رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی لەگەڵ شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کۆبووەوە.
کۆبوونەوەکە کاژێر 13:30 لە کۆشکی کۆماریی تورکیا لە ئەنقەرەی پایتەختی وڵاتەکە دەستیپێکرد و کاژێرێک و 25 خولەکی خایاند.
شاندی دەم پارتی لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری پارتەکە لە بازنەی وان و سرری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا (فراکسیۆنی دەم پارتی)،پێکدێت.
شاندەکە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگەی هەواڵگریی تورکیا و ئەڤکان ئاڵن، یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی کۆبوونەوە.
شاندی دەم پارتی پێش ئەوەی بچێتە نێو کۆبوونەوەکە قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.

پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە، سرری سورەییا ئۆندەر گوتی:" لە دیدارەکەدا زانیاری لەبارەی دوایین قۆناخی پرۆسەکە بە بەڕێز سەرۆککۆمار دەدەین".
ئۆندەر رایگەیاند، لەو باوەڕەدان زەوینەی سیاسەتی دیموکراسییانە و ئاشتی لەمەودوا هەنگاوی زۆر خێراتر و گرنگتری بۆ دەنرێت. گوتیشی: "ئێمە بە ویست و پێداگرییەوە پرۆسەکەمان گەیاندە ئێرە. زۆر بە پارێزگارییەوە جووڵاینەوە، هەمووانیش بەمشێوەیە جووڵانەوە. هەر بۆیە سوپاسگوزاری تەواوی وڵاتین".
پەروین بوڵدانیش رایگەیاند، "ئەمە یەکەمین جارە بەڕێز سەرۆککۆمار لەم بابەتەدا ئاڵوگۆڕی بیروڕامان لەگەڵدا دەکات. بیروڕای خۆی لەبارەی ئەوە کە چی بکرێت باشە، دەخاتەڕوو. ئێمەش زانیاریی لەبارەی تەواوی ئەو دیدارانە پێدەدەین کە سازمان کردوون. هیوادارین ئەمە بۆ تورکیا ببێتە مایەی خێر و ببێتە هۆکاری بەرقەرارکردنی ئاشتی".
کۆبوونەوەکە دوای ئەوە هات، دوێنێ چوارشەممە ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاکپارتیدا رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە پێشوازی لە شاندی دەم پارتی دەکات. ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتییە لەگەڵ ئەردۆغان دوای 13 ساڵ لە دوایین کۆبوونەوەی نێوانیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ