رووداو دیجیتاڵ
لە دوو رۆژدا نزیکەی نیو ملیۆن کەس لە رێگەی فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵەوە بۆ پشووی جەژن گەشتیان کردووە.
تورکیا رۆژی 10ی نیسانی وەکو یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان دیاریکردووە و دوو رۆژیشە پشووی نۆ رۆژەی جەژنی رەمەزان دەستیپێکردووە.
ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان لە تورکیا و هاونیشتمانییان لە باکووری کوردستان بۆ بەسەربردنی پشووی جەژنی رەمەزان گەشت دەکەن. بەو هۆیەوە قەرەباڵخییەکی زۆر لە رێگە سەرەکییەکانی نێوان شارەکان و فڕۆکەخانەکاندا دروستبووە.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ، رۆژی 5ی نیسان 222 هەزار و 72 کەس بە 1512 فڕۆکە، گەشتی ئاسمانییان کردووە. رۆژی 6ی نیسانیش 231 هەزار و 38 کەس بە 1448 فڕۆکە گەشتیان کردووە، واتە لە دوو رۆژدا 453 هەزار و 110 کەس لە رێگەی 2960 فڕۆکەوە گەشتیان بۆ شارە جیاوازەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کردووە.
هەر بە گوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ، چاوەڕوان دەکرێت رۆژی 7ی نیسان 278 هەزار و 688 کەس لە رێگەی 1416 فڕۆکەوە گەشت بکەن.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا پێشبینی دەکات، ئەم ساڵ زیاتر لە 10 ملیۆن کەس بۆ بەسەربردنی پشووی جەژن بە رێگەی وشکانی و بە سوودوەرگرتن لە ئۆتۆمبێلی کەسی خۆیان و پاسە گەشتیارییەکانی نێوان شارەکان و لە رێگەی فڕۆکەخانەکانەوە گەشت بکەن.
بهگوێرهی ئامارە فەرمییەکان، پار لە پشووی جەژنی رەمەزاندا زیاتر لە حهوت ملیۆن كهس له رێگهی پاسه گەشتیارییەكان، دوو ملیۆن كهس له رێگهی ئۆتۆمبێله تایبهتییهكانیان و یەک ملیۆن كهسیش به رێگەی ئاسمانی گهشتیان کرد.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا پلانی ئەمنی و سەلامەتی رێگەوبانەکانی راگەیاندووە و دەڵێت، بۆ رۆژانی پشووەکە 222 هەزار و 440 کارمەندی هێزە ئەمنییەکانی ئەرکدارکردووە و لەسەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستاندا بەسەر 116 هەزار و 200 تیم دابەشکراون و رۆژانە 12 هەزار و 612 تیم بە 20 هەزار و 611 کارمەندەوە لە ئەرکدا دەبن.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیش کردووە و لە 18 هەزار شوێندا تیمی تەندروستی و ئەمبوڵانسی گەڕۆکی خستووەتە ئامادەباشییەوە بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراوی تەندروستی و رووداوی هاتووچۆ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ