رووداو دیجیتاڵ
لقی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی جۆلەمێرگ دەڵێت، لە گوندە سنوورییەکان، گوشار و زۆرداریی هێزە ئەمنییەکان لەسەر هاونیشتمانیان و پێشێلکارییەکانیان زیادیکردووە.
کۆمەڵەکە راپۆرتێکی سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکان لە گوندەکانی سنووری پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان بڵاوکردەوە.
راپۆرتەکە لە 29 لاپەڕە پێکهاتووە و بە ناونیشانەکانی "کۆچکردنی زۆرەملێ و دەرکردن لە زێد"، "گوشاری سەربازی و پێشێلکاری هێزە ئەمنییەکان"، "پێشێلکردنی مافە ئابوورییەکان"، "پێشێلکاری دژی ژنان"، "پێشێلکردنی مافی تەندروستی" و "پێشێلکردنی مافە پەروەردەییەکان" ئامادەکراوە و تێیدا سەرپێچی بەرامبەر خەڵکی ناوچەکە تۆمارکراوە.
سیبەل چاپراز، سەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی جۆلەمێرگ، رۆژی سێشەممە، (3ـی کانوونی یەکەمی2024)، لە شارۆچکەی گەڤەر راپۆرتی پێشێلکارییەکانی بڵاوکردەوە.
سیبەل چاپراز ئاماژەی بەوەدا، شاندێکیان بۆ دەستنیشانکردنی پێشێلکارییەکان پێکهێناوە و لەگەڵ گوندنشینان، دووکاندار و بەرپرسانی هێزە ئەمنییەکان لە خاڵە سەربازییەکانی گوندە سنوورییەکان کۆبوونەتەوە.
لە راپۆرتەکەدا نووسراوە، هێزە ئەمنییەکان ئامێری ئێکس-رای یان لە دەروازەی گوندە سنوورییەکان داناوە، بە مۆڵەتی موختار و بنکە سەربازییەکان رێگە بە چوونە ژوورەوە و دەرچوونی خەڵکی لە گوندەکانیان دەدەن. بە شێوەیەکی سنووردار رێگە بە هێنانی خۆراک دەدەن و هاونیشتمانیان رووبەڕووی کێشەی پشکنین دەبنەوە.
چاپراز هەروەها گوتی، "لە ناوچە سنوورییەکانی جوگرافیای کوردیدا بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و سیاسەتی ئەمنی و گوشارەکان؛ بەهۆی جیاوازی ئیتنیکی پێشێلکاریی مافەکان زۆرن. گەلی کوردی دانیشتووی ئەو ناوچانە لەڕووی ئاسایش، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەوە رووبەڕووی پێشێلکاری جۆراوجۆر دەبنەوە. بەتایبەتی ئەو کەسانەی لە ناوچە سنوورییەکان دەژین، بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە، ناتوانن بە ئاسانی هاتووچۆ بکەن".
سەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی جۆلەمێرگ دەڵێت، "لە ناوچەکەدا کۆچی زۆرەملێ و گوشاری سەربازی هەیە. دەستبەسەرداگرتن و تووندوتیژی، گەڕان بەنێو ماڵەکان، رێگریکردن لە کشتوکاڵ و راوکردن، رێگریکردن لە بازرگانی لە سنوور، رێگریکردن لە گەشەپێدانی ئابووری و وەبەرهێنان؛ هەروەها پێشێلکارییە ئابوورییەکان، پێشێلکردنی مافی ژنان و خزمەتگوزارییەکانی پەروەردە و تەندروستی تۆمارکراون".
سیبەل چاپراز ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ناوچانەی چاودێرییان کردوون، ئەو ناوچانە بوون کە لە کۆتایی ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو تاوەکو کۆتایی نەوەتەکان گوندەکانی چۆڵکران و رایگەیاند، "لەبری ئەوەی ئەم گوندانە دروست بکەنەوە، دەیانەوێت ئەو ناوچانە چۆڵ بکەن و خەڵک ئەوێ بەجێبهێڵن".
تاوەکو ئێستا، لایەنی فەرمی لە حکومەتی تورکیا، وەڵامی ئەم راپۆرتەی مافی مرۆڤی جۆلەمێرگی نەداوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ