سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا: هاوئاهەنگیی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان رۆڵی لە رووخانی ئەسەد هەبوو

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
دیار سلێمان
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، هاوئاهەنگیی گرووپە چەکدارەکانی سووریا و کشانەوەی ئێران و رووسیا کاریگەریی لەسەر رووخانی رژێمی ئەسەد هەبوو. لەبارەی پەنابەرانی سووریاشەوە گوتی، ''گەلەکەمان ئەو بەرپرسیارێتییە مرۆییانەی لەئەستۆگرت''.
 
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رۆژی یەکشەممە، 15-12-2024، بەشداری لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی لە ئیستەنبووڵ کرد و لەبارەی دۆخی سووریاوە قسەی کرد. 
 
کورتوڵموش باسی رۆڵی گرووپە چەکدارەکانی سووریای لەسەر رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد کرد و گوتی، ''دیارە کە ئۆپۆزیسیۆن پێشتر ئامادەکارییەکی تەواوی هەبووە بۆ ئەمە. دروستبوونی هاوئاهەنگی لەنێوان گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان، کشانەوەی رووسیا و ئێران لە ناوچەکە بەبێ تەقاندنی هیچ فیشەکێک. ئەمریکا هەرچەندە لە سەرەتادا دەیگوت 'پەیوەندی بە ئێمەوە نییە' بەڵام دواتر دۆخێکی وەها روویدا کە ئەمریکاش نەیتوانی رۆڵی تێدا هەبێت. هەموو شتێک زۆر بەخێرایی روویدا''.
 
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا هەموو ئەو رووداوانە تورکیا کردی؟ گوتی، ''راست نییە گەر بڵێین هەموو ئەمانە تورکیا کردی، بەڵام تورکیا ئێستا یەکێکە لە کاریگەرترین وڵاتەکان لە سووریا''.
 
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا گوتیشی، ''ئەوەی ئێمە پێشبینی دەکەین، دابەشبوونی تورک، کورد، عەرەب، عەجەم، سوننی، شیعە و عەلەوی نییە، بەڵکو ئەوەیە لە جوگرافیایەکدا لەگەڵ پێکهاتە ناموسڵمانەکان ژیانێکی ئاشتییانە بەسەرببەن''.
 
کورتوڵموش لەبارەی وەرگرتنی پەنابەرانی سووریایی لە وڵاتەکەیدا گوتی، ''لەبەر ئەوەی هیچ کاتێک لە کولتووری ئێمەدا شتێک نەبووە بەناوی رەگەزپەرستی، دەوڵەت و میللەتەکەمان بەرپرسیارێتییەکی مرۆیی و ویژدانییان لەئەستۆگرت''.
 
8ـی کانوونى یەکەمی ئەم ساڵ، کۆتایی بە دەسەڵاتى بەشار ئەسەد، سەرۆکى پێشووى سووریا هێنرا، دواى ئەوەى چەکدارانى سەر بە دەستەى تەحریر شام دیمەشقى پایتەختیان کۆنترۆڵ کرد.
 
سەبارەت بە گەڕاندنەوەی پەنابەرانی سووریا، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی کانوونی یەکەمی 2024، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ژمارەی ئەو پەنابەرانەی سووریای بڵاوکردەوە کە لە دوای رووخانی ئەسەد لە تورکیا و باکووری کوردستان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان. 
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە رۆژانی نێوان 9-13ی کانوونی یەکەم، کۆی گشتی حەوت هەزار و 621 پەنابەری سووری لە تورکیاوە گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکەیان.
 
یەرلیکایا گوتیشی، ''ئێستا دوو ملیۆن و 938 هەزار و 261 سووریایی لە وڵاتەکەماندا هەن''.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە