رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی تورکیا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، پێشتر و لەمەودواش تەواوی دامەزراوەکانی پەکەکە و یەپەگە دەکرێنە ئامانج و دەشڵێت "سەرجەمیان ئامانجی رەوای هێزەکانمانن."
یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا، دوای کۆبوونەوە ئەمنییە باڵاکەی ئێوارەی چوارشەممە (4ـی تشرینی یەکەمی 2023) کە هەریەک لە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت)، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆ و فەریقی یەکەمی روکن مەتین گوراک، سوپاسالاری تورکیا تێیدا بەشداربوون، پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە.
کۆبوونەوەکە لە بارەگای وەزارەتی بەرگریی دوور لە چاوی کامێراکان کرا. گولەر لە پەیامە ڤیدیۆییەکەیدا، گوتی "ئێمەی هێزە چەکدارەکانی تورکیا هەڵوێستمان لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر نەگۆڕ و جێگیرە و، لەسەر هەمان بنەمادا درێژە بە خەباتمان دەدەین."
یەشار گولەر باسی هێرشەکەی ئەنقەرەی کرد و گوتی "لە ئەنجامی بەدواداچوونی هێزە ئەمنییەکانمان، دەرکەوت هەردوو تیرۆریستەکە ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە/کەجەکە و یەپەگە/پەیەدە ـن و لە سووریاوە هاتوون."
کاژێر 09:30ـی بەیانیی رۆژی یەکشەممە (1ـی تشرینی یەکەمی 2023) هێرشکرایە سەر بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا لە ئەنقەرە.
دوای هێرشەکە، هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ئۆباڵی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت و لە راگەیێندراوێکدا ناسنامەی هێرشکارەکانی ئاشکراکرد و رایگەیاند، رۆژهات زیلان و ئەرداڵ شاهین کە "ئەندامی کەتیبەی فیدایی نەمران"ـن هێرشەکەیان کردووە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، گولەر هەڕەشەی لە پەکەکە و یەپەگە کرد و گوتی "وەک چۆن پێشتر دامەزراوەکانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە/کەجەکە و یەپەگە/پەیەدە لە عێراق و سووریا ئامانجی رەوای هێزەکانمان بوون، لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە، تەواوی دامەزراوەکانی ئەم رێکخراوە تیرۆریستییە جوداخوازانە لە عێراق و سووریا بەهەمانشێوە ئامانجی رەوای سوپای تورکیان."
ئەمە لەکاتێکدایە هەر شەوی رابردوو سابت محەممەد عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق لەسەر بانگهێشتی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی تورکیا سەردانی ئەنقەرەی کرد و بڕیارە لەگەڵ یاشار گولەر، هاوتا تورکییەکەی کۆببێتەوە.
لە دوای هێرشەکەی رۆژی یەکی تشرینی یەکەم، وەزارەتی بەرگریی تورکیا چەندین ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی لە ناوچەکانی مەتین، خواکوڕک، قەندیل و گارە لە هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، لەو ئۆپەراسیۆنانەدا 20 پەناگە، ئەشکەوت و کۆگەی پەکەکە بۆردوومان کراون؛ هەروەها باسی لەوە کردووە ژمارەیەکی زۆر گەریلا گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ