وەزیری ناوخۆی تورکیا دەستگیرکردنی باندێکی ئێرانی راگەیاند

16-03-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی تورکیا دەستگیرکردنی سەردەستە و ئەندامانی باندێکی ئێرانی راگەیاند.
 
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 16ی ئاداری 2024 عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، لە ئۆپەراسیۆنێکدا سەعید ئەمیری بە رەچەڵەک ئێرانی، کە سەردەستەی باندێکی تاوانی رێکخراو و تەواوی ئەندامانی باندەکەی، کە ئەوانیش ئێرانی بوون، لە ئیزمیر دەستگیر کران.
 
عەلی یەرلیکایا رایگەیاند، ئەو باندە تاوانی رێکخراو، گرەو، قومار و پارەی سپیکردووەتەوە و دوای بەدواداچوونێکی زۆری بەشی هەواڵگریی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش لە کۆکردنەوەی زانیاری و بەڵگە پێویستەکان، شەوی 15ی ئادار، ئۆپەراسیۆنێکی هاوکات بۆسەر چەند نووسینگە و کۆمپانیایەکی ئەو باندە ئەنجام درا.
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنەکاندا دەستبەسەر 120 هەزار دۆلار، 80 هەزار یۆرۆ، 9 کاتژمێری دەستی کە بەهاکانیان نزیکەی 500 هەزار دۆلارە، 10 ئۆتۆمبێلی گرانبەها گیرا. ئاماژە بەوەش دەکات، بە بڕیاری دادوەریش پشک و موڵکداریی 24 کۆمپانیای باندەکەش دەستیان بەسەردا گیرا و دەدرێنە گەنجینەی دەوڵەت.
 
سەردەستە و هەر شەش ئەندامی باندەکەش بە بڕیاری دادوەر، خرانە گرتووخانەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە