رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، بە ئەگەرێکی زۆرەوە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە بانگەوازە چاوەڕوانکراوەکەیدا، باسی چەکدانان دەکات.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی رۆژی چوارشەممە، 5ـی شوباتی 2025، لە درێژەی کار و چالاکییەکانی پارتەکەی لە ژێر ناونیشانی ''ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و دیداری ئازادی'' لە ئامەدی باکووری کوردستان گوتارێکی پێشکێشکرد.
باکرهان ئاماژەی بەوە کرد، هیوادارن ئەو گفتوگۆیانەی لەبارەی چارەسەرکردنی پرسی کورد دەستیانپێکردووە، بۆ ''پرۆسەیەکی ئاشتی'' بگۆڕێت.
هاوسەرۆکی دەم پارتی رەتیکردەوە ئەو گفتوگۆیانە لە پێناوی دووبارە هەڵبژاردنەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بێت و گوتی: ''ئێمە دەڵێین، چارەسەرکردنی پرسی کورد، بۆ هەموو گەلانی تورکیا هەلە و زەوینەیەکی زۆر گرنگ دەسازێنێت''.
باکرهان باسی لەوەش کرد، ئەوان نازانن حکومەتی تورکیا بە چ مەبەستێک گفتوگۆکانی لەبارەی چارەسەرکردنی پرسی کورد دەستپێکردووە، جەختیکردەوە، ئەوان لە پێناوی پرۆسەیەکی دیموکراسی هەموو هەوڵێک دەدەن.
هاوسەرۆکی دەم پارتی راشیگەیاند، ئەوەی وای کرد لە حکومەتی تورکیا پرسی کورد بخرێتە بەرباس، دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێکبخرێت، خەباتی کورد بووە، ''ئەگەر خەبات نەبووایە، ئەمڕۆ لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دۆخێکی دیکە لە ئارادا دەبوو''.
باکرهان داوای ئازادکردنی ئۆجەلانی کرد و رووی دەمی کردە سەرۆکی مەهەپە و گوتی، ''مادەم ئێوە بەڕێز ئۆجەلانتان وەک کەسێکی سەرەکیی گفتۆگۆ قبووڵ کرد، چۆن دەبێت لە گرتووخانەدا بێت؟ مادەم ئێوە وەک کەسی یەکەمی گفتوگۆ قبووڵتان کردووە، دەبێت گۆشەگیریی لەسەر هەڵبگیرێت''.
هاوسەرۆکی دەم پارتی سەبارەت بەو بانگەوازەی ئۆجەلان لە ماوەی داهاتوودا دەیکات گوتی، ''بە ئەگەرێکی زۆرەوە، پەیامێک بڵاودەکاتەوە کە تێیدا دەڵێت، با فیکر و سیاسەت قسە بکەن و شەڕ و پێکدادانەکان کۆتاییان پێبێت''.
چی روویدابوو؟
دەوڵەت باخچەلی رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی 2024 تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد؛ رۆژی 22ـی تشرینی یەکەمی 2024 هەنگاوێکی دیکەی نا و داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد بچێتە "پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت: تیرۆر کۆتاییهاتووە و رێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە،" دواتر داوای کرد، شاندێکی دەم پارتی سەردانی ئۆجەلان لە ئیمراڵی بکات.
شاندی دەم پارتی رۆژی 28ی کانوونی یەکەمی 2024 سەردانی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆبووەوە. رۆژی دواتر شاندەکە پەیامێکی لەسەر زاری ئۆجەلان بڵاوکردەوە، تێیدا جەختی لە بەهێزکردنی برایەتیی کورد و تورک کردەوە.
دوای ئەوە شاندەکە سەردانی بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی پەرلەمانی تورکیای کرد و لەگەڵیان کۆبووەوە.
شاندەکەی دەم پارتی بۆ جاری دووەم لە 22-01-2025 سەردانی ئیمراڵیی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبووەوە؛ دواتر پەیامێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "کارەکانی بەڕێز ئۆجەلان لەبارەی پرۆسەکە بەردەوام دەبێت. دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکان، پەیام بۆ رای گشتی بڵاودەکاتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ