رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی دیاریکردنی کەمترین بڕەمووچە لە تورکیا ئەمڕۆ کۆدەبێتەوە و، کۆبوونەوەکەش لە باکووری کوردستان و تورکیا سەرنجی زۆری لەسەرە، بەهۆی ئەوەی راستەوخۆ پەیوەندی بە حەوت ملیۆن کەسەوە هەیە کە کەمترین بڕەمووچە وەردەگرن.
بەئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتی گەنجینە و دارایی، وەزارەتی کار و سیاسەتی خێزان، فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمەڵەی سەندیکای پیشەیی و دەستەی ئاماری تورکیا، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (دووشەممە، 19-6-2023) دووەم کۆبوونەوەی لیژنەی دیاریکردنی کەمترین بڕەمووچە لە تورکیا دەکرێت.
کەمترین بڕەمووچە لە تورکیا و باکووری کوردستان 8500 لیرەی تورکییە، کە دەکاتە 360 دۆلار.
لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، جەودەت یڵماز، یاریدەدەری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا شەوی رابردوو لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا گوتی، "کۆبوونەوەیەکی تایبەتییە. لایەنی کرێکار هەیە؛ لایەنی خاوەن کار هەیە و لایەنی حکومەت هەیە. پێشتر ئەو جۆرە کۆبوونەوەیە ساڵانە یەکجار لە مانگی کانوونی یەکەم دەکرا، بەڵام لە ماوەی رابردوودا بۆ ئەوەی کرێکار و کارمەندان نەکەونە ژێر کاریگەریی هەڵاوسانەوە، پلانەکەمان گۆڕی و ئێستا هەر شەش مانگ جارێک کەمترین بڕەمووچە نوێ دەکرێتەوە".
سەبارەت بە دیاریکردنی کەمترین بڕەمووچە کە ئایا ژمارەکە چەند بەرز دەبێت، جەودەت یڵماز هیوای خواست سێ لایەنەکە لە خاڵێکی هاوبەشی گونجاودا رێکبکەون و گوتی، "کرۆکی بابەتەکە ئەوەیە؛ کارکەرانمان نەکەونە ژێر کاریگەریی هەڵاوسان، بەڵام لەولاشەوە دەمەوێت، بڵێم کە ئێمە باسی کەمترین بڕەمووچە دەکەین، نەوەک مووچەی ئاسایی، واتە دەڵێین لانیکەم دەتوانین ئەم بڕە بدەین".
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها گوتی، "پێویستە دۆخی دارایی خاوەنکار و کارگەکانیش لەبەرچاو بگرین. دەبێت بڕیارەکە بەجۆریک بێت، کارگەکان بتوانن لە سەر پێ بووەستن و درێژە بە کارەکانیان بدەن؛ دەبێت بڕیارەکە بەجۆرێک بێت هەلی کاریش زیاتر بێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ