رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئاکپارتی رایگەیاند، نایانەوێت لە سووریا هیچ دەوڵەتێکی دیکە دروستبکرێت و سووریا ببێتە دەوڵەتێکی پاشکۆ. لەبارەی پەکەکەشەوە دەڵێت، ''ئەوان نوێنەرایەتیی کورد ناکەن''.
عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (ئاکپارتی) رۆژی سێشەممە، 17-12-2024، بەشداریی لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی کرد و لەبارەی دۆخی سووریاوە قسەی کرد.
چەلیک رەخنەی تووندی لە پەکەکە گرت بەوەی دەیەوێت لە سووریا "داگیرکاری" بکات و گوتی، ''با کورد، عەرەب و تورکمانەکان لە شوێنی کۆنی خۆیان بن، با کەس بە ناوی هیچ رێکخراوێکەوە هیچ شوێنێک داگیرنەکات، وەک چۆن داعش نوێنەرایەتیی عەرەب ناکات، بە هەمان شێوە پەکەکەش نوێنەرایەتیی کورد ناکات''.
گوتەبێژی ئاکپارتی لەبارەی چاوەڕوانییەکانی پارتەکەی لە سووریا گوتی، ''دەمەوێت جەخت لە شتێک بکەمەوە؛ ئێمە دەڵێین سووریا وڵاتی سووریاییەکانە. ئێمە بە هیچ شێوەیەک نامانەوێت ببینە گەورە و بەڕێوەبەری سووریا، ناشمانەوێت هیچ دەوڵەتێک لەوێ دروست ببێت، هەروەها با سووریا نەبێتە دەوڵەتێکی پاشکۆ. با سووریا ببێتە شوێنێکی سەربەخۆ و خۆشگوزەران کە لە لایەن سووریاییەکانەوە بەڕێوەببرێت''.
ئەمە لە کاتێکدایە چەلیک، رۆژی دووشەممە، 16-12-2024، لە کۆنفرانسێکدا لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا تورکیا لە پشت پێشڕەوییەکانی تەحریر شامە یاخود نا؟ گوتی، ''تەواوی ئەو گوتانەی باس لەوە دەکەن کە گوایە ئێمە لە پشت هەتەشەین، هەڵەن''.
هێرشەکانی هەتەشە لە 25-11-2024 دەستیانپێکرد، دوای تێپەڕینی نزیکەی دوو هەفتە، لە 08-12-2024 چەکدارەکان توانییان بگەنە شام؛ ئەمەش دوای ئەوەی حەلەب، حومس و حەمایان لە باکوور کۆنترۆڵکردبوو.
هێرشی ئەو گرووپانە بووە هۆی ئەوەی ئەسەد لە سووریاوە بەرەو رووسیا رابکات و حوکمی 53 ساڵەی بنەماڵەکەی کۆتایی پێبێت.
بەو جۆرە بەشار ئەسەد رووخا و ئێستا سووریا لە سەروبەندی بونیاتنانی وڵات و حکومەتێکی نوێیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ