رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بازرگانیی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ سەرۆکی دامەزراوە بازرگانییەکان سەردانێکی فەرمی بۆ دیمەشق دەکات. لە چوارچێوەی سەردانەکەدا پرسەکانی بازرگانی، گومرگی، گواستنەوە، وەبەرهێنان و نۆژەنکردنەوە لەنێوان تورکیا و سووریا تاوتوێ دەکرێن.
رۆژی سێشەممە 15ی نیسانی 2025، ئاژانسی فەرمیی تورکیا بڵاویکردەوە، سەردانەکەی عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانی تورکیا لە رۆژانی 16-17ی نیسان بۆ ماوەی دوو رۆژ دەبێت و ژمارەیەک لە بازرگانان و بەرپرسی ژوور و سەندیکاکان لەگەڵ وەزیر ئامادە دەبن.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، بڕیارە لە کۆبوونەوەکاندا باس لە پتەوکردنی هاوکارییەکان لە بواری گەشەپێدانی ئابووری لە سووریا، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئەکتەرە ئابوورییەکانی هەردوو وڵات و زیادکردنی هاوکارییەکانی نێوان دامەزراوەکان بکرێت.
لە چوارچێوەی سەردانەکەی وەزیری بازرگانیی تورکیا و شاندی یاوەری بۆ دیمەشق، پرسە جیاجیاکانی نێوان تورکیا و سووریا، لەوانە بازرگانی، گومرگ، گواستنەوە، وەبەرهێنان، ئابووری، بانکی و ئاوەدانکردنەوە، تاوتوێ دەکرێن.
وەزیری بازرگانی تورکیا بە جیا لەگەڵ هەریەک لە محەممەد نیدال شەعار، وەزیری ئابووری؛ محەممەد یوسر بەرنییە، وەزیری دارایی؛ یەعرەب بەدر، وەزیری گواستنەوە و قوتەیبە ئەحمەد بەدەوی، بەڕێوەبەری ئیدارەی گشتی دەروازە دەریایی و وشکانییەکانی سووریا کۆدەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ