رەجەب تەیب ئەردۆغان: رێگە بە دابەشبوونی سووریا نادەین

15-04-2025
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، رێگە بە دابەشبوونی سووریا نادەن. لەبارەی دۆخی نێوخۆی وڵاتەکەیشی موژدەی دامەزراندنی 25 هەزار مامۆستا دەدات.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی سێشەممە، 15ـی نیسانی 2025 دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکومەت گوتارێکی لە ئەنقەرە پێشکێشکرد و لەبارەی دۆخی سووریا رایگەیاند: ''وەک چۆن رێگەمان نەدا رێڕەوی تیرۆر سووریا دابەش بکات، رێگە نادەین رێڕەوی دیکە ببێتە هۆی دابەشبوونی سووریا''.
 
سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی: ''هەر لایەک لەبەردەم سەقامگیری و ئاسایشی هەمیشەیی سووریا ببێتە بەربەست، راشکاوانە دەیڵێم، لە بەرامبەریدا هاوشانی حکومەتی سووریا، ئێمەش دەبینێتەوە''.
 
ئەردۆغان رایگەیاند، رووبەڕووی هەر "مەترسییەک" دەبنەوە کە هەڕەشە لە سنووری وڵاتەکەی بکات و گوتی: ''ئێمە لە پێناو سەربەخۆیی و ئاییندەمان، ئەگەر پێویست بکات، سەرمان لەسەری دادەنێین، بەڵام هەرگیز سەرمان بۆ ستەمکار شۆڕ ناکەین''.
 
سەرۆککۆماری تورکیا بەشێکی دیکەی گوتارەکەی تایبەت کرد بە کەرتی خوێندن و تێیدا موژدەی دامەزراندنی 25 هەزار مامۆستای لە وڵاتەکەی راگەیاند؛ ئاماژەی بەوەش کرد، لە داهاتوودا وەزارەتی پەروەردەی وڵاتەکەی زانیاریی زیاتر لەمبارەیەوە دەخاتەڕوو.
 
8ی ئایاری 2023، وەزارەتی پەروەردەی تورکیا 45 هەزار مامۆستای بۆ ساڵی خوێندنی 2023-2024 دامەزراند، لەنێویاندا 50 مامۆستای زمانی کوردی. ئەمەش یەکەم جار بوو ئەم ژمارە زۆرەی مامۆستای زمانی کوردی دابمەزرێت.
 
بەگوێرەی ئاماری ساڵی رابردووی وەزارەتی پەروەردەی تورکیا، لە تورکیا و باکووری کوردستاندا یەک ملیۆن و 168 هەزار و 898 مامۆستا هەن.
 
ئەمین ئای، گوتەبێژی دەستپێشخەریی مامۆستایانی کورد لە باکووری کوردستان و تورکی، 6ی شوباتی ئەم ساڵ میوانی بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، لەمبارەیەوە گوتی: "تاوەکو ئێستا 160 مامۆستای زمانی کوردی دامەزراون، بەڵام دوای دامەزراندنیان 50 مامۆستا پیشەکەیان گۆڕیوە و ئێستا تەنیا 110 مامۆستای کوردی هەن."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە