی لێکرا.
سری سورەییا ئۆندەر کە ئەندامێکی شاندی ئیمراڵییە، شەوی سێشەممە، 15ـی نیسانی 2025، تەندروستیی تێکچوو و دواتر دەرکەوت تووشی پچڕانی شاخوێنبەری دڵی بووە.
سەڵاحەدین بەهادین رایگەیاند، "شاندی ئیمراڵی و بەڕێز سورەیا لەڕێگەیەکی باش و کاری خێردان، بۆیە تەواوی خەڵکی کوردستان و ئاشتیخوازانی دونیا نیگەرانن بۆ نەخۆشیی بەڕێز ئۆندەر و دوعای هەرچی زووە چاکبوونەوە بۆ بەڕێزیان دەکەن".
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی ئەمینداری یەکگرتوو، "پەروین بوڵدان بەناوی هاوکارانی و تەواوی بەرپرسانی دەم پارتییەوە سوپاس و پێزانینی ئاراستەی بەڕێز جەنابی ئەمینداری گشتی کرد و ئەم سەردانەیان لە سۆنگەی هەستی بەرزی نیشتمانپەروەری و هاوسۆزی برایەتییەوە زۆر بەرز نرخاند".
پزیشکانی ئەو نەخۆشخانەیەی سری سورەییای تێدایە گوتوویانە، بەهۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنەوە شاخوێنبەری دڵی پچڕاوە و پاشانیش جەڵتە لێی داوە.
سری سورەیا ئۆندەر نەشتەرگەریی بۆ کراوە و لەژێر چاودێریی چڕدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ