پەروین بوڵدان: دوای جەژن لەگەڵ ئەردۆغان کۆدەبینەوە

23 کاژێر له‌مه‌وپێش
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانتارێکی دەم پارتی دەڵێت، دوای جەژنی رەمەزان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆدەبنەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری، ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش کاریگەر دەبێت.
 
پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان و ئەندامی شاندی ئیمرالی، شەوی رابردوو لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا لەبارەی ئەگەری کۆبوونەوەی شاندەکەی ئیمرالی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: ''راستەوخۆ دوای جەژن لەگەڵ بەڕێز ئەردۆغان کۆدەبینەوە''.
 
نووسینگەی راگەیاندنی دەم پارتی رۆژی چوارشەممە، 12ـی ئاداری 2025 بڵاویکردەوە، شاندی ئیمرالی بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا داواکارییان پێشکێشکردووە.
 
سەرۆککۆماری تورکیا شەوی پێنجشەممە، 13ی ئەم مانگە، لە ئێوارەخوانێکی بەربانگدا لە پەرلەمانی تورکیا، لە کاتی چوونەژوورەوە تەوقەی لەگەڵ سری سورەیا ئۆندەر، پەرلەمانتاری دەم پارتی و بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کرد و هەندێک قسەیان بەیەکەوە کرد. 
 
بوڵدان لەمبارەیەوە گوتی: ''بەڕێز سەرۆککۆمار بە بەڕێز سری سورەیای گوتووە، ئەگەر کۆبوونەوەکە بخەینە دوای جەژن باشتر دەبێت''.
 
بوڵدان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری باسی لەوە کرد، چاوەڕوانی هەنگاوی کرداریین لە حکومەتی تورکیا؛  گوتیشی: ''ئاشتی شتێک نییە لە چەند رۆژێکدا بێتە دی؛ لە دۆخێکداین پێویستمان بە چاوەڕوانی و ئارامگرتنە؛ بێگومان هەموومان چاوەڕێی هەنگاوی کردارین و بۆ ئەمە پشووکورتین، بەڵام دەبێت چاوەڕێ بکەین''.
 
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی رایگەیاند، بۆ ئەوەی پرۆسەکە باشتر بەڕێوەبچێت، دەبێت چاکسازیی یاسایی لەبارەی زیندانییانی گرتووخانەکان بگیرێتەبەر، ''بۆ نموونە، ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ کاریگەریی ئەرێنی لەسەر پرۆسەکە دەبێت''.
 
فیگەن یوکسەکداغ و سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپە کە لە ساڵی 2016ەوە لە زیندانن، لەنێو ئەو 108 ئەندام و بەرپرسەی هەدەپەدان کە لە دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ دادگایی کران.
 
ئەو ئەندامەی شاندی ئیمرالی ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری، دەبێت هەموو پارتە سیاسییەکانیش بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن و رۆڵیان لە بەرەوپێشبردنی هەبێت.
 
شاندی دەم پارتیی ئیمرالی، رۆژی 27ی شوباتی 2025 لە ئیستەنبووڵ کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی سازکرد و بانگەوازەکەی ئۆجەلانی خوێندەوە. ئۆجەلان لە بانگەوازەکەدا بۆ پەکەکە گوتی: "کۆنگرەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە."
 
دوو رۆژ دواتر، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەرەبەیانی 1ی ئاداری 2025 رایگەیاند، پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەبن، بەڵام دەبێت ئۆجەلان خۆی سەرپەرشتی بەستنی کۆنگرە بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە

سەڵاحەدین دەمیرتاش: گرنگە تورکیا مافەکانی کورد لە چوارچێوەیەکی دەستووریدا جێبەجێ بکات

هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لە پەیامێکدا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری دەڵێت، دەبێت حکومەتی تورکیا لە چوارچێوەی یاسایی و دەستووریدا مەفەکانی کورد لە تورکیا دابین بکات. لەبارەی ئەگەری بەستنی کۆنگرەی پەکەکەش دەڵێت، "ئۆجەلان ناچێتە قەندیل و پەیامێکیان بۆ دەنێرێت."